سەرەکی » هەواڵ » عیراق؛بەئامانجگرتنی چالاكوانانی مەدەنی

شرۆڤەی رۆژ

عیراق؛بەئامانجگرتنی چالاكوانانی مەدەنی

هەواڵ و بەدواداچوون

ساڵ بە ساڵ ئامارەكان لە بارەی دۆخی عیراقەوە زیاتر دەبنە جێگەی نیگەرانی، بەجۆرێك لەهەر ئامارێكدا كە نەتەوە یەكگرتووەكان بەتایبەت لەلایەنی گەندەڵی و بێكاری و ئازادی رۆژنامەوانی و…تاد. بڵاویدەكاتەوە، عیراق وەك یەكێك لە خراپترین وڵاتان لە ریزبەندییەكەدا دەردەكەوێت. بەجۆرێكیش هەموو ئەو ئامارانە لێكەوتەی خراپیان بۆ حكومەت و خەڵكی ئەو وڵاتە دەبێت.
ئامارەكانی گەندەڵی و بێكاری لە عیراق، دۆخی ئەو وڵاتەی گەیاندە لێوارێكی مەترسیدار، بەجۆرێك لە كۆتایی ساڵی رابردوودا تاوی ئەو ئامارانە لە ژیانی هاووڵاتیانی عیراق زیاتر لەهەر كاتێكی تر رەنگیان دایەوە، ئەمەش وایكرد كە لە بەغدای پایتەخت و چەندین شاری تر، خەڵك بڕژێتە سەر شەقامەكان و داوای هەڵوەشانەوەی حكومەت بكەن، ئێستاش كە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بەردەوامن، ئامارێكی مەترسیدار لە ئارادایە، ئەویش بەهۆی هەڵوێستی هێزە ئەمنییەكانەوە زیاتر لە 500 كەس كوژراون و 20 هەزار كەسیش بریندارن، لە نێو ئەو قوربانیانەدا، ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانییە، بە ئامانجگرتنی چالاكوانان و رۆژنامەنووسانە، ئامارەكان دەریدەخەن تائێستا زیاتر لە 48 چالاكوان لەلایەن گروپە چەكدارەكان و هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون. داویین كوژراوانی چالاكە مەدەنی و رۆژنامەنووسان لە عیراق، پەیامنێر و وێنەگری كەناڵ دیجلەبوون لە بەسرە.

لە عیراق بەوپێیەی رێكخراوەكانی مەدەنی زۆر كاریگەر نین، مەیدانەكە زیاتر بۆ گروپە چەكدارەكان و هێزی چەكداری فەراهەمترە، وای كردووە تەنانەت ئەو دەنگانەشی وەك چالاكی مەدەنی دەردەكەون، بەزوویی كپ بكرێن.
خۆپیشاندانەكانی سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە گروپە چەكدارە خاوەن دەسەڵاتەكان، لەو شوێنانەی كە دەسەڵاتیان هەیە، چالاكوانی زیاتر دەكەنە ئامانج و خەڵتانی خوێنیان دەكەن، بەڵام بەپێچەوانەوە لەو شوێنانەی كە دەسەڵاتێكی كەمتریان هەیە شتەكە پێچەوانەیە.
لە بەغدا وێڕای ئەوەی لایەن و هێزی چەكداری زۆر هەن كە دەسەڵاتیان هەیە و چالاكوانێكی زۆریشیان كردۆتە ئامانج، بەڵام لە شارێكی وەك بەسرە كە هەرە زۆرینەی دانیشتووانەكەی شیعەن، زەمینەكە زیاتر لەبارە بۆ هەر كارێك گروپە چەكدارەكان بیانەوێت ئەنجامی بدەن. ئەوان ئەوەندەی پێیان بكرێت و لە دەستیان بێت دژ بە دەنگە ناڕازییەكان كار دەكەن، بەڵام لەگەڵ خۆشیاندا هێندەی تر پرسیار لەسەر بوونی هێزە ئەمنییەكانی ئیدارە خۆجێییەكان دروست دەكەن، كە گروپە چەكدارەكان بە دەسەڵاتترن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*