سەرەکی » ئەدەب و هونەر » سوارەی ژانی گەل و سلێمانی و خاكی

سوارەی ژانی گەل و سلێمانی و خاكی

ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم

هەرگیز گوڵ لە ئاسمان نابارێ، پەیامە پیرۆزەكانی لێ هاتۆتە خوارێ، گوڵ لە زەوی دەڕوێ، چرۆ دەكا ودەپشكوێ، پەری جوانی ئاسمان باخ وگوڵزار ببینە، پڕ لەگوڵی جوان وڕەنگینە، ئەستێرەكان لە تاریكیدا دەدرەوشێنەوە، ڕوناكی دەبەخشن وجوان دەگەشێنەوە، لە تاریكایی شەوێ، ئەستێرە دەردەكەوێ، جیهان پەرتوكێكی گەورەیە، زەمانە بەپێچ ودەورەیە، یەك لاپەڕەی دەخوێنەوە ئەوانەی ناگەڕێن، (چڵكی دەستە ماڵی دونیا)وەك دەڵێن! زەمەن ئەو مامۆستا مەزنەیە، كات گەوهەری ناو خەزنەیە، وەخت دوبارە ناگەڕێتەوە، ژیان مۆمە دادەگیرسێ ودەتوێتەوە، مرۆڤە زیرەكەكان، ڕۆژە زێڕینەكان، دەژمێرن، كات بەفیڕۆ نادەن ودەرفەت نابوێرن، ڕووبەڕوونەوەی سەرەتایی، ئاسانترە لە كۆتایی، (تۆماس هیۆد)هەقی خۆیەتی گوتویەتی(جیهان شانۆیەكی گەورەیە، زەوی تەختەكەیەتی، خودا وسروشت زەوییان پڕكردووە لە ئەكتەر، كەم دەستی وپێویستی مرۆڤ دەكاتە داهێنەر، زگی مرۆڤ گۆڕستانی بوونەوەرەكانە، دەریای ئیجەش بۆ كوردان گۆڕستانی كۆچبەرانە، لە گۆڕستانەكان مەگەڕێن، گوڵ لەسەر دەریا دابنێن، خۆشترین خۆشی لەدایك بوونە، گەورەترین خەمیش مردن ولەناوچوونە، مەرگ باجی ژیانە، ئاوێتەی خەم وژانە، ئەوەی ئارامی دەداتە ڕۆح، زانست وهونەرە، بەهرەمەندی قەلەندەریش لەناخدا بەختەوەرە، وەختێ كارێكی هونەری پێش زەمەن دەكەوێ، كات وەك خۆی دەڕوا خۆ ناسرەوێ، هەموو شتێك تێدەپەڕێ هونەر دەمێنێتەوە، هونەرمەندی ڕاستەقینە هونەرەكەی دەشارێتەوە، هونەر زمانی هاوبەشی هونەرمەندانە، ئامانجی خۆشی وخۆشەویستی وخەندانە، ئەو هونەرەی كە ڕۆحی نەتەوەكەی هەڵدەقوڵێ، ڕۆحی نەتەوەش گەلە، ویژدانی پێ دەجوولێ، چونكە هونەر جوانی دروست دەكات وشیلەی ژیانە، هۆكاری ئارامی ڕۆح وگیانە، جوانی هونەری زیندوو شانۆیە، بۆ دواندنی مرۆڤایەتی هۆیە، گەورەترین پلەی هونەر ئارامگرتنە، درەنگ بێ یان زوو، بێ ئارەزوو، سەرەنجام ژیان مردنە، ژیان ومەرگ گرێیەكە ناكرێتەوە، نهێنی یەكەی ئاشكرا نابێ وڕوون نابێتەوە، ئەوەی كۆچی كرد نەگەڕاوەتەوە، بەسەرهاتی ژێر زەوییان نەگێڕاوەتەوە:
(بەو بچیم بچین بەو بچینەوە
لەباخچەی پێنجوێن گوڵ بچنینەوە)
پێنجوێن مەملەكەتی گوڵەزەردە، سەر بەگوڵ عنبەر وڕەوگەی جافان وهەوارگەی كوردە، بنەماڵەی حاجی محەمەدی قوربانی، لە بومەلەرزەكەی پێنجوێن هاتوون بۆ سلێمانی، ساڵی 1946، لە ڕۆژگارێكی ناخۆش وڕەش، لەكەلی شاخی سلێمانی وخاكی، ئاسۆیەك دەردەكەوێ بەڕووناكی، لە 18/12/1964، گوڵێك دەپشكوێ لە باخچەی شار، بەمنداڵی، بەهەشت ساڵی، هونەر دەبێتە ئەشق وخەیاڵی، لەدیوەخانی وەیس وماڵێكی هەژار، وەكو ئەكتەر دەبێ بەشدار، لەسەر تەختی شانۆكاران، لەڤیستیڤاڵی شاران، لەشانۆگەری(دڵدارانی باران) بەشدار دەبێ، ڕۆڵی دیار دەبێ، ناوی لێ دەنێن (سوارە)بەو نازناوە ناودار دەبێ، هەوڵمەدە بەهێزبیت، هەوڵبدە بەڕێزبیت، ئاسۆ بەهێز وبەڕێز بوو، پڕشنگی سەرملەكەوە وئەزمەڕ وناڵپارێز بوو، دەدرەوشایەوە لەئاسمانی كوردستان، خۆشەویست وشیرین بوو لەناو دۆستان، زمانی گوڵ وپەپوولەی دەزانی، ئاشنابوو بەسروشت ودیمەن وجوانی، دەروون سپی لەبەفر دەچوو لەپاكی، بەسوارچاكی وچالاكی، شەبەقی دەدایەوە بەڕووناكی، ناوبانگی باش باشترە لەپشتێنی زێڕ، لەكۆڕ دانیشتن هەرگیز لێی نەدەبووی تێر، ئارامی دەگرت بیانووت پێ گرتبا، گوڵی تێ دەگرتی گوللەت تێ گرتبا، كراوە وكۆمەڵایەتی، مرۆڤ بوو بەمانای مرۆڤایەتی، پەلكەڕەنگینە بوو لەپاشی باران، نەدەچەمایەوە بەرامبەر نەیاران، (بەبێ دەنگی دەسوتا) مێژووی خستۆتە ناو كایەی هونەرەوە، بەئەلبومی وێنەیی دۆكمێنتاری لەسەر سلێمانی وپێنجوێن رەگی هێناوەتە دەرەوە، تێكۆشەر، كۆڵنەدەر، بەبیر وباوەڕ، لە زەمانی بەعس ئاشكرابوو لە ڕیزەكانی (ی.ن.ك)كە ڕێكخستنی نهێنی ناوشارە، فەرمانی لەسێدارەدانی دەرچوو بەڵام بەر تەمیز ولێ بووردنی گشتی كەوت، دەنا دەدرا لەسێدارە، هەموو گیانیان هەڵپڕووكاند، نهێنی یەكی نەدركاند، وەك زیندانی سیاسی، كارەساتە بەسەرهات وباسی، ژیانی بەهونەر وشانۆ وئەشكەنجەی زیندان بەسەر بردبوو، بەشی كارگێڕی پەیمانگای تەكنیكی لە بەغدا تەواوكردبوو، لەباخی هونەر شارەزای زۆر بوار بوو، بەهرەمەند وبەرهەمدار بوو، (شانۆكار، پێشكەشكار، ڕاگەیاندنكار، ئەكتەر، نوسەر)تێكۆشەر، چل وحەوت ساڵ لەبواری هونەر، ڕۆحی لێ هێناوەتەبەر، باخچە بژمێرە بەگوڵەكانی، نەك بەهەڵوەرینی گەڵایەكانی، ڕێژەی ڕاژەی بەرزبوو لەهونەر و وێژە، لەمێژە، لەبنكەی ڕوناكبیری گەلاوێژە، دەیزانی ئامانجی هونەر وڕاگەیاندن ومرۆڤایەتی چییە ڕەواجی، لێپرسراوی ڕاگەیاندن بوو لەڕێكخراوی مین هەڵگرتنەوەی بەناوی باواجی، (ئاسۆ) كازیوەی زەردەی دەم كەل بوو، پاڵەوانی (گەردەلوول)و(ژانی گەل)بوو، هونەر هەڵقوڵاوی (كانی) جوانییە، بۆ مرۆڤایەتی وئاسوودەیی ویژدانییە، گەرچی هونەر پڕ لە دژواری وسەختییە، بەڵام خۆشبەختی یە، تەختی شانۆ پاشای سەرتەختیە، گەرمی ژیان وساردی مەرگ، دەسوتێنی ناخی جەرگ، مردن خەوێكی ئارامە خەونی خۆش وناخۆشی تێدا نییە، ئەوەی بمێنێ ناوە، نەمری زیندەگانییە، بەتەمەنی 55ساڵی، گەردەلوولی مەرگ ڕایماڵی، هەرگوڵێك نەبوو هەڵوەری لە بەفرانبار وچلەی ڕێبەندان، بوومەلەرزەی پێنجوێن بوو لەناو هونەرمەندان، لەبەرنامەی پێشبڕكێ و (وێنەكانی دوێنی)، كێ پێشكەشی بكا وبیان دوێنێ، تا(وێنە)كان كۆنتردەبوون، لەڕۆحی (ئاسۆ)نزیكتر دەبوون، لەدڵی خەمناك، بەدیدەی نمناك، لە 30/12/2019، چەند ساتێك مابوو بۆ سەری ساڵ، مۆمی تەمەنی هەڵنەكرد وگۆڕی كردە ماڵ، بە مەرگی بومەلەرزە وشاخێك هەژا، لەچاوی كوێر هەر ئەوەندە فرمێسك ڕژا، مەرگ كۆتایی ژیان نییە، هەموو ناوێك لەناو ویژدان نییە، (ئاسۆ عومەر سوارە)، لەدڵی مێژوو تۆمارە، قوللەی بەرزی شانازییە، ساباتی ڕۆحی هونەر ودڵنەوازییە، برین دێتەسۆ، بۆ مەرگی ئاسۆ:
حەزرەتی (نالی) داد، هاوارە بێ تۆ
چاو ئاوە (ئاسۆ عومەر سوارە) بێ تۆ
پێنجوێن وبابان پرسە بــــارە بێ تۆ
وەرز خەزان وبێ بــــەهارە بێ تۆ
(كاژین وسۆلین)لە ئازارە بێ تۆ
تریفەی(بەیان)بێ گوڵزارە بێ تۆ
بنكەی گەلاوێژ، پڕ یادگارە بێ تۆ
فلیم وسیناریۆ، ڕەش دیارە بێ تۆ
ئەلبوومی فۆتۆ، بێ نیگارە بێ تۆ
درامــــــــــــــا وشانۆ، شوێن نادیارە بێ تۆ
تەلاری هــــونەر لارو خوارە بێ تۆ
بۆشایی وخامۆشە ئەو شارە بێ تۆ
بەردەركی سەرا شوێنەوارە بێ تۆ
چایخانەی (شەعب)بێ هەوارە بێ تۆ
یادی سلێمانی تاسەبارە بێ تۆ
برینی (ئاسۆ)بێ تیمارە بێ تۆ

كار و بەرهەمەكانی (ئاسۆ عومەر سوارە):
1.دراماكانی (گەردەلوول1)ساڵی 2005، (گەردەلوول2)2008.
2.شانۆگەری گەرمیان وكوێستان 2010
3.چپەی ڕابردوو 2014
4.بەبۆنەی یادی ڕاپەڕی خەڵكی ستەمدیدەی (پێنجوێن)یشەوە، ڕۆژی (19/7/1995)فیستیفاڵێكی گەورەی سازكردووە كە ماوەی سێ ڕۆژی خایاندووە وخۆشی سەرپەشتی كردووە.
5.ژانی گەل
بەشداری لەم كارانەدا كردووە:
6.دیوەخانی وەیس، 1972
7.ماڵێكی هەژار، 1973
8.زەفی شین،1976
9.دایكی فلەستین، 1977
10.وەرزی سەرهەڵدانی فەرهاد، 1977
11.تەنیا كەوش لەپێكردنەوە حساب نییە،1978
12.هاوڕێیان، 1979
13.دڵدارانی باران، 1979
14.ڕەشبەڵەك لەسەر ئاوازی مەرگ، 1979
15.پێكەنینی ژووری دادگە، 1980
16.بەرگە ئەفسووناویەكەی پاشا، 1980
17.شارەوانی، 1980
18.ڕوبار، 1981
19.بەندیی وشێتخانە، 1982
20.تەنەكە، 1983
21.بایتی بابا، 1983
22.ئەو پیاوەی دووجار مرد، 1984
23.فەرهاد بەدوای جەژنا وێڵە، 1989
سەرچاوەكان:
1.سوارچاكی هونەرلە كوردستانی نوێ ژمارە(8079)ی ڕۆژی هەینی وشەممە 7-8/2/2020، ئاسۆی قوڵایی ئاسمانی بەرزی هونەر و وێژەدا، د.حوسێن محەمەد عەزیز.
2.پەند و ووتە نەستەقەكان.
3.دیوانی نالی.
4.سلێمانی وخاكی.
5.زانیاری وەرگرتن لە(كارمەند لەتیف).
6.دیوانی ناری.

تێبینی:
هاوژینەكەی (بەیان یوسف سەعید)ە.
(كاژین وسۆلین) كوڕ وكچی ئەون.
دێتەسۆ:دەكولێتەوە.
مەلا كاكەحەمەی بێلوو(ناری) دەڵێ:
(ناری)گەر گەردی غەم ئەمڕۆ لەدڵ تاهیر نەكەی
وەك برینی كۆنە زامی سەختی میحنەت دێتەسۆ

 454 جار بینراوە