سەرەکی » مانشێت » ״بەم نزیكانە كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاریدەكرێت״

خۆپیشاندانەكانی عیراق ئاڵۆزیی زیاتری لێكەوتەوە

״بەم نزیكانە كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاریدەكرێت״

دادگای فیدرالی: هیچ بڕیارێكمان لەبارەی كشانەوەی هێزە بیانییەكانەوە نەداوە

UN: هێشتنەوەی خۆپیشاندانەكان بە هێمنی

ماوەی دوو رۆژە خۆپیشاندانەكانی عیراق «ئاڵۆزی زیاتری» لێكەوتۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لێدوانی لێپرسراوان و زانیارییەكانی ئاژانسەكانی هەواڵ لە عیراق ئاماژەبەوەدەدەن «بەم نزیكانە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاریدەكرێت».

خۆپیشاندانەكان بەردەوامن
خۆپیشاندانەكانی بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكەی عیراق بەردەوامن و ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە «ماوەی دوو رۆژە خۆپیشاندانەكان ئاڵۆزی زیاتریان لێكەوتۆتەوە و بەهۆی پێكدادانی هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانەوە چەند كەسێك كوژراون و چەند كەسێكی دیكەش لە هەردوولا برینداربوون، چەندین رێگەی سەرەكیش داخراون».
لەوبارەیەوە، لیوا عەبدولكەریم خەڵەف وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند: ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق لە بڕیارێكدا هێزە ئەمنییەكانی دەستكراوە كردووە بۆ دەستگیركردنی هەركەس و خۆپیشاندەرێك كە بیەوێت رێگە سەرەكییەكان و فەرمانگە حكومییەكان دابخات.

نەتەوە یەكگرتووەكان: هەنگاونان بۆ چاكسازیی
پەیوەست بە دۆخی عیراق و نوێترین پەرەسەندنەكان، دوێنێ جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە ‌یەكگرتووەكان لە عیراق لە بەیاننامەیەكدا «داوای هەنگاونان بۆ چاكسازیی و هێشتنەوەی خۆپیشاندانەكان بە هێمنی» كرد.
لە بەیاننامەكەدا؛ وێڕای هاندانی دەسەڵاتەكانی عیراق بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران، داواش لە خۆپیشاندەران كراوە «خۆپیشاندانەكان بە هێمنی بهێڵنەوە و خۆیان بەدووربگرن لە توندوتیژیی».

كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلادەكرێتەوە
هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكاندا، پێدەچێت بەم نزیكانە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق یەكلابكرێتەوە.
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە «بەم نزیكانە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق رادەسپێردرێت».

دادگای فیدرالی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
لەگەڵ باسوخواسی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ راسپاردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، لێدوانی لایەنەكان لەبارەی مانەوە، یان دەركردنی هێزە بیانییەكانەوە لە عیراق، پرسێكی گەرمی دیكەیە، لەوبارەیەشەوە دادگای فیدرالیی عیراق لەزاری وتەبێژەكەیەوە رەتیكردەوە «هیچ بڕیارێكی سەبارەت بە كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە عیراق دەركردبێت».
ئیاس ساموك وتەبێژی دادگای فیدرالیی عیراق لە راگەیەنراوێكدا كە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، رایگەیاند: ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن دادگای فیدرالی بڕیارێكی بۆ كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە ناو خاكی عیراق دەركردووە، دوورن لە راستییەوە و هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدراوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*