سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » بژاردەی لایەنی كوردی كامە دەبێت، متمانەپێدان یان رەتكردنەوە؟پەڕە 23

شەن و كەو

بژاردەی لایەنی كوردی كامە دەبێت، متمانەپێدان یان رەتكردنەوە؟

وەك بڕیارە دەبێت ئەم چوارشەممەیە رۆژی یەكلایی كەرەوە بێت بۆ بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ دەنگدان لەسەر كابینە چاوەڕوانكراوەكەی محەمەد عەللاوی و زانیارییەكانیش باس لەوە دەكەن كە پێش ئەوەی ناوی وەزیرەكان و كۆی پێكهاتەی كابینەكە بنێردرێتە نوێنەران، عەللاوی بەنیازە ناو و سیڤیی كاندیداكانی لەپێناو راكێشانی سەرنجی دەنگە ناڕازییەكان و زیادبوونی كێرڤی پشتیوانییەكانی (جا چ لە شەقام بێت یان لە نوێنەران)، بۆ میدیا و كەناڵەكانی راگەیاندن ئاشكرا بكات.
ئەم پرسە سیاسییە گەرمە لایەنەكان و شەقامیشی دابەشكردووە، لە رۆژانی كۆتایی هاتنی كاتی دەستووریی كەسی راسپێردراویشدا، پێكهاتەی سوننە بەشێكی ئەوانەی كە بە لایەنگرانی ئێران و قەتەر دەناسرێن، پشتگیریی سەرسەختانەی عەللاوی دەكەن، نیوەكەی دیكەشیان كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات و ژمارە گەورەكەن، تەحەفوزیان لەسەر عەللاوی هەیە و ئەوەیان نەشاردۆتەوە كە رەتی دەكەنەوە، ئەم رەتكردنەوەیەش ناكۆكیی خستۆتە ناو دامەزراوەیەكی وەك نوێنەرانەوە لە نێوان (محەمەد حەلبوسی و حەسەن كەعبـی جێگری یەكەمیدا).
لێدوانی جیاوازمان لەبارەی رۆژی بەستنی دانیشتنە نائاساییەكە و رێككارە یاساییەكان بۆ متمانەدان بە كابینەكەی عەللاوی گوێ لێ بوو.
لەناو ماڵی شیعەشدا هاوپەیمانی «بنیاتنان و سائیرون» دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت، دەنگ لەسەر كابینەكە بە ئەرێنی بدرێت.
لەولاشەوە كوتلەكەی مالیكی و چەند لایەنێكی نزیك لە مەرجەعی باڵای شیعە، متمانەدان بە كابینەكە بەدوور دەزانن، هاوپەیمانیی فەتحیش ئەگەرچی لەسەرەتادا هاوشان لەگەڵ سائیروندا پشتگیرییان لە عەللاوی كرد، ئێستا ئەوە ناشارنەوە كە بەشدارییان لە كۆبوونەوەكەدا بەندە بە جێبەجێكردنی داخوازییەكانیانەوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.
تا رۆژی دووشەممەش كورد پێداگریی لەسەر ئیستیحقاقی نەتەوەیی خۆی كردووە و چەند رۆژێكیشە وەفدێكی كورد لە بەغدا خەریكی دانوستاندنە لەبارەی بەرنامەی كاری حكومی و جێبەجێكردنی بابەتی مووچە و بودجە و ناوچە دابڕێنراوەكان و ماف و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە و زۆر پرسی دیكەی هەڵپەسێردراوی نێوان هەرێم و بەغدا، لەم رووەشەوە وەفدی دانوستكار بەشداریكردنی لایەنی كوردی و متمانەدانیان بە كابینەكەی عەلاوی بە چارەسەری كۆی ئەو پرسانەوە بەستۆتەوە.
سەرنجی بەجێ ئەوەیە كە ئەگەرچی باس لە دەنگێكی زۆری دژ و ناڕازیی دەكرێت، بەڵام وای بۆ دەچم كە ئەم كابینەیە متمانەی زۆرینە وەربگرێت، چونكە هێشتا گفتوگۆكان كۆتاییان نەهاتووە و كوردیش تا رۆژی دووشەممە دەستی لە دانوستاندن و پشكە بەشی خۆی لە كابینەكە هەڵنەگرتووە (لەپاڵ كورسییەكانی دارایی و داد، باس لە رەزامەندیی عەللاوی دەكرێت بۆ زیادكردنی كورسییەكی دیكە بۆ لایەنی كوردی بەناوی وەزارەتی دەوڵەتەوە بۆ كاروباری كوردستان)، خۆ ئەگەریش عەللاوی لەو تێڕوانینانەی چەند رۆژی پێشووی نەیەتە خوارەوەو سووربێت لەسەر تێپەڕاندنی قەوارە و پێكهاتەی كوردو نەدانی رۆڵی شایستە بەم پێكهاتەیە، ئەوا باشترین ئەڵتەرناتیڤ كشانەوەیە لە پێدانی متمانە بەو كابینەیە و بەهێزكرنی پەیوەندییەكانی كوردە لەگەڵ هێزو لایەنە سوننە شیعە ناڕازییەكان و كردنەوەی بەرەیەكی بەهێزە بۆ لەباربردنی ئەوكابینەیە. تا لانیكەم ئامادەكاریش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت، پشتگیریی لە مانەوەی حكومەتە كاربەڕێكەرەكەی عەبدولمەهدی بكات بۆ بەردەوامبوون لە كارەكانیدا كە پێموایە ئەوە بژاردەیەكی باش دەبێت.

print

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*