سەرەکی » زانست » پێڵاوی رووەكیی شۆڕشێكی تەكنەلۆژیی لە سەرەتای 2020 دا

پێڵاوی رووەكیی شۆڕشێكی تەكنەلۆژیی لە سەرەتای 2020 دا

دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 دا خواردنی ڕووەكیی هاوڕیی ژینگە، جیهانی ژەمە خێراكانی داگیركرد، پسپۆڕان دوپاتیدەكەنەوە: لەمساڵدا بەرهەمە ڕووەكییەكان دەچنە پیشەسازیی پیڵاوەوە.
كۆمپانیای (ریبوك) كە كۆمپانیای ئەدیداس خاوەنێتی یەكەمین بەرهەمی خۆی ئاشكراكرد كە پێڵاوێكی وەرزشییە و بە تەواوی لە ماددەی ڕووەكیی دروستكراوە و بڕیارە لەم ساڵدا بخرێتە بازاڕەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی ئەو كۆمپانیایە بەشی سەرەوەی پێڵاوەكە لە ماددەكانی درەختی كافور دروستكراوە و بەشیی خوارەوەشی لەتۆوی گەرچەك و لاستیكی سروشتیی دروستكراوە.
یەكەمین نمایشكردنی ئەو پێڵاوە وەرزشییەش دوای دووساڵ دەبێت لە یەكەمین ئاشكراكردنی كۆمپانیای (ریبوك) بۆ وێنە ڕووەكییەكەی ئەو پێڵاوە كە شێوەكەی لە پێڵاوی كلاسیكیی(نیو پۆرت)ەوە وەرگیراوە كە لەلۆكە و گەنمەشامیی دروستكراوە، بەڵام ئەم جۆرەی دووەمیان پێڵاوێكی ئاسایی بووە نەك وەرزشیی.
لەگەڵ بەرهەمهێنانی یەكەمین پێڵاوی وەرزشیی(مات ئوتول)ی سەرۆكی كۆمپانیای (ریبوك) ئاشكرایكرد كە ئەو پێڵاوەی ناونراوە (فلەت ڕاید گرو)زۆر تۆكمەیە و ئامادەیە بۆ ئەوەی لە كاتی وەرزشكردندا بەكار بهێنرێت.
ئۆتۆل وتیشیی» میكانیزمی تاقیكردنەوە تایبەتەكانمان دەریخست كە ئەو پێڵاوە ڕووەكییە نوێیە لەبەرامبەر هەموو جووڵە وەرزشییە جیاوازەكاندا خۆڕاگر و قایمە هەروەك پێڵاوە وەرزشییەكانی پێشوومان».
پێویستە بووترێت هەردوو كۆمپانیای(ریبوك و ئەدیداس)یەكێكن لەكۆمپانیا بەناوبانگەكانی بواری بەرهەمهێنانی كەلوپەلی وەرزشیی كە بیرۆكەی بەرهەمی ڕووەكیی و هاوڕێی ژینگەیان كردووەتە بەرنامەی كاریانەوە لە بەرهەمهێنانی پێڵاو و جلوبەرگی وەرزشییدا، ئەمەش ئاراستەیەكی بازرگانیی چاوەڕوانكراوە بۆ ساڵانی داهاتوو.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا و بەپێی بەدواداچونێكی پێگەی(BBC) بە تەنها لە ویلایەتەیەكگتووەكانی ئەمریكا ساڵانە دانیشتوانی ئەو وڵاتە نزیكەی (300) ملیۆن جووت پێڵاو فڕیدەدەن.
لەمبارەیەشەوە ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریكا دەڵێت»لە ساڵی 2017دا كێشی ئەو پێڵاوانەی فڕیدرابوونە ناو زبڵدانەكانەوە نزیكەی (8.9)ملیۆن تەن بووە، ئەمەش واتای (%17.6)كۆی ئەو خاشاكانە بووە كە فڕیدراون.
هەر لەبەر ئەو هۆیەش بووە كە كۆمپانیاكانی دروستكردنی پێڵاو بەرەو ئاراستەی بەرهەمی هاوڕێی ژینگە چوون بۆ دروستكردنی بەرهەمە نوێیەكانیان، ئەمەش بەكارهێنەران و ئەوانەی خاوەن «هۆشیاریی ژینگەیی»ن هان دەدات بۆ كڕینی ئەو بەرهەمانە.

سەرچاوە: sky news

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*