سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » کادر و ئەندامانی یەکێتی

لەناو روداوەکاندا

کادر و ئەندامانی یەکێتی

دوای‌ كۆنگره‌..
بەشی دووەم

لەدوای چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، ئیدی یەکێتی و سەرکردایەتی نوێی یەکێتی نابێت پێیانوابێت وەزیفەیان تەواو بووە و ئیدی ئەوان خەمی گەورەیان نەماوە و ئیدی بۆ خۆیان پاڵی لێدەدەنەوەو ئەوەی خەونی ئەوان بوو کە بەستنی کۆنگرەیە ئەنجامیان داوە، بەپێچەوانەوە لە دوای چوارەمین کۆنگرەوە ئیدی ئەرکی یەکێتی و سەرکردایەتی نوێی یەکێتی قورستر دەبێت. ئەرکی سەرکردایەتی نوێ ئەرکێکی قورس دەبێت بەو پێوەرەی دەبێت جارێکیتر یەکێتی ڕایەڵەی پەیوەندییەکانی گرێبداتەوەو تەواوی کەلێن و ناڕێکییەکانی ڕابردوو ڕێک بکاتەوە.
یەکێک لەو پرس و بابەتانەی کە ئەرکی سەرکردایەتی نوێی یەکێتییە ئیشی لەسەر بکات و ئاوڕێکی جدی و دڵسۆزانەیان لێبداتەوە، کادر و لایەنگر و ئەندام و دەنگدەری یەکێتییە. لە ڕابردوودا و لە بۆشایی سەرۆک و لە وجوودی ئەو هەموو کێشەیەدا کە کەوتەنێو ماڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، کادرانی یەکێتی لە تەواوی لایەنەکانەوە پشت گوێ خران و بەچاوی ڕابردوو و وەک هێزو داینەمۆی یەکێتی لێیان نەدەڕوانرا. هەنوکە کادرانی یەکێتی تاکو ئەو ئەندازەیە پشتگوێ خراون کە کەسێکی دڵسۆزیان نییە ئاوڕیان لێبداتەوەو خەمیان لێبخوات.
لەزاری سەرۆک مام جەلالەوە ئەو پەیامە دەمێکە ژنەفتومانە کە «یەکێتیبوون شانازییە»، بە ڕێژەیەکی باش لەلای هەڤاڵان و کادرانی یەکێتی ئەم بڕوایە چەسپیوەو یەکێتیبوون شانازییە، بەڵام ناکرێت چاوپۆشی لەو هەڵە ئاشکراو دیارە بکەین کە کادران و دەنگدەرانی و هەوادارانی یەکێتی تاکو ئەندازەیەکی زۆر لەلایەن سەرکردایەتی پێشووی یەکێتییەوە پشتگوێ خرابوون. ئێستا لە غیابی مام جەلالدا کادرەکانی یەکێتی بە دەقیق لەو منداڵە دەچن کە باوکی ڕاستەقینەیان ژیانئاوایی کردووە و ئیدی بێ سەرپەرشت ماونەتەوەو نازانن هانا بۆ کوێ و بۆ کێ بەرن.
وەک چۆن کۆنگرە بازدانێکی مێژووییە لەژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی و حیزبی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا و هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە مێژووی دوای کۆنگرە کاری نوێ و خەمی گەورەی یەکێتی و یەکێتییەکانی لەهەگبەدابێت، ئەوا پێویستە خەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتی خەمی کادرانیش لەخۆ بگرێت و ئاوڕ لەژیانی سیاسی و ئەمنی ! و ئابووری و ئیداری …. هتدی کادرانی یەکێتی بداتەوە. هەر گوێنەدان و پشتگوێ خستنێکی کادران و هەڤاڵانی یەکێتی لەلایەن سەرکردایەتییەوە، غەدرێکی گەورەیە لە مێژووی یەکێتی و لە دڵسۆزی کادرانی یەکێتی دەکرێت.
لەماوەی ڕابردوودا کادران و ئەندامانی یەکێتی بە ئاشکرا هەستیان بەو بۆشاییە زۆر و زەوەندە کردبوو کە کەوتبووە نێوان ئەوان و سەرکردایەتی پێشووەوە، ئەو بۆشاییە وایکردبوو لە ڕێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا چینایەتی دروست ببێت، بەجۆرێک چینێکی سەرەوەی نێو یەکێتی لە پلەو پۆستی باڵا و هێزی زۆر و ژیانێکی ڕەفاهی و ئەمنیدا بێت و چینی دووەمیش لەژیانێکی پەراوێزخراو و نادڵنیایی ئەمنی و پڕ چەرمەسەریدا بێت. مێژوویەکی درێژی ناکۆکی و لێکترازان و قەیرانەکانی یەکێتی لەنێوان کۆنگرەی سێیەم و کۆنگرەی چوارەمدا وایکرد ئەم دوو چینە نەک خەمی حیزبەکەیان ببێتە ئامانج و ستراتیژیان بەڵکو چینی باڵا زیاتر دەستی دایە بازرگانی و تەراتێنی خۆیی و بەشێکی چینی دووەمیش لەپێناو بژێوی خۆییان و خانەوادەکانیان یان یەکێتییان جێهێشت و چونەناو حیزبیتر یان دڵسۆزی و وەفایان بۆ سەرکردایەتی پێشووی یەکێتی ونکردو پڕپڕبوون لەڕق و توڕەیی.
ئەوەی ئێستا وەک دەرفەت هاتۆتەپێشێ ئەوەیە؛ هیواکانمان نەمردوون سەرکردایەتی نوێی یەکێتی گوێمان لێبگرێت و بەخۆداچونەوەیەک بکات و پرسیاری جدی لەمەڕ کادرو ئەندامانی یەکێتی ئاراستەی خۆیان بکەن و گۆمی مەنگی ڕابردوو بشەڵەقێنن و هەنگاوێکی نوێ لەپێناو یەکێتییەکی نوێ و پەیوەندییەکی نوێی ئەندام و کادر لەلایەک و کادرو سەرکردایەتی لەلایەکیترەوە بهاوێژن. مادام چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی وەک (کۆنگرەی نوێبوونەوە) ناوزەدکرا، ئەوا دەبێت هەموو شتێک لەدوای کۆنگرە نوێبکرێتەوە. پێویستە لە یەکێتی نوێدا لە پەیوەندی کادرەکانەوە بۆ ژیان و موعانات و باری ئەمنییان دڵنیاییان پێبدرێت تاکو دەستاودەستکردنی دەسەڵات و هاتنەپێشەوەی کادرو پلەبەندی لەپۆست و ئیمتیازات.
کەواتە کۆنگرەی نوێ نەک تەنها وەزیفەیەتی ئیش لەسەر سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ یەکێتی دروست بکات، بەڵکو وەزیفەیشێتی بەها بۆ کادرەکانمان بگێڕێتەوە بەجۆرێک هەموو کادرێکی یەکێتی شانازی بە یەکێتیبوونی خۆیەوە بکات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*