سەرەکی » دۆسێ » ئەوروپا پابەندبوونی ئێران بە رێكەوتننامە ئەتۆمییەكە بە پێویست دادەنێت

میكانیزمێكی نوێی هەیە

ئەوروپا پابەندبوونی ئێران بە رێكەوتننامە ئەتۆمییەكە بە پێویست دادەنێت

ئەوروپاییەكان هەوڵدەدەن، هەرچۆنێك بێت ئێرانییەكان بگێڕنەوە بۆ پابەندبوون بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، نگیەرانی خۆشیان بەرانبەر بە دەستبەرداربوونی ئێران لە پابەندبوونی بە رێككەوتنەكە دەردەبڕن.

میكانیزمێكی نوێ‌
یەكێتی ئەوروپا میكانیزمێكی نوێ‌ و پڕ لە گوشار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئێران دادەڕێژێت، تا حكومەتی تاران ناچاربكات پابەندی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بێت.
جۆزیف بۆرێل لێپرسراوی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە 14ی كانوونی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو:”ئامانجی میكانیزمی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان نییە. ئەم میكانزیمەمان چالاككردووە تا ئەو كێشانە چارەسەربكەین كە پەیوەستن بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی هاوبەشی تایبەت بە ڕێككەوتنەكە. پێموایە دەبێت ئەوە ڕوونبكرێتەوە كە ئامانجی ئەم كارە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەكانە و گەڕانەوە بۆ پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكەوە”.
بە كوێرەی هەواڵسێ وڵاتە زلهێزەكەی ئەوروپا (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) داڕێژەری ئەو میكانیزمەن و جۆزیف بۆرێل، لێپرسراوی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپایان وەك سەرپەرشتیاری میكانیزمەكە دیاریكردووە.

نیگەرانییەكانی ئەوروپا
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، هۆشداریی دابوو لە دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی لەیەن ئێران، گەر وڵاتەكە بەردەوام بێت لەسەر پێشێلكردنی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە.
جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە 10ی كانوونی دووەمی 2020 رایگەیاند”گەر ئێران لەسەرپێشێلكردنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 بەردەوام ببێت، دەتوانێت لەماوەی ساڵێك یان دوو ساڵ، ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی”.
بە گوتەی لۆدریان”ئێرانییەكان لەمڕۆدا لە دۆخێكدان ڕێگەیان پێنادرێت ببنە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام گەر بەردەوامبن لەسەر پێشێلكردنی ڕێككەوتنەكەی ڤیەننا، ئەو دەمە دەتوانن تا ڕادەیەك لەماوەیەكی كورت، لەنێوان ساڵێك بۆ دوو ساڵ، ببنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی”.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ساڵی 2018 بەشێوەیەكی تاكلایەنە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی پاشەكشەی كرد كە لە ساڵی 2015دا لەلایەن (ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕوسیا و چین و ئەڵمانیا) لەگەڵ ئێراندا واژۆكرا، بەڵام دوێنێ‌ پێنج شەممە، تاران ڕایگەیاند، بەشێوەیەكی تەواوەتی دەستبەرداریی ڕێككەوتنەكە ئەتۆمەییەكە دەبێت و چالاكییەكانی لەو بوارەدا دەستپێدەكاتەوە.
ئێران دەستبەرداربوون لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە
سەرۆكی ئێران، زیادكردنی گاز بۆ ئامێرەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی (فۆردۆ)، وەك هەنگاوی چوارەم بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی وڵاتەكەی بە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015، راگەیاندبوو، هەر ئەمەش نیگەرانی لای ئەوروپاییەكان دروستكرد.
حەسەن رۆحانی، سەرۆكی ئێران لە 5ی تشرینی دووەمی 2019 لەوتارێكیدا كە لەڕێی تەلەفزیۆنی رەسمی وڵاتەكەوە بڵاوكرایەوە رایگەیاندبوو»دەمانەوێت بە رەسمی هەنگاوی چوارەم بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونمان بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015 هەڵبنێین».
دوابەدوای ئەوەش لە 6ی تشرینی دووەمی 2019، دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئیرانی هەنگاوی چوارەمی بۆ كەمكردنەوەی پابەندییەكانی بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەوە، جێبەجێ‌ كرد.
حەسەن رۆحانی رایگەیاندبوو»دامەزراوەی وزەی ئەتۆی ئیرانی هەنگاوی چوارەم بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەوە جێبەجێدەكات، ئەمەش بە زیادكردنی گاز بۆ ئامێرەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی (فۆردۆ)، دەكرا ئەم هەنگاوە هەڵنەنرێت، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا بڕیاری پابەندبونیان بە رێككەوتننامەكەوە رابگەیاندایە.
لە 31ی تشرینی یەكەمی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رێكارەكانی هەنگاوی چوارەم دەگرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێكەوتننامە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015.
لەماوەی چەند مانگی رابردوو، دوو دەزگای نوێی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دامەزرا كە تێیاندا یۆرانیۆم بەڕێژەی 10% بەراورد بە پێشوو دەپیتێرێت.
عەلی ئەكبەر ساڵحی، سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران لە 4ی تشرینی دووەمی 2019، لەمیانی سەردانێكیدا بۆ دامەزراوەی (نەتەنز) لە پارێزگای ئەسفەهان رایگەیاندبوو»لەماوەی دوو مانگی رابردوودا، دوو دەزگای نوێی پیتاندنی یۆرانیۆمیان دامەزراندووە كە تێیاندا یۆرانیۆم بەڕێژەی 10% بەراورد بە پێشوو زیاتر، دەپیتێرێت».
چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نە خاوبونەتەوە و نە راگیراون، لە ئێستاشدا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پێنج كیلۆگرام بەرزكراوەتەوە.
سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندبوو»چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نە خاوبونەتەوە و نە راگیراون، لە ئێستاشدا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمان بۆ پێنج كیلۆگرام بەرزبووەتەوە».
لە مانگی ئایاری 2018، ئەمریكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران پاشەكشەی كرد و بە چەند قۆناغێك سزاكانی بەسەر ئەو وڵاتەكەدا سەپاندەوە.
بەپێی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، رێگە ئێران درابوو، تائاستێكی دیاریكراو یۆرانیۆم بپیتێنێت كە بڕەكەی 300 كیلۆگرام و ئاوی قورسیش لە 130 تۆن زیاتر نەبێت، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریكا پاشەكشەی كرد لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە، تاران پابەندبونی بە رێككەوتنامەكەوە كەمكردەوە و دەستیكردەوە بە پیتاندی یۆرانیۆم.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*