سەرەکی » وتار » كورد لە نێوان مەنگەنەی وڵاتانی ناوچە و زلهێزەكاندا

كورد لە نێوان مەنگەنەی وڵاتانی ناوچە و زلهێزەكاندا

نەوزاد عوسمان

كورد وەك نەتەوەی چوارهەمی دێرین و خاوەن مێژوو و خاك و زمان و كەلتوری خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆتە خاوەنی مەسەلەیەكی سیاسی و سەربازیی گرنگ، تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش و بگرە بۆتە مەسەلەی پلە یەكی ناوچەكە و وایكردووە كە كێشەی 60 ساڵەی فەلەستینیەكان و ئیسرائیل وەك كێشەیەكی میحوەری عەرەب و تەنانەت ئیسلامیش لەناوچەكەدا بخاتە دوای خۆی و ئەو گەرموگوڕیی و پشتیوانیە گەورە و فراوانەی لە فەلەستینییەكان دەكرا رووبكاتە كورد و مەسەلەكەی، بەتایبەتیش لەدوای مقاوەمەتی بێ وێنەی كورد دژی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش و ئەو وڵاتانەی ناوچەكەش كە پشتیوانیی تیرۆریستانیان دەكرد دژبە كورد و كوردستان لە باكوور و رۆژئاوا و باشوور و خۆرهەڵاتی كوردستان.
*سەرەڕای هەموو ئەو خوێن و فرمێسكەی كورد بەخشییە هەموو دونیا و مرۆڤایەتی، بەتایبەتیش لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا، گەلێك جار تووشی بیئومێدییان كردۆتەوە، تەنانەت لەلایەن بەناو دۆستەكانیشییەوە و دەكەوێتە هەڵوێست و كونجێكی بەرتەسكی واوە كە دوژمنیش حەسودیی پێ نابات.
كورد جارێك لەلایەن وڵاتانی سەردەستەوە لە ناوچەكەو ئەوانی تریشەوە دەیان جاریش لەلایەن وڵاتانی زلهێزی خۆرهەڵات و خۆرئاواشەوە دەخرێتە نێوان مەنگەنەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریی و ئەمنییەكانی خۆیانەوە و زۆر جاران كردویانەتە قوربانییەكی بێ پشت و پەناو نزیكیان كردۆتەوە لە مەرگ و لەناوچوونیش.
*كورد بەو پێگە هەستیار و زۆر ناسكەیەوە كە هەیەتی، لەناوچەكەدا رووبەڕووی چەندین پیلانی دوژمنەكانی بۆتەوە كە ویستوویانە كورد بەتەواوەتی نەهێڵن و بەچاك و خراپ دوژمنایەتیان كردووە.
كورد لەهەر كوێیەك ویستبێتی ئیدارەیەك یان دەسەڵاتێكی خۆسەریی و بەڕێوەبردن پێكەوە بنێت، وەك ئەوەی 29 ساڵە لە باشوور و ئەوەی كە نزیكەی نۆ ساڵیشە لە خۆرئاوا دامەزراوە دوژمنەكانی ویستوویانە لەناوی بەرن، بەتایبەتیش لەلایەن توركیاوە كە بە ئاشكراو بەنهێنی دژایەتی خۆی بۆ هەر قەوارەیەكی كوردی بە هەر ناوێكەوە بێت نەشاردۆتەوە و بەناوی رێككەوتنەوە چەندین سازشی بۆ ئەمریكا و روسیا كردووە تەنها لە پێناو مامەڵە نەكردن ‌و سەقامگیرنەبوونی كورد لە چوارچێوەی قەوارەیەكدا،
ئەمە لەكاتێكدا كە ئەگەر بە واقیعیانە بیربكاتەوەو مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكات، ئەوا چارەسەربوونی مەسەلەی كورد لە باكوور ‌و لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكەشدا بەپلەی یەكەم لە بەرژەوەندیی توركیادایە بەتایبەتی ئەگەر ئەو چارەسەرییە ئاشتیانە بێت ‌و دووربێت لە جەنگ و كوشتار و رێگە چارەی سەربازی ململانێی خوێناوی نزیك بە 100 ساڵی دوای لۆزانیش لەنێوان كورد ‌و دەوڵەتە داگیركەرەكان باشترین نموونەن، كە هەرچەندە كورد نەبووەتە خاوەن قەوارەیەكی سەربەخۆ ‌و سەقامگیر، بەڵام هیچ كام لەو دەوڵەتانەش ئارامی ‌و ئاسوودەییان بە خۆیانەوە نەبینیووەو كوردیشیان وەك نەتەوە پێ لەناو نەبراوە.
* خۆشبەختانە ئێستا كورد بە هەوڵ و قوربانیدانە بەردەوامەكانی بەسەر راستانە و راستگۆییانە خۆی كردۆتە یاریزانێكی باشی گەمە سیاسییەكانی ناوچەكە و جیهانیش و توانیویشێتی پێگەیەكی باش و بەرچاو و رێزلێگیراو بۆخۆی بنیات بنێت و تارادەیەكیش توانیویەتی خۆی و دەستكەوت و دەسەڵاتەكانیشی بە هەموو كەموكوڕیەكانییەوە بپارێزێت بەوەی كە ویستویەتی ئامانج و دروشمەكانی خەباتی ئەم قۆناغە بگونجێنێت یان تاڕادەیەكی باش نزیك بكاتەوە لە بەرژەوەندیی و بەرنامە و پلانی زلهێزەكانی جیهان تا بتوانێت هەرچییەك لەتوانایدا هەبێت، بیكات، بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەوان، چونكە ئێستا پەیوەندیی و بەرژەوەندییە دەرەكی و ئابووریی و سیاسی و ئەمنییەكان رۆڵی گەورە دەبینن لە پێشخستن و بەردەوامبوونی دۆستایەتی و پشتیوانییەكاندا بە ئاشكراش ئەمریكا و ڕوسیا نەیانشاردۆتەوە كە بۆ پاراستنی بیرە نەوتەكان لە ناوچەكەدان، نەك لەبەر پاراستنی نەتەوە و نیشتمانی كورد لەم ناوچەیە، كورد و كوردستانیش لەو بوارەدا بنەما و بناغەیەكی باشی هەیە بۆ پێكەوەنانی ئەو دۆستایەتیی و بەرژەوەندییانە لەڕووی سیاسی و ئابووریی و ئەمنیشەوە چونكە پێگەیەكی جیۆسیاسی گرنگ و هەڵكەوتەیەكی ستراتیژیشی هەیە و لەڕووی ئابووریشەوە خاوەنی یەدەگێكی نەوت و گازی سروشتی زۆر و زەوەندە و لەڕووی ئەمنیشەوە كورد جەنگاوەرێكی ئازا و چاونەترسە و بەكەڵكی دۆستایەتیی ئەو زلهێزانە دێت لە ئایندەدا.
ماوەتەوە بڵێین دەبێت سەركردایەتی سیاسی كورد لە ناوخۆی خۆیدا و لەسەر ئاستی پارچەكانی كوردستان یەك دەنگ و یەك رەنگ و یەكهەڵوێست بن و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە و نیشتمان بخەنە سەروو بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی و ناوچەیی و بنەماڵەیی و پلە و پۆست و ئیمتیازاتە ماددییە بچوكەكانەوە و هەمووان و پێكەوە سیاسەتێكی حەكمیانە و ژیرانەی ئەوتۆ پیادە بكەن كە لەئەنجامدا بە قازانجی ئایندەی كورد و بە زیانی دوژمنان تەواو بێت و چیدی سەدەی 21-یش بەداگیرو دابەشكراوی كورد بەردەوامی نەبێت. ئەمەش خەونێكی دێرینە و نە ئاسانە بێتەدی و نە زۆر ئەستەمیشە كە هیچ كات نەبێتە ئەمری واقیع، بە هەردوو رووەكەیەوە وەستاوەتە سەر هێز و توانا و ژیریی و پلان و حەكیمیی سەركردایەتی كوردەوە، چونكە ئەو وڵات و گەلانەی ئێستای ناوچەكەش كە خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن نە لە كورد زیرەكتر و نە لە كورد جەنگاوەرتر و ئازاتر بوون، بەڵكو تەنها توانیویانە بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ دەوروبەر و زلهێزەكاندا بگونجێنن و بەوەش گرەوە گەورەكەی بوون بە دەوڵەتیان بردۆتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*