سەرەکی » مانشێت » جێبەجێكردنی مادەی 140

لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك:

جێبەجێكردنی مادەی 140

بۆ تاوتوێكردنی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی پارێزگای كەركوك، ئەمڕۆ لە بەغدا خالید شوانی وەزیری كاروباری دانوستان لەگەڵ حكومەتی عیراق، چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا دەكات.
خالید شوانی وەزیری كاروباری دانوستان لەگەڵ حكومەتی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ تاوتوێكردنی پرسی زەوی و زارە كشتوكاڵییەكانی پارێزگای كەركوك، لە بەغدا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق و وەزیری داد كۆدەبینەوە.

لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك كۆبوونەوە

دوێنێش لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك، لەسەر ئاستی لێپرسراوی یەكەمی حزبەكان لە پارێزگای كەركوك، كۆبوونەوە.
دوای كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بەلاغی كۆبوونەوەكە لەلایەن رەوەند مەلا مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی گشتیی ی.ن.ك-ەوە خوێنرایەوە ‌و تێیدا هاتبوو «هەموو لایەنە كوردستانییەكان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی رێگربن لە پێشێلكردنی مافی هاووڵاتیانی كورد و پێكهاتەكانی تریش لە كەركوك»، ئاماژەبەوەشدرابوو «كۆبوونەوە تەئكیدی لە پێكەوەژیان لەگەڵ هەموو نەتەوەكان كردەوە»، كۆبوونەوە تەئكیدیشی لەسەر جێبەجێكردنی مادەی 140 و دانانی بودجە بۆ ئەو مەبەستە و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی كورد لە كەركوك كردەوە.

״جموجۆڵی تیرۆریستان لە ناوچە دابڕێنراوەكان زیادیكردووە״
پەیوەست بە دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، عەبدولناسر ئەحمەد بڕیاردەری‌ لیژنەی‌ ناوچە كوردستانییەكانی‌ دەرەوەی‌ هەرێم لە پەرلەمانی‌ كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاندووە «ناوچە جێناكۆكەكان تەنها بە حكومەتی عیراق ناپارێزرێت»، وتیشی: بەهۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان، بۆشایی ئەمنیی دروستبووە، لە هەمانكاتدا جموجۆڵی تیرۆریستان زیادیكردووە، لەبەرئەوە پێویستە بە هەماهەنگیی پێشمەرگە ئەو ناوچانە بپارێزرێت. راشیگەیاند: هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی مادەی 140، چونكە بەبێ‌ گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەو ناوچانە ئارام نابن، ئاماژەی بەوەشدا «هێزەكانی هاوپەیمانان هەوڵی جدییانداوە بۆ گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ حكومەتی عیراق گفتوگۆیان كردووە».

״لە كەركوك رووماڵكردن لە ناوچەی تەعریبكراو قەدەغەیە״
لەلایەكی دیكەوە، سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: دەسەڵاتی سەربازیی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزی فیدراڵی، ناهێڵن رۆژنامەنووسان بچنە ئەو ناوچانەی چالاكانە پرۆسەی تەعریبـی تێدا دەكرێت.

print

 75 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*