سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » گرنگیدان بە سەرچاوە مرۆییەكان گرنگیدانە..پەڕە 3

گرنگیدان بە سەرچاوە مرۆییەكان گرنگیدانە..

گرنگیدان بە سەرچاوە مرۆییەكان گرنگیدانە بە ئایندە

ئاشكرایە كە هەموو هەوڵ ‌و ماندووبون ‌و شەونوخونی ‌و كێبڕكێ ‌و ململانێكان لەپێناوی سەركەوتن‌ و بەدەستهێنانی دەستكەوتی گەورە و گرنگن بۆ مرۆڤایەتی لەسەر هەموو ئاست ‌و بوارەكانی سیاسی ‌و ئابووری ‌و ئەمنی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و فەرهەنگی ‌و هونەر و زانست‌و پەروەردە و..تد. ئاشكراشە هەموو پێشكەوتن ‌و داهێنان‌ و دۆزینەوەكانی مرۆڤایەتی لەسەر دەستی خودی مرۆڤ خۆیەوە هاتونەتە بوون ‌و بۆ خزمەتی كۆمەڵگا و شارستانێتیە مرۆڤایەتیەكان چێبوون. كەواتە سەرەتاو كۆتایی هەموو هەوڵ ‌و پێشكەوتن‌ و داهێنانەكان لە مرۆڤ و بۆ مرۆڤن. بەواتایەكی تر مرۆڤ بۆخۆی سەر قافڵەی كاروانی پێشكەوتن‌ و داهێنانەكانە و هەموو هەوڵەكانیشی هەر لەپێناوی دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان‌و گوزەرانێكی خۆش بووە بۆ مرۆڤەكان.
لە جیهانی پێشكەوتووی ئێستادا و لە سەدەی بیست‌و یەكەمدا، هێندەی گرنگی دەدرێت بە سەرچاوە مرۆییەكان نیو هێندە گرنگی نادرێت بە هەندێك لایەن كە پێشتر جێگەی گرنگیدانی زانا و حكومەت ‌و وڵاتان بووە، بۆ نمونە گرنگیدان بە بواری نەوت‌و غازی سروشتی پێدەچێت بۆ چەند دەیە ساڵێكی تر بەردەوام بێت، یان هەندێك سەرچاوەی تری وزەو ژیان. بەڵام ئەوەی كە بۆتە جێگەی گرنگیپێدانی ناوەندە سیاسی‌و زانستی‌و زانكۆكان لەجیهانی پێشكەوتوودا بریتییە لەتوێژینەوە زانستیەكان‌و پێگەیاندنی سەرچاوە مرۆییەكان لەڕێگەی پێگەیاندنی كادری زانستی بەتواناو هەلڕەخساندن بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا و ئەكادیمی ‌و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانستی بەرز و ورد لەپسپۆڕییە جیاوازەكاندا، چونكە چەندە كادری زانستی ‌و خاوەن بڕوانامەی بەرزو پسپۆڕی جیاواز پێبگەیەنرێت ئەوەندەش دەتوانرێت لە هەموو بوارەكاندا داهێنان‌و دۆزینەوە ئەنجام بدرێت.
بۆ نمونە لەوڵاتێكی وەكو ئیماراتی عەرەبیدا كە خاوەن نەوت‌و غازی سروشتییەو رۆژانە بڕی دوو ملیۆن ‌و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت‌و داهاتێكی باشی هەیە، بەڵام دەسەڵاتداران‌و زاناكانیان پلانیان داناوە بۆ ئەوەی لە ئێستاوە و لەدوای نزیكەی 50 ساڵی تر كە پێشبینی دەكەن ئەو سەرچاوەیەی وزەیان نەمێنێت‌ و بۆئەوەی تا ئەوكاتە پێویستی ناوخۆ و بشتوانن كادری بەتوانا هەناردەی دەرەوەش بكەن، روویانكردۆتە توێژینەوە زانستیەكان ‌و پێگەیاندن‌ و گرنگیدان بە سەرچاوە مرۆییەكان ‌و لەئایندەدا وەبەرهێنانی گەورە لەو بوارەدا دەكەن‌ و دەیكەنە سەرچاوەیەكی باشی داهات بۆ ئایندەیان، ئەوەتا لەهەوڵی پێكەوەنان ‌و دامەزراندنی ناوەندێكی گەردوونین لەئیمارات و سەدان زانای بیانیان بردۆتە وڵاتەكەیان بۆ پێگەیاندنی لاوەكانیان‌ و بە هەزارانیشیان ناردۆتە دەرەوەی وڵات بۆ ناوەندە زانستییە بەناوبانگەكانی جیهان بۆ پێگەیاندنیان.
بەڕاستی بیركردنەوەیەكی ژیرانە و دووربینانەیە و مسۆگەركردنی ئایندەیەكی رۆشنتریشە بۆ كۆمەڵگاكەیان‌ و جێگەی پێزانین ‌و رێزگرتنە.
بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و وەزارەتی خوێندنی باڵاو هەموو زانكۆكانی كوردستانیشە كە بەهەمان شێوە پلانی زانستی‌و واقعیان هەبێت بۆ ئایندە لەبواری گرنگیدان بە سەرچاوە مرۆییەكان ‌و توێژینەوە زانستیەكان‌و پێگەیاندنی كادری زانستی خاوەن بڕوانامەی بەرز لە هەرێمی كوردستاندا. هەر بۆیە لەم پێناوەدا:
حكومەت ئەركێتی كە بودجەی تەواو دابین بكات بۆ بواری توێژینەوەی زانستی وەكو هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو، چونكە بەبێ گرنگیدان بە توێژینەوە زانستیەكان هیچ بوارێك ناتوانرێت پێشبخرێت‌ و داهێنانی تیادا بكرێت، ئەوەتا وڵاتێكی وەكو ئەمریكا یان چین یان ژاپۆن‌و ئەڵمانیا و كۆریای باشوور پلەكانی (1 – 4)یان بۆخۆیان مسۆگەر كردووە، زۆرێكی تریش، ساڵانە لە بودجەی خۆیاندا بەملیارەها دۆلار تەرخان دەكەن بۆ ئەو بوارە و بۆ زاناكانیان، هەر ئەوەشە كە ئەو وڵاتانەی كردۆتە وڵاتانێكی گەشەكردوو و پێشكەوتوو داهێنەر لەهەموو بوارەكاندا.
راپۆرتێكی پەیمانگای یونسكۆ رایگەیاندووە كە ئەمریكا 4295 توێژەری هەیە بۆ هەر ملیۆنێك كەس، لەبەرامبەردا چین 1096 توێژەری هەیە بۆ هەر ملیۆنێك كەس، سەرەڕای زۆری ژمارەی دانیشتووانی، بەمەش ئەمریكا هەژموونی خۆی سەپاندۆتە سەر بواری توێژینەوەو پێشخستن‌و بەتەنها خۆی رێژەی (27 %)ی هەموو خەرجی جیهانی هەیە بۆ ئەو بوارە. كە بەرامبەر 100 وڵاتی كۆتایی لیستەكەی پەیمانگاكەیە لەسەر ئاستی جیهان.
بەڵام گەر سەیری خشتەی وڵاتانی عەرەبیش بكەین لە قەوارەی خەرجیەكانیانەوە بۆ بواری توێژینەوە و پێشخستن بۆمان دەردەكەوێت كە چەندە دواكەوتوون‌و چەندە گرنگی دەدەنە ئەو بوارە، بۆیە هەمیشە لەپاشكۆی وڵاتانی پێشكەوتووی دونیادا دەمێننەوە، كە عیراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە بەهەرێمی كوردستانی خۆشمانەوە.
هاوكات وەزارەتی خوێندنی باڵاش ئەركێتی بەرنامە ‌و پلانی زانستی دابنێت‌و بواری تەواو بڕەخسێنێت بۆ هەموو تەمەن ‌و بوارەكان بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا بەئاسانترین شێوە، كە خۆشبەختانە لەئێستاوەو لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی 2019 – 2020 زیاد لە 11 هەزار كورسی خوێندنی باڵای راگەیاندووە بۆ ئاستەكانی (دبلۆمی باڵاو ماجستێر و دكتۆرا) لە هەر 15 زانكۆكەی هەرێمدا.
بەهەمان شێوە زانكۆكان ئەركیانە كە گرنگی زیاتر بدەنە توێژینەوە زانستیەكان‌ و بنەما تیۆرییەكان بگۆڕن بۆ راستی سەر زەمینەی واقع كە كۆمەڵگاكەمان ‌و وڵاتەكەمان سوودی لێوەربگرن ‌و لەڕێگەی ئەو توێژینەوەو داهێنان ‌و دۆزینەوانەوە گەشە بەهەموو بوارەكانی ژیان بدرێت‌و تاك‌و كۆمەڵگای كوردەواری لە كۆمەڵگایەی بەرخۆرەوە بگۆڕن بۆ كۆمەڵگاو تاكێكی داهێنەر و پڕ بەخشش‌ و بەمەش ئایندەیەكی گەش‌ و رۆشنتر دەستەبەر دەكەین بۆ نەوەكانی دواڕۆژمان.
بەهیوای ئەوەی كە هەمووان لەئاستی لێپرسراوێتی ‌و ئەركەكانی قۆناغەكەو سەرشانیاندا بن‌ و دڵسۆزی‌و خەمخۆری بۆ نەتەوە و نیشتیمان بكەنە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن ‌و دووربكەونەوە لە دیاردە دزێوەكانی مەحسوبیەت‌و مەنسوبیەت ‌و هەمووان لە بەردەم یاساكاندا یەكسان بن‌ و هەلی یەكسان بۆ هەمووان بڕەخسێت، چونكە لەكۆتاییدا وڵات هی هەمووانە و هەقی بەسەر هەمووانەوە هەیەو ئەركی هەمووانیشە خزمەتی بكەن.

print

 27 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*