سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » پرسیارە قورسەكانی بەردەم عەللاوی

پرسیارە قورسەكانی بەردەم عەللاوی

بەرلەوەی لە 1ی شوبات بۆ پێكهێنانی حكومەتی راگوزەر رابسپێردرێت، عیراق نغرۆی خۆپیشاندانی گەورە و ململانێیەكی ئیقلیمی ناقوڵا بوو، كاتێكیش ئەركی پێكهێنانی حكومەتی پەسەندكرد، دەستپێكی بەڵێنەكانی جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپیشاندەران و مافە رەواكان بوو، درۆ و راستی جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەش، وەك دەگوترێت «لەبواردا دەردەكەوێت».
محەمەد تۆفیق عەللاوی لە قۆناغێكی سەختدا شانیدایە بەر سەركردایەتیكردنی وڵات، لە قۆناغێكی پڕ لە كێشە و تەنگژەدا پێكهێنانی حكومەتی راگوزەری قبوڵ كرد كە هەم لەسەر ئاستی نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بە قۆناغێكی سەخت لە مێژووی عیراقدا دادەنرێت.
عەللاوی كە لەلایەن سەدرییەكان و بەدرییەكانەوە پشتیوانی لێدەكرێت، دەتوانێت مل بۆ زۆرێك لە گوشارەكان كەچ نەكات و بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی كە خۆیان لە پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكرات و بەدوور لە پشكداریی حزبی دەبیننەوە، وێڕای گوێگرتن لە خۆپیشاندەران و چارەسەركردنی كێشەكانیان.
حكومەتی نوێی عیراق كە زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، رەنگە ماوەیەكی زیاتر لەو ماوەیەی بۆی دیاریی كراوە بمێنێتەوە، رەنگە بواری زیاتری بۆ چاكسازیی لەبەردەمدا بێت و بتوانێت بە هاوكاریی لایەنگرانی وڵات بەرەو قۆناغێكی تر ببات.
حكومەتی نوێی عیراق بەسەركردایەتی عەللاوی، لەگەڵ ئەوەی لە زۆر رووەوە دەستكراوە دەبێت بۆ كاركردن، لە هەمان كاتیشدا دەكەوێتە بەردەم چەند پرسیارێكی قورسەوە كە بۆچوونی زۆرێك پێدەچێت دوایین هەل بێت بۆ وەڵامدانەوە و بەخۆداچوونەوە و راستكردنەوەی رێڕەوەكان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان.
عەللاوی گەر لە ماوەیەكی پێوانەییدا نەتوانێت تەوژمەكانی ناڕەزایی لە شەقامدا هێوربكاتەوە و لانی كەمی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ‌ بكات، ئەوا بە هەمان شێوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دووچاری رەتكردنەوە دەبێت و بەر لە نەیارانی، لەلایەن لایەنگرانییەوە دەكەوێتە بەر تیر و توانج و پاشان متمانەی لێسەندنەوە.
لەبارەی خۆبەدوورگرتن لە تێوەگلان ململانێكانی ناوچەكە، پێویستە حكومەتی نوێی عیراق بە پراكتیكی بێلایەنی خۆی بسەلمێنێت و هەموو لایەنەكانیش بەشێوەیەكی یەكسان ناچار بكات رێز لە سەروەریی خاك و كایەی ئاسمانی و شكۆی دەوڵەتەكەی بگرن، دەبێت بەرژەوەندی وڵات و گەلەكەی بخاتە پێش هەموو بەرژەوەندییەكان و رێگە بە پێشێلكردنیان نەدات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*