سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی سی و نۆ

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

جەنگ و سینەما

لەناو گەرمەی شەڕی ناوەخۆدا بوو کە شاخمان بەجێ هێشت «قاسمەڕەش» و هاتینەوە ناوچەکانی بندەستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە رزگاری کردبوویەوە، ئیدی سلێمانی بووە شوێنی مانەوەو دەست کردن بەچالاکیی رۆژنامەڤانیی و سینەمایی.
پێش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان – ئیدارەی سلێمانی دابمەزرێت، بەتەواوی نەگیرسابووینەوە و شەڕ بەتوندی بەردەوام بوو، ئێمە لە بارەگاکانی حزبی زەحمەتکێشان دەماینەوە بەنموونە: لە عەقاری – خانووی قائیمقام، لە دارەسوتاوەکەش بارەگایەك هەبوو بۆ رۆژنامەی ئالای ئازادیی، لە هەوارە بەرزەش بارەگای تەلەفزیۆن و لە گردی عەلی ناجی- یش مەکتەبی سیاسی هەبوو، بەر لەوەی دەستبکەین بەکار و چالاکی و هێشتا یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش رۆژنامەی خۆی کە کوردستانی نوێ بوو دەرنەچواندبۆوە، یەکەم دەرچوونمان لە شوێنی مانەوەماندا بازاڕ و گازینۆی شەعب بوو، بەندە لەگەڵ رەوانشاد نووسەر و شاعیر ئیدریس شەیداهۆ و رێبوار کەرکوکی هەم بە ئیش و هەم بۆ پیاسە دەرچووین، شەیداهۆ پانتۆڵێکی کاوبۆی کڕیبوو دەیویست بیباتە لای بەرگدروویەك بۆی چاک بکاتەوە، منیش لە رێگادا بەرامبەر هۆتێل سلێمانی پاڵاس کە بە حەسیب ساڵح ناوی دەرکردبوو، بەشێك لە ئاوارەکانی ساڵی ١٩٩١ی کەرکوکی تێدابوو، لافیتەیەکم بەرچاوکەوت ناوی فیلمێکی سینەمایی کوردیی لەسەر نووسرابوو، کە وەك تابلۆی راگەیاندنی رۆژی نمایش بوو، خەنی بووم و لەدڵی خۆمدا ووتم ئەوە منیش دەچم بۆ بینینی ئەو فیلمە، فیلمەکە هی هونەرمەند «شۆڕش قادر» بوو.
کاکە رێبوار پەلەی بوو سەردانێکی شەعب بکەین، ئێمەش دەمانویست هەر کەس دوای ئیشەکەی خۆی بکەوێت و لە شەعب یەکتری ببینینەوە، گەیشتینە سەرا- سەنتەری شار، شەیداهۆ ووتی؛ من دەچم پانتۆڵەکەم چاک دەکەم، منیش هەر ئەوەندەی لەزارم دەرچوو ووتم؛ دەچمە سینەما، هەردووکیان لێیان لە هەڵادام و بەدەنگی بەرز و دەست بەرزکردنەوە و توڕەبوون و چاوسورکردنەوە، چاوم چووە تۆقی سەرم، هەر بەردەوام بوون و بە دەنگی بەرز؛ چیەکەی؟ سینەمای چی و حاڵی چی و تۆ وەرە تووشی چی بووین؟!. منیش لە دەرفەتێک دەگەڕام ئەوان بێ دەنگ بن و ئینجا نۆرەی من بێت و پێیان بڵێم؛ ئەرێ کاکە ئێوە چیتانە؟ بۆ ئەوەندە دژی فیلم و میلمن؟ دەمویست قسە بکەم، دیسان هەڵیاندایێ و ئەرێ کاکە خۆمان بووین بەسینەما تۆ وەختی ئەوەیە باسی سینەما دەکەیت؟ شەیداهۆ ووتی؛ من ناچم بۆ لای بەرگدروو، رێبواریش ووتی؛ منیش ناچمە شەعب، هەر من مامەوە، ووتم؛ باشە ئێوە چی دەکەن بیکەن، من دەچمە سینەما و هەر دەبێ ئەو فیلمە ببینم، کاکە دیسان بوو بە هەراو خەریك بوو خەڵك لێمان تێدەگەیشتن، شەیداهۆ بە هەولێری و رێبواریش بە کەرکوکی قسەیان دەکردوو سور هەڵگەڕابوون نەیاندەزانی چۆن من پەشیمان بکەنەوە و نەچمە سینەما، دواجار رێبوار ووتی؛ کاکە من بەرپرسی حزبیم و تۆ نابێت بچیت بۆ سینەما، ئەمجارە من چاوم ئابڵەق بوو، بەرپرسی چیت؟ لێناگەڕێیت بچمە سینەما؟ تۆ کێی؟ خەریك بوو دەنگە دەنگ دەست پێبکاتەوە، شەیداهۆ بە پەنجەکانی قژی لول دەکردوو سەیرێکی من و رێبواری کرد و نەختێك ئارام وتی: کورت و کرمانجی نابی بچیت؟!، رێبواریش مەبەستەکەی وردکردەوەو ووتی؛ کاکە تۆ بۆ وامان لێدەکەیت، ئێستا کەی وەختی سینەمایە ئاخر رەوایە تۆ ئێمە ببەیتە سینەما تا فیلم تەواو بێ و بێینە دەرەوە پارتی سلێمانی کۆنتڕۆڵ کردبێتەوە؟ باشە تۆ پێمان بڵێ ئێمە ئەوکاتە چی دەکەین؟، تۆ چیمان بۆ دەکەیت؟ ئیتر بەو قسانە دڵم ئاوی خواردەوە و هەناسەیەکم هەڵکێشاو ووتم؛ ئێوە لەوساکەوە گەڕتان بەمن گرتووە هەر لەبەر ئەوەبووە؟ وتیان کاکە بۆ ئەوە کەمە.! بیرم کردەوە ئێمە خۆ هەر لێرەین لێرەین، با ئەمجارە بەقسەی ئەوان بێت و رۆژێكی تر خۆم بەتەنیا دێم، ئەوەبوو نە شەیداهۆ پانتۆڵەکەی چاکردەوە و نە رێبواریش چووە شەعب و نە منیش چاوم بە فیلمەکە کەوت.

کۆیە بەرەو سلێمانی
وارێکەوت سەردانێکی کۆیەمان کرد و لەوێش لە نزیك قشڵەی کۆیە بارەگای زەحمەتکێشان لەناو خانووی قائیمقام دابوو، شەو لەوێ ماینەوە و بەیانی زوو رێبوار، من و شەیداهۆی وەئاگا هێنایەوە و ئێمە خۆمان هەردەبوو ئەو رۆژە بگەڕێینەوە سلێمانی، چوون هەوڵی دامەزراندنەوەی تەلەفزیۆن و دەرچواندنەوەی رۆژنامەی ئاڵای ئازادیی لە ئارادابوو، ئەوەبوو رێبوار بە پەلە پروزێ هاتە لامان و ووتی؛ شەڕە؟!. وتم: شەڕی چی؟ ووتی؛ پارتی هێرشی کردۆتەوە و دەیەوێت دیسان کۆیە بگرێتەوە.
هەستام و بەتانی و سەرینێکی بچکۆلەم پێچایەوە و کردمە پشتم و قیت و قۆز ساز و ئامادە هاتمە دەرەوە سەیردەکەم لە بەردەم بارەگە، شلەخەجێیەک راجیمەی لەسەرە و چەند شلەخەجێیەکی تریش ریزبوون و رووەو هەولێر بەڕێدەکەون، دەنگی تەقەش دێت، وتمان خواحافیزی لە کاک قادر عەزیز سکرتێری حزب دەکەین و ئێمە دەڕۆین، رێبوار لەگەڵماندا هات بۆ لای کاک قادر پێموابێ ئۆتۆمبێلیان لای فیتەر بوو، گەیشتینە لای و دوای چاک و چۆنی، رێبوار ووتی؛ کاک قادر برادەران دەگەڕێنەوە سلێمانی و منیش لەگەڵیان بچم باشە، کاک قادر روی کردە رێبوار و دەیزانی ترسی گەیشتۆتێ و هێرشەو برادەرانی دەڕۆنەوە سلێمانی و دەرفەت نامێنێت لەگەڵماندا بێت، خێرا پێی ووت؛ تۆ شەرم ناکەیت شەڕەو دەڵێی دەچمە سلێمانی؟ دەبوو ئێستا بیکەیسی و ئاربیجیت پێبوایە و لە پێشی پێشەوە بای؟ رێبوار خۆی بۆ نەگیرا و یەکسەر ووتی: بۆ کاک قادر تۆ من بەکێ تێگەیشتووی؟ من مامە غەفە و فاقە مەخموریم! هەموو دایانە قاقای پێکەین و کاک قادر دەستی لەسەر شانی رێبوار داناو ووتی؛ بڕۆ ئاگات لێیان بێت. رێبوار ووتی: منیش بڕۆم؟ ئا ئا تۆش بڕۆ، ئەی ئەوە نیە سەعاتێکە دەپاڕێیەوە لەگەڵیان بچیت، دەبڕۆ، رێبوار گەشایەوە و خێرا چووینە گەراج و بە ئۆتۆمبێلێك رۆیشتین دە دوانزە نەفەری هەڵگرتبوو، گەیشتینە کۆتاییەکانی لۆفەی هەیبەت سوڵتان، دوو گولە تۆپ کەوتنە ناو کۆیە و تەپو تۆزیان بەرەر ئاسمان بەرزکردەوە، رێبوار خەنی بوو؛ هێێێێێێ بەخواچابوو، بە توڕەییەوە ئاوڕمان لێیدایەوە، یەکسەر ووتی: چانە بوو دەرچووم؟!.
لە سلێمانی شەیداهۆ چووە ماڵی برادەرێکی و من و رێبوار لە سەهۆڵەکەوە کەوتینەڕێ، رێبوار دەویست من بباتە قەڵاچۆلان و چوارتا و ئەو شوێنانە کە تەنها ناویانم بیستبوو نەمدەزانی دەکەونە کوێ.
خۆر داکەوت و بەبەردەم ئاشتی پاڵاس بەرە و یانەی فەرمانبەران بەڕێکەوتین، لەبەردەم یانەی فەرمانبەران لوتمان چەقی بەلوتی برادەرێکی رێبوار و ئێمەی بینی بە پشتەکۆڵە یەکسەر بە رێبواری ووت؛ ئەمە چیە کاکە بەرەو کوێ؟ رێبوار ووتی: پارتی هێرشی کردوە و بەرەو دوکان و سلێمانی دێت، کابرا بەریدا و هەرچیەکی خواربوویەوە هاتەوە سەر سفر و ووتی؛ مەگەر بەسەر لاشەکەی مندا بێت، چۆن شتی وا دەبێت؟!.

print

 81 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*