سەرەکی » راپۆرت » هەمووان داوای ״گفتوگۆ״ دەكەن، بەڵام لە وردەكارییدا جیاوازن

هەمووان داوای ״گفتوگۆ״ دەكەن، بەڵام لە وردەكارییدا جیاوازن

راپۆرتی كۆتایی هەفتە

لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان و بەغدا لێدوانەكانیان لە بارەی تەئكیدكردنەوە لە پێویستی دەستپێكردنی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان وەك یەكە، بەڵام لەبارەی ناوەڕۆك و وردەكاریی گفتوگۆكانەوە، هێشتا جیاوازن.

هەرێم ئامادەیە و بەغدا ئامادە نییە
لە دوای رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەرەوە، هەرێمی كوردستان زیاتر لە بەغدا باسی گفتوگۆ و ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەكات، تەئكیدكردنەوە لەسەر پێویستی ئەم هەنگاوە و ئامادەیی هەرێم بۆ گفتوگۆ گەیشتۆتە ئاستێك نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە دوو رۆژی رابردوودا دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا راشكاوانە ئاماژەی بەوەدا «چەندینجار ئەوەمان دووبارە كردۆتەوە و خەڵكیشمان بێزار كردووە كە دەڵێین ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ، دووبارەی دەكەینەوە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا، بەڵام تائێستا هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان ئێمە و بەغدادا نییە و ئەوان ئامادە نین، ئەگەرنا ئێمە ئامادەین».

بەغداش بەردەوام تەئكیدی لێدەكاتەوە
بەهەمان شێوەی لێپرسراوانی هەرێم، لێپرسراوانی عیراقیش لە پێش هەموویانەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران چەندینجار لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكانیدا كە رۆژانی سێشەممەی هەموو هەفتەیەك دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رێكیدەخات «پێویستی دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان» پرسێكی سەرەكی قسەكانی بووە، بەڵام بە ئاوازێكی دیكەوە كە تێیدا هەندێك مەرج دووپات دەكاتەوە، لەوانە «پرسی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم، خاڵە سنوورییەكان و دەسەڵاتی فیدرالی لە سەرجەم ناوچەكاندا». لەدوو رۆژی رابردووشدا سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند: ئێستا پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق بەرەو ئاراستەیەكی راست هەنگاو دەنێت.

لایەنە سیاسییەكانیش هاوبۆچوونن
هاوكات لەگەڵ بۆچوونی رەسمیی هەردوولا لە ئاستی حكومیدا، بەهەمان شێوە بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی هەردوولاش بۆ پێویستی دەستپێكردنی گفتوگۆ وەكو یەكەو تائێستا نە لە ئاستی عیراق، نە لە هەرێم هیچ لایەنێك بۆچوونێكی پێچەوانەی ئەم ویستە نەخستۆتەڕوو. لەم چوارچێوەیەدا د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراقیش بەردەوامە لە هەوڵەكانی و لەماوەی رابردوودا زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لە هەولێر و سلێمانی و كەركوك كرد و ئێستاش كۆبوونەوەكانی لە بەغدا بەردەوامە.

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی گفتوگۆیە
جگە لە لێدوان و هەوڵە ناوخۆییەكان، لێدوان و هەوڵی لێپرسراوانی باڵای جیهانیش بەهەمان ئاڕاستەدایە، بۆ ئەو مەبەستەش لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ لێپرسراوانی بەغدا و هەرێمدا پشتیوانیی خۆیان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ دووپاتكردۆتەوە لەپێش هەمووشیانەوە ئەمریكا، سەرۆكی فەرەنسا، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا.

حكومەتی هەرێم: ئامادەی هاوكاری و هەماهەنگین
نوێترین باس و خواسی تایبەت بە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، روونكردنەوەیەكی سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
وتەبێژ لە روونكردنەوەیەكدا كە دوێنێ لە ماڵپەڕی رەسمیی حكومەتی هەرێمدا بڵاوكراوەتەوە، وەڵامی چەند بڕگەیەكی لێدوانەكانی دوو رۆژی رابردووی سەرۆك وەزیرانی عیراقی داوەتەوە.
عەبادی لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەیدا جارێكی تر تەئكیدی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كردەوە و باسی لەوەكرد «خەریكی وردبوونەوەن لە لیستەكانی مووچەخۆرانی هەرێم»، بەڵام وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت: حكومەتی فیدرال تائێستا هیچ لیستێكی لە حكومەتی هەرێم داوا نەكردووە، بۆیە ئاگادارنین و نازانین ئەوانە كام لیستانەن كە حكومەتەكەی بەڕێز عەبادی خەریكی لێوردبوونەوەیانە؟، ئاماژەی بەوەشداوە «خەڵكی كوردستان ئیتر باش لەوە تێگەیشتووە كە ئەوە لە لێدوانی میدیایی بترازێ، هیچی تر نییە».
دەربارەی بابەتی دەروازە سنوورییەكان و بەردەوامیی داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانیش، وتەبێژ دەڵێت: بەپێی مادەی 114 ی دەستوور، بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان بە تەنیا دەسەڵاتی حكومەتی فیدرال نییە، بەڵكو بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم بەڕێوە دەبرێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەمیشە رامانگەیاندووە كە حكومەتی هەرێم ئامادەی هاوكاری و هەماهەنگییە. دزەیی دووپاتیشیكردۆتەوە «هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە رایگەیاندووە، راستگۆیانە و بە نیازپاكییەوە داوای گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكات، بەڵام ئەوەی كە وەڵام ناداتەوە و تەنیا لە رێگەی میدیا و كۆنگرەی رۆژنامەوانییەوە بۆ پڕوپاگەندە، نەك بۆ چارەسەر، بەردەوام باسی چارەسەر و لێكگەیشتن و دەستوور و هاووڵاتیبوون و ئەو دەستەواژانە دەكات، بەڕێز عەبادییە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە هیچ خزمەتێك بە دۆخەكە ناكات و نابێتە هۆی چارەسەرێكی جددی بۆ كێشەكان، بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی بەردەوامیی ناسەقامگیری.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دۆسێی كۆنگرە گەڵاڵە دەبێت؟

خەریكە دۆسێی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تەواوەتی گەڵاڵە ...