سەرەکی » زانست » دۆزینەوەی شوێنەواری شارێكی دێرین

دۆزینەوەی شوێنەواری شارێكی دێرین

زانایانی شوێنەوارناسیی لەباكوری ئەسیوپیا شوێنەواری شارێكی دێرینیان دۆزییەوە كە جێگەی ئیمپراتۆرییەتێك بووە ركابەریی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی كردوە.
زانایانی شوێنەوارناسی ئەسیوپیا لە ناوچەی (یاهی) باكوری ئەو وڵاتە شارێكی دێرینیان دۆزییەوە كە بەشێك بووە لە پاشماوەی ئیمپراتۆرییەتی ئاكسۆمیت (Axumite)ی مەزن كە ركابەریی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی كردووە.
بەپێی گۆڤاری (Antiquity)، ئەم ئیمپراتۆرییەتە (1800)ساڵ پێش ئێستا دروستكراوە و یەكێك بووە لە وڵاتە بەهێزەكانی ئەو كاتەی جیهان و یەكەمین وڵاتیش بووە لە باشووری بیابان كە تێیدا نووسین سەریهەڵدابێت و پارەی تایبەت بە خۆی هەبووبێت.
ئەم دەوڵەتە لەسەدەی چوارەمدا بە ڕەسمیی ئاینی مەسیحی كردووەتە ئاینی ڕەسمی خۆی و بەمەش سێیەمین دەوڵەت بووە دوای ئەرمینیا و ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی مەسیحی كە ئاینی مەسیحیی ئاینی ڕەسمیی وڵات بووبێت.
ئەم دەوڵەتە لە سەردەمێكدا لەوپەڕی گەشانەوەدا بووە و سنووری فەرمانڕەوایەتییەكەی زەوییەكانی ئەسیوپیا و ئەریتریا و جیبۆتیی و سۆماڵ و بەشێك لە نیوەدورگەی عەرەبیی بووە.
مێژوونووسان ئاماژە بەوەدەدەن كە ئەم دەوڵەتە گەشاوەیە كە چەندین نەتەوەی لەخۆگرتووە، ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە بازرگانیی لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی و خۆرهەڵاتی كۆن.
مایكل هارویر لە زانكۆی(جۆن هۆبكینز)ی بالتیمۆر دەڵێت» ئەم ناوچەیە لانكەی گرنگترین شارستانییەتی دێرینە، بەڵام خەڵكی ناوچەكە هیچی لەبارەوە نازانن، ئەم ناوچەیە كۆمەڵگەیەكی زۆر نامۆی تێدا ژیاوە كە فەرمانڕەوایەتی مەزنترین شارستانییەتی ئەفریقیایان كردووە».
پێویستە بوترێت لە ساڵی (2009) ەوە كۆمەڵێك لە زانایانی شوێنەوارناسی بەریتانیی و كەنەدی لوبنانی و ئەمریكیی ئەڵمانیی لەو ناوچەیەدا خەریكی كاری كنە و پشكنینن بوون.
پێشتر و لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا كاری كنەو پشكنین لەو ناوچەیە كراوە و چەند پارچەیەكی شوێنەواریی تێدا دۆزراوەتەوە، پاشان بەهۆی چەند كێشەیەكەوە كارەكان وەستێنران. لە ساڵی (2011)شەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و تا ساڵی (2016) كاری كنەو پشكنین دەستی پێكردووەتەوە چەندین تەلاری بەردین لە قووڵایی (3)مەترەوە دۆزرایەوە كە كۆنترینیان مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 8ی پیش زایین و نوێتریشیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی پاش زایین.
زانایانی شوێنەوارناس بەزمانی دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەكە كە زمانی تیگرینیە ئەو شارە دێرینەیان ناوناوە (بیتا ساماتی )واتە (ماڵی جەماوەر)و ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لەو ناوچەیەش دۆزیویانەتەوە هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە دانیشتوانی ئەو كاتەی شارەكە كاریگەر بوون بە نەریتەكانی شانشینی (سبا)كە ئەو كات لە یەمەن فەرمانڕەوایی كردووە.
لە دوای سەدەی چوارەمی زاینیشەوە سەرانی مەسیحی ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لەو ناوچەیە.
زاناكان لەو شارە شوێنەوارییە بناغەی تەلاری (بازیلیكا)یان دۆزیوەاتەوە كە بە مانای (هۆڵی عەرش) دێت و دەگەرێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زاینی و لەوێدا ملوانكەیەكی بەردینیان دۆزییەوەتەوە كە نیگاری خاچێكی لەسەر نەخشێنراوە، جگەلەوەش چەندین پارچە خشڵی دیكەیان دۆزیوەتەوە كە لەسەر شێوازی ڕۆمانیی نەخشێنراوە.
زاناكان دەڵێن» بیتا ساماتی شارێكی بازرگانیی و سەنتەرێكی ئاینیی بووە و ژمارەی دانیشتوانیشی زۆر بووەو لە نێوان ئەكسومی پایتەخت و دەریای سووردا بونیاد نراوە».

سەرچاوە: نۆڤۆستی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*