سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ״هەڕەشە چارەسەر نییە״

سەرۆكی ئەمریكا مەرج بۆ كـشانەوەی هێزەكانیان دادەنێت

״هەڕەشە چارەسەر نییە״

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند دەكات بەسەر عیراقدا، لە ئەگەری ناچاركردنی سوپای وڵاتەكەی بەكشانەوەی لە خاكی عیراقدا.

״ناكشێینەوە״
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند: بنكەیەكی ئاسمانیمان لەو وڵاتە هەیە كە تێچووەكەی زۆر زۆرە‌و دامەزراندنەكەی پێویستی بە ملیارەها دۆلار بووە، بۆیە ئەگەر خەرجیی دروستكردنی بنكە ‌و بارەگا سەربازییەكانمان پێ نەدرێتەوە، ناكشێینەوە. روونیشیكردەوە: ئەگەر عیراقییەكان بەشێوەیەكی ئاشتییانە داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە خاكی وڵاتەكەیان نەكەن، ئەوا سزایەكیان بەسەردا دەسەپێنین كە هەرگیز لەمەوبەر نەیانبینیبێت، یان ئەگەر هەر كارێكی دوژمنكارانە بەرامبەرمان بكەن، سزای زۆر گەورە بەسەر عیراقدا دەسەپێنین.
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد: پارەیەكی زۆریان لە عیراق خەرجكردووە، رۆیشتن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خراپترین بڕیار بووە لە مێژووی وڵاتەكەیاندا، بەڵام لەوێن ‌و بۆ عیراقیش رۆیشتن.
لێدوانەكەی ترەمپ وەكو وەڵامدانەوەی داواكاریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دێت، كە لەدانیشتنێكی تایبەتدا بەئامادەبوونی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر، داوای لەحكومەتی وڵاتەكەی كرد، كۆتایی بەبوونی هێزە بیانییەكان بهێنێت لەسەر خاكی عیراق.

ئەمریكا: چاوەڕێی روونكردنەوەین
رۆژی یەكشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەران داوای لەحكومەتی وڵاتەكەی كرد كۆتایی بەبوونی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی وڵاتەكەی بهێنێت لەڕێگەی «رەتكردنەوەی داواكاریی هاوكاری» كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ شەڕی دژی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش پێشكەشی دەكرێت.
لە یەكەم كاردانەوەی رەسمیی ئەمریكاشدا سەبارەت بە بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران، مۆرگان ئۆرتاگوس وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: چاوەڕێی روونكردنەوەین دەربارەی سروشتی بڕیارەكە ‌و رێكارە یاساییەكانی، هەروەك داوای لە دەسەڵاتدارانی عیراق كرد كە چاوبخشێننەوە بەگرنگیی پەیوەندییە ئابووری ‌و ئەمنییەكانی وڵاتەكەیان لەگەڵ ئەمریكاداو بەردەوامیدان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ تێكشكاندنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش.

فەرەنسا: مانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
یەكەم كاردانەوەی ئەوروپاش دەربارەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەلایەن فەرەنساوە بوو، كاتێك جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، جەختی لەگرنگیی مانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی كردەوە بۆ بەردەوامبوون لەتێكشكاندنی داعش لەعیراق‌و سوریا. بەڵام بەپێی راگەیەنراوێكی نووسینگەكەی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق، عادل عەبدولمەهدی بەوەزیری دەرەوەی فەرەنسای راگەیاندووە كە ئێستا بەرپرسانی وڵات كار لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن، سەبارەت بەدەركردنی هێزە بیانییەكان لە عیراقدا.

بەریتانیا: مانەوەی هێزەكانمان
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، بەریتانیا داوای لە بەغدا كردووە تاكو رێگە بدات هێزەكانیان لەسەر خاكی عیراق بمێننەوە.
ئەوەشیان خستۆتەڕوو، كە ئەو داوایەی بەریتانیا لەپێناوی بەردەوامیدانە بەهەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی سەقامگیریی‌و ئاسایشی عیراق.

ئەڵمانیا: هەڕەشە چارەسەر نییە
هەر لەو رووەوە، هایكو ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، تەئكیدی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمریكا بەسەپاندنی سزا بەسەر عیراقدا لەئەگەری دەركردنی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لەعیراق، چارەسەر نییە، ئەوەشی وتووە: ئێمە ناتوانین لەڕێگەی هەڕەشەوە عیراقییەكان رازی بكەین، بەڵكو لەڕێگەی دیالۆگەوە ئەو كارە دەكرێت.

هەنگاوی یەكەمی كشانەوەی هێزە بیانییەكان
لیوا عەبدولكەریم خەڵەف وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی عیراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: حكومەتی عیراق ئامادەكاریی بۆ كشانەوەی هێزە بیانییەكان دەستپێكردووە، لەئێستا بەدواوە چالاكییەكانی هێزە بیانیەكان تەنها لەچوارچێوەی راوێژكاریی سەربازی دەبێت و هەموو سەربازە بیانییەكان عیراق جێدەهێڵن.
لیوا عەبدولكەریم خەڵەف ئاماژەی بەوەشكردووە كە حكومەتی عیراق جوڵە زەمینی و دەریایی و ئاسمانییەكانی هێزە هاوپەیمانەكانی راگرتووەو رێگەنادات بۆ هیچ شوێنێك ئاسمانی عیراق بەمەبەستی ئەنجامدانی چالاكی سەربازی بەكاربهێنرێت.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

print

 145 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*