سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » یه‌كێتی ناو یه‌كێتی

لەناو روداوەکاندا

یه‌كێتی ناو یه‌كێتی

به‌شی سێیه‌م

ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌ر شتێك له‌سه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بنوسین، ئه‌وا په‌یوه‌ست به‌هه‌ر جومگه‌و لایه‌نێكی ئه‌م حیزبه‌ گوته‌زایه‌ك و دروشمێكی سه‌رۆك مام جه‌لالمان هه‌یه‌ كه‌ بیكه‌ین به‌ پاڵپشت بۆ سه‌لماندن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ قسه‌كانمان. له‌م به‌شه‌ی نوسینه‌كه‌ماندا ده‌بێت هه‌موو تێڕوانین و بڕواكان له‌ده‌وری ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال كۆ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت «یه‌كێتی ناو یه‌كێتی وه‌ك بیلبیله‌ی‌ چاومان ده‌پارێزین».
ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌و پڕكاریگه‌رییه‌ی‌ كه‌ ژیانئاوایی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ جه‌سته‌ی‌ ئه‌م حیزبه‌دا دروستی كرد، هیچ پنتێكی ئه‌م حیزبه‌ی‌ نه‌هێشته‌وه‌ توشی داكشان و ناته‌واوی‌ نه‌بێت، یه‌كێك له‌و خاڵ و جومگه‌ گرنگانه‌ی‌ ئه‌م جه‌سته‌ سیاسییه‌ «هه‌ڤاڵێتی و یه‌كێتی ناو ڕیزه‌كانی‌ یه‌كێتی» بوو. له‌دوای‌ ژیانئاوایی سه‌رۆك مام ئه‌م جومگه‌ به‌هێزه‌ی‌ یه‌كێتی وه‌ك هه‌ر لایه‌ن و بابه‌تێكیتری تایبه‌ت به‌یه‌كێتی توشی له‌رزین و تائاستێكی زۆر له‌ق بوون بوو. ئه‌و ڕۆحه‌ به‌هێزه‌ی‌ هه‌ڤاڵێتی و یه‌كێتیبوون گه‌یشته‌ ئاستێك واخه‌ریكه‌ هه‌ڤاڵه‌كانی‌ یه‌كێتی هیچ لینك و خوێن! و ئۆرگان و بۆن!و تایبه‌تمه‌ندییه‌ك نامێنێت بیانبه‌ستێته‌وه‌ به‌م حیزبه‌وه‌ و ئه‌و ماده‌ به‌هێزه‌ی كه‌ ڕۆحی یه‌كێتیبوونی‌ له‌نێوان ئه‌نداماندا پێكه‌وه‌ گرێ ده‌دات ئێستا بێهێزبووه‌و وه‌ك جاران ناتوانێت به‌رگری له‌گرێژنه‌ده‌رچوونی ئه‌و جومگه‌ به‌هێزه‌ بكات. بۆیه‌ پرسیاری‌ گرنگ و جه‌وهه‌ری له‌م دۆخه‌دا ئه‌وه‌یه‌: ئایا كۆنگره‌ی‌ چواره‌م ده‌توانێت ئه‌م مولوله‌ی‌ وه‌فاو یه‌كێتیبوون و هه‌ڤاڵێتییه‌ جارێكیتر له‌نێوان هه‌ڤاڵان و ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتیدا به‌هێز بكاته‌وه‌ و هه‌مان گوڕو تینه‌كه‌ی‌ جاران بداته‌وه‌ به‌هه‌ڤاڵان و ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتی بۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی‌ توانا مرۆییه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی؟
له‌ به‌شی دووه‌می ئه‌م زنجیره‌ وتاره‌دا ئه‌وه‌مان وت كه‌ وه‌زیفه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ كۆنگره‌یان به‌ستووه‌و ئیدی لێیدانیشن و پێیانوابێت ته‌واو یه‌كێتییان نوێكردووه‌ته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ نوێیه‌ی‌ ئێستای‌ یه‌كێتی كارو فه‌رمانی‌ گه‌لێك زۆرو چڕتره‌ له‌چاو سه‌ركردایه‌تییه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی، ئه‌و هه‌موو كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ی كه‌ سه‌ركردایه‌تی پێشووی‌ یه‌كێتی خوڵقاندی‌ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی مسحی بكات و هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی پێشوو له‌جه‌سته‌ی‌ یه‌كێتیدا دروستی كرد پێویسته‌ سه‌ركرایه‌تی نوێ له‌جه‌سته‌ی‌ یه‌كێتی بیخه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و جه‌سته‌یه‌كی ساغله‌می به‌هێز دروست بكه‌ن كه‌ به‌رگه‌ی‌ هه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ناڕه‌حه‌تییه‌كی قۆناغه‌كه‌ بگرێت، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتی و هه‌ڤاڵ هه‌ڤاڵ یه‌كێتییه‌كان له‌یه‌كتر نزیك بكرێته‌وه‌ و خۆشه‌ویستی بۆ حیزبه‌كه‌و ڕێبازه‌كه‌و ئایدۆلۆژیاكه‌ی‌ له‌لای‌ هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی جۆش بدرێته‌وه‌.
له‌ پێش كۆنگره‌ و له‌ غیابی سه‌رۆك مام جه‌لال و له‌و ده‌مه‌دا كه‌ ماڵی یه‌كێتی شپرزه‌ بووبوو، ئه‌ندامان و هه‌ڤاڵانی‌ یه‌كێتی وه‌ك ئه‌و مورووه‌ی‌ ته‌زبیحێكیان لێهاتبوو كه‌ نه‌ ده‌زوویه‌ك هه‌بوو دانه‌كانی‌ ئه‌و مورووانه‌ كۆبكاته‌وه‌ و بیهۆنێته‌وه‌ نه‌ ئیمامێكیش هه‌بوو هه‌موو دانه‌كانی‌ مورووه‌كان له‌ ڕێگای‌ ئه‌و ده‌زوه‌وه‌ باوه‌ش بكه‌ن به‌و ئیمامه‌داو به‌گه‌وره‌ی‌ خۆیانی بزانن، ئه‌و قۆناغه‌ وایكرد هه‌ڤاڵه‌كانی‌ یه‌كێتیش ده‌زوویه‌كی خۆشه‌ویستی له‌نێوانیاندا نه‌بێت بۆ یه‌كێتی و مێژووی‌ پڕ خه‌بات و قوربانی حیزبه‌كه‌یان، بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌ركردایه‌تی نوێیه‌ وه‌ك هه‌ر جومگه‌و كه‌لێنێكیتری‌ ناو ڕێزه‌كانی‌ یه‌كێتی، ئیش له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی‌ ڕۆحی هه‌ڤاڵێتی و یه‌كێتی ناو یه‌كێتی بكات.
ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی نوێ، یه‌كێتییه‌كی تۆكمه‌و به‌هێزی ده‌وێت، ئه‌وا پێویسته‌ ئه‌م جه‌سته‌ نه‌خۆشه‌ی ئێستای‌ یه‌كێتی بخاته‌ به‌رده‌م نه‌شته‌ری‌ ڕه‌خنه‌ و چاره‌سه‌ری‌ هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ بكات كه‌ وایكردووه‌ ڕۆحی گه‌وره‌ی‌ یه‌كێتیبوون و جه‌لالیزم بۆچی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ هه‌ڤاڵانی ناو یه‌كێتی ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌وتۆته‌ نێوانیان. یه‌كێتییه‌كی به‌هێز به‌وه‌ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی نوێ بۆشایی نێوان خۆیان و هه‌ڤاڵانی‌ یه‌كێتی به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه‌ تاكو هه‌موو توڕه‌بوون و عاجزبوونێكی هه‌ڤاڵانی‌ یه‌كێتی له‌كه‌مترین ماوه‌دا بگاته‌ سه‌ركردایه‌تی و سه‌ركردایه‌تیش ده‌رفه‌ت به‌گه‌وره‌بوونی كه‌لێنی نێوان ئه‌ندامانی‌ نه‌دات.
پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی نوێ سه‌ردانه‌كانی‌ بۆلای‌ ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ ده‌ست پێبكات كه‌ عاجزبوونه‌ و توڕه‌ن له‌ حیزبه‌كه‌یان، تاكو هه‌ڤاڵ هه‌ڤاڵ یه‌كێتی به‌هێز ببێته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*