سەرەکی » ئاراستە » گوندی حاجی قادری مارف لە ناوجەرگەی شارەزووردا

گوندی حاجی قادری مارف لە ناوجەرگەی شارەزووردا

بەشیر سادق تۆفیق

گوندی حاجی قادری مارف،کە سەیدسادقی خواروشی پێدەڵێن، ناوی یەکێک لە گوندەکانی سنوری شارەزوور و سەیدسادقە و، بەدیاریکراوی دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەزایی سەیدسادق بەدووری تەنها یەک کیلۆمەتر و، ئێستا کەوتوتە ناو سنوری شارەوانی سەیدسادق و ،لەڕووی کاڕگێڕییەوە سەربە پارێزگایی سولەیمانیە،سەبارەت بە دانانی یەکەم خشتی بونیادنانی ، مێژوویەکی دێرینی نیە، سەرەڕایی بوونی چەند مەڵبەندێکی نیشتەجێبوونی دێرین لەسنوری گوندەکەدا،کە دواتر باس لەهەندێکیان دەکەین، سەرەتاکانی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1947)ز، کە لەلایەن تیرەی وردەشتاری هۆزی گەورەی جاف و خودی سەرۆکی تیرەی وردشاتری ئەوکات (حاجی قادری مارف)ەوە بونیادنراوە و ، پاشان دەستە دەستە خزمانی تیرەکەی هێناوەتە نزیک خۆیی و زەوی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵیشی پێداون، لەسەرەتادا ژمارەی ماڵەکانی گوندەکە چەند ماڵێکی کەمبوون، دواتر بەتێپەڕبوونی کات ژمارەی ماڵەکانیش زیادیان کردووە، دانیشتوانەکەشی پێش نیشتەجێبوونیان لەگوندەکە ،مەڕدار بوون و گەرمیان و کوێستانیان دەکرد، کە لە زستانان لە دەشتییەکانی گەرمیان و شیروانە دەبەزین و ، پاشان لەوەرزی هاوینان دەکشان بەرەو ژووروی کوردستان و ،کەهەندێکجار دەچون تانزیک شارەکانی سنەو بۆکان، پاشان بەهەمان شێوە دەگەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان، هۆکاری نیشتەجێبوونی یەکجاریشان بۆ کۆت و بەندەکانی سنور و گۆڕانکاری ژیانی کۆمەڵایەتی ئەوسایی ناو هۆزەکە گەڕایەوە.
پێش دانیشتن و ئاوەدانکردنەوەی ئەم گوندە، چەند ماڵێک لەنزیک شوێنی ئاوەدانی ئەم گوندە نیشتەجێببوون، لەوانە (نەویجانە سوور) کە کەسایەتیەکی دیاری هۆزی چنگنی بووە ، لەنزیک سەرچاوە ئاوێ کە ئێستا پێی دەوترێت(خوداداد)نیشتەجێبووە، لەدەوروبەری ساڵانی (1900)ز، کەئەوکات ئەم گوندە بەسەیدسادقی خواروش نێوبراوەو سەربە ناحیەیی خورماڵ و قەزایی هەڵەبجە بووە، هەروەها لەو سەرو بەندەشدا چەند ماڵی (دۆم)، کە زیاتر پیشەیان دارتاشی و پینەدۆزی و بێژنگ و چەقۆ دروستکردن بووە لەنزیک سەرچاوی ئاوی خوداد و گوندەکەی (نەویجانە سوور )نیشتەێببوون ، کەئەوکات ئێرە کۆچەڕێی هۆزی جاف بووە، واتە لەڕێگایی جافەکاندا دەوارەکانیان هەڵداوە و بەرهەمەکانیان بەوان فرۆشتووە، تائێستا بەو جێگا دەوترێت ،(کلکەی دۆمەکە)، کە ئێستا دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاخی سەیدسادق.
وەک پێشتر باسمانکرد ، ناوچەکەی شارەزوور لانکەی گەلێک شارستانیەتی دێرینی گرنگ بووە، هەندێکیان ئێرە مەڵبەندی سەرەکیان بووە، چەندین پاشماوەی دیرۆکی پێناسەی سەردەمەکان دەکات، بۆنمونە بوونی چەندین گرد و تەپۆڵەکەی دەستکرد کە مێژوو هەندێکیان بۆ چەند هەزارساڵێک پێش زاین دەگەڕێتەوە، لەسنوری ئەم گوندەدا (4)گردی شوێنەواری هەن کە مێژوویان بۆ سەردەمی کاشی و ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە، کە لەم گردانەدا چەادین پاشماوەی گۆزە و موورو زمروت و خشتی سوور دۆزراونەتەوە،ئەمە سەرەڕایی بوونی چەندین قەبرستانی گەورەی مێژوویی کە بەدروستی مێژووییەکەیان نازانرێت، بەڵام لەوە دڵنیاین ئێرە مەڵبەندی زۆر شارستانیەتی گەورە بووە، چونکە ژمارەیەکی زۆڕ ئێسک و پروسک و کەلەسەری مرۆیی دێرین دیتراوەتەوە ،هەروەها لەسنوری ئەم گوندە چەند کارێزێکی مێژووی هەن، کە دیسان مێژوویان دیارنیە، کەزیاتر لەناوچەکان بناری سورێنەوە ئاو هێنراوە بۆ ناوچە پێدەشتیەکانی شارەزوور، بەهەمان فێنکی و سازگاری ئاوەکە، درێژی ئەم هەندێک لەم کارێزانە نزیک بە (15) کم دەبێت،لەسنووری گوندەکەدا چەند سەرچاوەیەکی ئاویی بوونی هەیە، لەوانە چەند چەم و کارێزێک کە سەرچاوەی ئاوی گوندەکەن بەتایبەت بۆ کشتوکاڵکردن لەوانە چۆمی(خوداداد و شوانە جۆگە) و کارێزەکانی (کانی قرژاڵ و خوداداد).
سەبارەت بە سەرەتاکانی خوێندن لەگوندەکەدا ،ساڵانی
( 1970)سەرەتایی دەسپێکردنی خوێندن بووە لەم گوندەدا، ئەمە سەڕایی ئەوەی لەپێشتردا چینێکی خوێندەواری باشی تێدا هەڵکەوتوە، بەهۆی نزیکی گوندەکە لەشاری سەیدسادقەوە، درەنگ خوێندگایی تێداکراوەتەوە، سەبارەت بە ڕۆڵی دانیشتوانی گوندەکە لەشۆڕەشەکانی کوردستاندا خاوەن پێگەی خۆیان بوون، چەندینجار شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حکومەتەکانی عێراقدا ڕویداوە خاوەنی (5)شەهیدە،تائێستاش دووجار گوندەکە خاپوورکراوە لەساڵی( 1963-1988) ئەمە سەرەڕایی ئەوەی داروپەردووکەشی سوتێنرا، پاشانیش سەروەت و ماڵی دانیشتوانی گوندەکەش تاڵانکرا، لەئێستا ژمارەی ماڵەکانی گوندە نزیکەی(200)ماڵە و ژمارەی دانیشتوانەکەشی زیاترە(1500) کەس.
دانیشتوانی گوندەکەش سەرقاڵی کشتوکاڵکردن و ئاژەڵدارین و، ئەمە سەڕایی مووچەخۆری ژمارەیەک لەدانیشتوانی گوندەکە، زەویی گوندەکە نزیک(3)هەزار دۆنم زەوییە و زۆربەی زەوییەکانیشی دێمن، زەوی گوندەکە دەکەوێتە کەرتی (7)ی قەرەتەپەیە.
سەبارەت ئاستی خزمەتگوزارییەکان لەگوندەکەدا لەئێستادا ، خاوەنی دوو خوێندگایی بنەڕەتیە، خاوەنی تۆڕێکی نوێی کارەباییە و سێ مزگەوتی تێدایە و لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە، ڕێگاوبانی گوندەکەش کەمترین خزمەتکراوە و دانیشتوانی گوندەکە لەسەر ئەرکی خۆیان ڕێگاکان نۆژەندەکەنەوە.لەئێستادا گوندەکە پێویستی بە ئاوڕدانەوەی جدییە و بەتایبەت نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان و دروستکردنی نەخۆشخانە و ڕێگەنەدان بەدەست درێژیکردنە سەر زەوییەکشتوکاڵیەکان بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون.

سەرچاوە:
1ـ بەشیرسادق، شارەزوور و سەیدسادق ،لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە، بڵاونەکراوە
2ـ دیمانە و چاوپێککەوتن

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*