سەرەکی » دۆسێ » حەفتەر و سەراج لەسەر ئاگربەست لە لیبیا نەگەیشتنە ئەنجام

هەوڵەكان بەردەوامن

حەفتەر و سەراج لەسەر ئاگربەست لە لیبیا نەگەیشتنە ئەنجام

دوای شكستی كۆبوونەوەكەی مۆسكۆ بۆ مەبەستی ئاگربەست لە لیبیا، حكومەتی ئەڵمانیا بڵاویكردبووەوە كە هەریەك لە فایز سەراج سەرۆكی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی و موشیر خەلیفە حەفتەر فەرماندەی گشتی سوپای نیشتمانی بۆ كۆنگرەی تایبەت بەپرسی لیبیا لە بەرلین بانگێشتكردووە.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی (روسیا الیوم) لە 14ی كانوونی دووەمی 2020، حكومەتی ئەڵمانیا ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی لەبەرلینی پایتەختی وڵاتەكەی بۆ چارەسەركردنی پرسی لیبیا راگەیاند و هەریەك لە فایز سەراجی سەرۆكی حكومەتی ویفاقی نیشتیمانی و خەلیفە حەفتەری سەركردەی سوپای نیشتیمانی ئەو وڵاتەی بۆ ئامادەبوون لەكۆنگرەی تایبەت بەتاوتوێكردنی پرسی لیبیا بانگێشتكردبوو.
بەگوێرەی زانیارییەكانی حكومەتی ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا پاش گفتووگۆكردن لەگەڵ سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەو بڕیارەی داوە و بڕیاروابوو نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكانیش لەو كۆنگرەیەدا ئامادەبێت.
كۆنگرەكە لە 19-ی كانوونی دووەمی 2020 سازكرا و نوێنەرانی وڵاتان لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی بە بەشداریی، ئەمریكا، روسیا، چین، بریتانیا، ئیتالیا فرەنسا، توركیا، میسر، جەزائیر، ئیمارات و كۆماری كۆنگۆ و نوێنەرانی یەكێتی ئەوروپا لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا سازكرا.
هەرچەندە بڕیاربوو هەریەك لە فایز سەراج، سەرۆكی حكومەتی ویفاقی نیشتیمانی و خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتیمانی لیبیا لە روسیا ڕێككەوتن بكەن، بەڵام ڕێكەوتنەكە نەكرا و حەفتەر روسیای بەجێهێشتبوو.
لەو بارەیەوە لە 14ی كانوونی دووەمی 2020، ئاژانسی (سپوتنیك)ی روسی بڵاویكردبووەوە كە حەفتەر شەوی ڕابردوو گەیشتووەتەوە بەنغازی.
هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو ئاژانسە، هۆكاری ڕێكنەكەوتنەكە ئەوە بوو كە فایز سەراج ئامادەنەبووە هێزە چەكدارەكانی لایەنگری حكومەت دوربخاتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان وەفدی حكومەتی ویفاقیش لە دوای حەفتەرن روسیای جێهێشتووە و چووەتە توركیا.
ململانێكان لە لیبیا هێندەی تر توندبوونەوە، كاتێك لە مانگی نیسانی رابردوودا خەلیفە حەفتەر، ركابەری سەرسەختی حكومەتی ویفاق، هێرشەكانی بۆسەلا تەرابلوسی پایتەخت دەستپێكرد كە وادەردەكەوێت شەڕی بەوەكالەت بێت لە نێوەندی بوونی ژمارەیەك لە لایەنە دەرەكییەكان كە بەشداریی لە ململانێكانی لیبیادا دەكەن بۆ هێنانەدی خواستە ئیقلیمییەكان.
لێرەوە دەكرێت ئەوەی لە لیبیادا روودەدات، بە وێنەیەكی بچوككراوەی كارەساتە گەورەكەی سوریا وەسفبكرێت، بەڵام بەتەواوەتی دەردەكەوێت كە رووداوی شانۆگەریی تەنگژەكان لە لیبیا و رۆڵی توركیا تێیدا، بەشی زیاتر لەخۆدەگرێت كە رەنگە لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئاشكراببن.
حكومەتەكەی تەرابلوس بەدەر لەوانی تر، خەسڵەتێكی جیاوازیی هەیە، بەوپێیەی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانپێدانراوە. لەگەڵ ئەوەشدا قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك بە دوولایەنەكە بوونی هەیە (تائاستێك لەگەڵ لاحكومەتی ویفاقدا چاوی لێدەپۆشرێت)، بە مەبەستی نەهێشتنی تەنگژەكان.
ئەوەی لە واقعیدا روودەدات لە لیبیا، تا ئاستێك لەگەڵ ئەو دەستەواژانەی ئاماژەمان پێكردن جیاوازیی هەیە، بەو پێیەی حكومەتی ویفاق لەلایەن هێزە خۆرئاواییەكانەوە پشتیوانی دەكرێت، لەكاتێكدا حەفتەر لەلایەن ئیماراتەوە پاڵپشتییەكی گەورە دەكرێت و لە ئەردەن و ئیماراتەوە زریپۆشی بۆ رەوانە دەكرێت.
ئیمارات فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دروستكراوی چینی لە جۆری بۆینگ لۆنگ 2ی بڵاوكردووەتەوە، لەو بارەیەشەوە راپۆرتێكی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەو فڕۆكانە هۆكاریی كوژرانی ژمارەیەكی زۆری مەدەنییەكانن كە لەڕێی بۆردومانەكانی حەفتەرەوە بونەتە قوربانی.
هەروەها ئەو جەنەراڵە لیبیە، لەلایەن میسرەوە میسرەوە پشتیوانی دەكرێت و لەلایەن بەڵێندەرە روسەكانیشەوە هاوكاریی سەربازی راستەوخۆی پێشكەش دەكرێت، وێڕای سەربازە بەكرێگیراوە سودانی و چادییەكان، راپۆرتەكانیش باس لە رۆڵی گەورەی قەناسبەدەستە روسییەكان دەكەن كە كاریگەرییەكی گەورەیان لە رێڕەوی رووداوەكاندا هەیە لە بەرەكانی شەڕ لە لیبیا.
ویلایەتە یەكگرتووەكان پێیوایە، هێزەكانی حەفتەر لەریەن بەرگرییە ئاسمانییەكانی روسیاوە پشتیوانی لێبكرێت.
واشنتۆن پێداگرە لەسەر ئەوەی كە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكایی لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا لەڕێی موشەكێكی روسییەوە خراوەتەخوارەوە.
ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەو فڕۆكانە لە كایەی ئاسمانی لیبیادا بەكاردەهێنێت بۆ لێدان لە پاشماوەكانی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەو وڵاتە، ئەمەش زیاتر ئاڵۆزییەكان لە لیبیادا دەردەخات و لە هەمان كاتدا روسیا رەتیدەكاتەوە رۆڵی كاریگەریی لە شەڕەكانی ئەو وڵاتەدا هەبێت.
بەهەرحاڵ، نەهامەتییەكانی لیبیا بە چیرۆكێكی باو دادەنرێت لەو دەمەی ولایەتە یەكگرتووكان بەسەركردایەتی هاوپەیمانییەكی خۆرئاوایی دەستی بە جێبەجێكردنی هێرشە ئاسمانییەكان كرد لە ساڵی 2011 بۆ روخانی دەسەڵاتەكەی موعەمەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا.
هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان سەركەوتوو بوو لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی ئەهلی لە لیبیا، لەڕووی گەیشتن بە رێكەوتنێك كە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لە تەرابلوس لێكەوتەوە، بەڵام هێزەكان لە خۆرهەڵاتی لیبیا بەسەركردایەتی خەلیفە حەفتەر، رەتیانكردەوە بچنە نێو ئەو رێككەوتنە.
لەگەڵ نەبوونی هەوڵە دیپلۆماسییە یەكلاكەرەوەكان، تەنگژەكان لە لیبیا بەردەوامن. روسیا كە روخاندنی قەزافی لەلایەن هێزەكانی خۆرئاوای قبوڵ نەبوو، بەشوێن گێڕانەوەی هەژموونی خۆیدا دەگەڕێت لە ناوچەكەدا لەڕێی لیبیا. عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسریش، حەفتەر بە پیاوێكی سەربازی بەهێز و دڵسۆز دەزانێت بەڕووی گروپە تیرۆریستەكان.
لەبەرانبەردا توركیا پێداگرە لەسەر خستنەگەڕی جموجۆڵەكانی لەپێناو پشتیوانی لەو حكومەتەكەی كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە.
توركەكان هەستیان بە نائومێدی كرد، بەهۆی خواستی هەندێك لە هاوپەیمانەكانی لە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) كە هەوڵ دەدەن ئەوەی دەیانەوێت لە هەردوو لایەنەكە دەستەبەری بكەن.
بە نمونە فەرەنسا پەیوەەندییەكانی لەگەڵ جەنەراڵ حەفتەردا پتەودەكات، ویلایەتە یەكگرتووەكانیش تا ئەندازەیەك ئەو ئاراستەیەی دەردەكەوێت كە لەسەری رێدەكات.
بەڵام بەروونی دەركەوێت كە چالاكییەكانی سەرۆكی توركیا لە لیبیادا رەهەندێكی ستراتیژی فراوانتری هەیە.
توركیا، لیبیا بە ناوچەیەكی فراوانی چۆڵ دادەنێت لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەروازەیەكی ئابوری گرنگە بۆ ئەفریقا. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەكی كەمی دۆستی هەیە لە ناوچەكەدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*