سەرەکی » هەواڵ » ״ خزمەتكردنی خەڵك بكەینە ئەولەویەتی كارەكانمان״

حاكم قادر سەردانی پارتی ‌و گۆڕان-ی كرد

״ خزمەتكردنی خەڵك بكەینە ئەولەویەتی كارەكانمان״

شوان كەریم

لەچوارچێوەی سەردانەكانی وەفدی مەڵبەندی سلێمانی، بۆ لای حزب‌و لایەنە سیاسییەكان، دوێنێ، حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندیی یەكێتی‌و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی، هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەك لەجێگرانی مەڵبەند، بەجیا؛ سەردانی لقی چواری پارتی‌و مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان-یان، لەسلێمانی كرد.
لەمیانی سەردانەكەیاندا بۆ لقی چواری پارتی‌و لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەعید ئاغا بەرپرس‌و ژمارەیەك لەكارگێڕانی لقی چوار، سەرەتا، حاكم قادر، ئامانجی سەردانەكەیانی خستەڕوو كە زیاتر بۆ گەشەپێدان‌و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوانیانەو وتی: گەلەكەمان، لەم ساتە هەستیارەدا، كە عیراق‌و هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكەی پێدا گوزەر دەكات، لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەیەكڕیزیی‌و تەبایی هەیە بەتایبەتی بۆ بەدەستهێنانی مافەڕەواكانی گەلەكەمان‌و گەیشتن بەئامانجەكان.
حاكم قادر، بەگرنگییەوە باسی لەبایەخی هاوبەش‌و پێكەوەیی پارتی‌و یەكێتی وەك دوو لایەنی خەباتگێڕو شارستانی‌و حوكمڕان، كردو دووپاتیكردەوە كە پێویستە لەسنووری سلێمانی پرسی خزمەتكردنی خەڵك‌و گەیاندنی تەواوی خزمەتگوزارییەكان پێیان، بكەینە ئەولەویەتی پلان‌و كارەكانمان.
لەبەرامبەردا بەرپرسی لقی چوار، پێگەی یەكێتی؛ لەنێو بازنەی حوكمڕانییەكی سەركەوتوو بۆ خزمەتكردن‌و ئاسوودەیی‌و سەرفرازیی گەلەكەمان بەرزنرخاندو تەئكیدیشیكردەوە كە پێویستە هەموو لایەنەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمەكەمان، یەكڕیزو یەكهەڵوێست بن‌و زۆر گرنگیشە پەرە بەپەیوەندییەكان بدرێت.

سەردانی گۆڕان
لەسەردانەكەشیاندا بۆ مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان، وەفدەكە، لەلایەن عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان‌و مامۆستا جەمال سكرتێری چڤاتی گشتی‌و عەدنان عوسمان سەرۆكی جفاتی نیشتمانی‌و بەختیار عومەرو دلێر عومەر، پێشوازیكران.
لەسەرەتای دیدارەكەدا، عومەر سەید عەلی، پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی یەكێتی كرد. پاشان حاكم قادر؛ ئاماژەی بەگۆڕانكارییە سیاسییەكانی عیراق‌و هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە، كردو رایگەیاند: زۆر گرنگە لایەنە سیاسییەكان لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەڕەواكان‌و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان‌و بەتایبەت لەمەسەلە نیشتمانی‌و نەتەوەییەكاندا، هاوهەڵوێست‌و تەباو یەكگرتووبین‌و پێكەوە بە نیەتی شەراكەتی راستەقینە، داكۆكی لەماف‌و داخوازییەكانی خەڵك‌و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بكەین، بەتایبەت بۆ سنووری سلێمانی.
لەبەرامبەریشدا، عومەر سەید عەلی، رایگەیاند: لەبارەی هەموو ئەو پرسانەی كە گەلەكەمان لێیەوە لەدۆخە ئاڵۆزو قەیرانەكان دەربازی دەبێت، هاوكارو هەماهەنگ دەبین‌و وتیشی: گرنگە لەم قۆناغە هەستیارەدا لەڕووی سیاسییەوە هەوڵبدەین یەكڕیزیی دەستەبەر بكەین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*