سەرەکی » وەرزش » ئەگەر گیانی وەرزشیی کلیلی چارەسەری کێشەکان بێت، ئاڵۆزییەکان گەورە نابن

ئەگەر گیانی وەرزشیی کلیلی چارەسەری کێشەکان بێت، ئاڵۆزییەکان گەورە نابن

ئومێد محەمەد پیرۆت

گرژی و ئاڵۆزییەکان لەنێو یاریگاکاندا لەلایەن وەرزشکارانەوە لەدایکبووە، هەڵقوڵاوی کەشێکی ئاڵۆزی کۆمەڵگەیە، چونکە کێشە گەلێکی زۆر خۆی خزاندۆتە نێو هەموو بوارەکانی ئەو کۆمەڵگایەو هەر لە وەرزشەوە تاکو هەموو بوارەکانی تر، ئەوەش بەهۆی پەیوەندی خراپی لایەنە سیاسیەکان و کێشەو گرفتمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و چەندین کێشە کەسەرو دڵی تاکی ئەم هەرێمەی گرتووە و پەیوەندیی بە بارودۆخی ڕابردووەوە هەیە، لەو قەیرانانەی کەتوشی هاتین بۆ نموونە شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، هەڕەشەی داگیرکەرانیش لەولاوە بوەستێ.
لەبەرئەوە ناتوانین دان بە وتەی خەڵکانی ناوەرزشکاردا بنێین، کەدەڵێین: وەرزش هەمووی گرژی و ئاڵۆزی و گیانی ڕق و قینەیە، کەواتە ئەوە وەرزش نییە لە م کۆمەڵگەیە ڕۆڵ لە گرژی نێوان تاکەکاندا دەگێڕێ، بەڵکو ئەوە هەڵسوکەوتی تاکی نێو کۆمەڵگایەکی شپرزەیە، ئەم قسەو باسانە لەکاتێکدا بەڕووی وەرزشکاراندا دەدرێتەوە و دەگوترێت کە وەرزشکاران ناوماڵیان ڕێک و پێک نییە، ئەگەر هەمووان پێکەوە هەوڵ بۆ بەرەو پێش بردنی بوارەکە نەدەن و هەرکەسەو خۆی پێ شت بێت و کەس حساب بۆ ئاست و تواناو زیرەکی خزمەتی ئەوی تر نەکا ئەوە کارەساتە.
بەداخەوە من سەرەداوەکانی شکستی بەرەو پێش چوونی وەرزش دەگێڕمەوە بۆ ناتەبایی و دووبەرەکی و یەکتری نەخوێندنەوە، چونکە ئەمانەی باسم کردن جۆرێکە لەو ڤایرۆسەی کە نێوانی وەرزشکاران بەرەو هەڵدێر دەبات و هەرکەسەو لە جەمسەرێکەوە خزمەت دەکات، بەڵام بەشێوەیەک هەمووان لەجەمسەری خۆیانەوە حساب بۆ جەمسەرەکانی تر ناکەن، هەربۆیە ژمارەیەک لەوان کاتێک لەخۆبایی بوون دەیانگرێ و خزمەتی ئەوانی تر لە تاریکاییدا سەیردەکەن، کە خۆیان کەوتونەتە ناوی، ئەگەر خزمەت و کاری بەرامبەرەکانیان لە ڕووناکایشدا بێت، وا نیشان دەدەن کە نابینن و چاو لە ئاست خزمەت و کارە جوانەکانی یەکتریشدا دەنوقێنن.
ڕەنگە لێرەو لەوێ بەرگوێمان بکەوێت، یان بەرچاومان بکەوێت، وەرزشکاران خۆبەخۆ هەڵچونەکانیان یان دەربڕینەکانیان بەرامبەر یەکتری جۆرێک یان شێوازێک لە گیانی ناوەرزشی پێوە دیار بێت، بەڵام دەکرێت ئەمانە بخەینە ناو چوارچێوەی پێگەیشتنی خودی وەرزشکار لەناو کۆمەڵگەیەک کە ئەو توندوو تیژی و زوڵم و زۆرداریانەی بەرامبەر ئەم نەتەوەیە کراوە کاریگەریەکانی هێشتا ماون و دەکرێت، گلەییەکە لێرەوە بەم شێوەیەیە: ئایا دەکرێت هەر گرژی و ئاڵۆزیەک لەنێوان وەرزشکاراندا ڕووبدات و هەر بارێکی نەخوازراو درزی لێک تێنەگەیشتنیان داگیر بکات، بیکەینە بیانوو بۆ ئەوەی تەواو کێشەکان گەورە بکەین و بەسەرکەوتن و ژێر کەوتن کۆتایی بەکێشەکان بهێنین؟ لەکاتێکدا بواری وەرزش هەمووی لێبوردن و دەست لەملی یەکتر کردنەو هەمووی کارکردنە لەپێناو نزیکبوونەوەی تاکەکان و چاندنی تۆوی خۆشەیستی و بەخشینی چێژو خۆشی و کاتێک بواری وەرزش بەم شێوەیە بێت، لێک جوودایی بۆ؟ دوور کەوتنەوەی وەرزشکاران لەیەکتری و چاڵ هەڵکەندن بۆ بەرامبەرەکان بۆ؟ نەخوێندنەوەی کەسانی بەتەمەن لەنێو بواری وەرزش و سود وەرنەگرتن لە ئەزموونیان بۆ؟ دیوارێکی هەڵچنراو ئەستور لە نێوان وەرزشکاران لەکاتی دروست بوونی کێشەو گرفتەکان بۆ؟ لەکاتێکدا بواری وەرزش کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانی خستۆتە نێو دڵی ئارەزوومەندەکانی خۆی، ئەویش لەهەر کێشەو گرفتێکدا ئەو گیانە وەرزشییە پێویستە دەرگاکانی بەم کلیلە بکرێتەوەو گەورەترین کێشە بچووک بکەینەوە لەئاست گەورەیی گیانی وەرزشی.
ئەوەتا لەوڵاتانی تر لە گەورەترین ئاڵۆزی نێوان وەرزشکاراندا تەنها بەیەک دەست لەمل کردن کۆتایی بە هەموو ئاڵۆزیەکان دێت و گیانی وەرزشی دەکەن بە دادوەری نێوانیان،بەڵام ئێمە لەکوردستاندا بەداخەوە هێندە سەرنجمان لەسەر گەورەکردنی کێشەکانە، نیو هێندە نایەین وەرزش بکەین بە بنەمایەک بۆ لێک تێگەیشتن و بەرەو پێشچوونی وەرزش و تەبایی کۆمەڵایەتی و وەرزشی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*