سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » یه‌كێتی و راپه‌ڕینی دووه‌م

لەناو روداوەکاندا

یه‌كێتی و راپه‌ڕینی دووه‌م

دوای‌ كۆنگره‌

به‌شی حه‌وته‌م

له‌ ئێستادا كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر «یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان»ی‌ دوای‌ چواره‌مین كۆنگره‌ ده‌كه‌ین، به‌و مانایه‌ نییه‌ ئێمه‌ی دڵسۆزان و كادیران و ڕۆژنامه‌نوسانی ئه‌م حیزبه‌ یه‌كێتییه‌كمان ده‌وێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی‌ پێش كۆنگره‌ نه‌چێت!. ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێكمان نییەتێكی له‌و شێوه‌یه‌مان هه‌بێت، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌مان كردووه‌ و له‌ ڕه‌هه‌نده‌ مێژووییه‌كه‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ یه‌كێتی بخوێنینه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و مێژووه‌ جوانه‌ی‌ پێش كۆنگره‌ وایكردووه‌ له‌ حیزبێكی وه‌ك یه‌كێتی كه‌ هه‌میشه‌ له‌و ڕه‌هه‌نده‌ مێژووییانه‌وه‌ خه‌باتی خۆی به‌رده‌وام بكات كه‌ یه‌كێتی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌، ته‌نانه‌ت زۆرجار ئێمه‌و دڵسۆزانی‌ یه‌كێتیش ده‌ڵێین: «یه‌كێتی له‌ مێژووی‌ خۆی لایداوه‌« ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ یه‌كێتی ناو مێژوو یه‌كێتییه‌كی زۆر جوان و پاكه‌ و ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ڕه‌وڕه‌وه‌ مێژوییه‌كه‌ی‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ده‌بێته‌وه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ جاران كه‌ جێ ئومێدی ئه‌وانه‌ش بوو یه‌كێتی نه‌بوون.
یه‌كێك له‌و جوانیانه‌ی‌ له‌مێژووی‌ پێش كۆنگره‌ی یه‌كێتیدا هه‌یه‌ ڕاپه‌ڕینی كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی كوردستانه‌ كه‌ ئه‌ندازیارو هه‌ڵسوڕێنه‌ری‌ ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، ئه‌ویش له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی وڵات و ڕزگاربوون له‌ژێرده‌سته‌یی و سته‌م. به‌م مه‌فهومه‌ مادام یه‌كێك له‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتی له‌سه‌ر بنیادنراوه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردییه‌، كه‌واته‌ یه‌كێتی ده‌بێت له‌ئێستادا كه‌ چواره‌مین كۆنگره‌ی‌ خۆیی به‌ستووه‌و خۆی كۆكردۆته‌وه‌ بۆ پیشاندانی‌ یه‌كێتییه‌كی نوێ !، كه‌واته‌ ده‌بێت مه‌سه‌له‌ی‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بكاته‌وه‌ ئه‌جێندای‌ كارو ئیشی یه‌كه‌می و هیچ لایه‌ن و كه‌سێك له‌ئێستادا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ نه‌كات كه‌ ئه‌وان هه‌ڵگری‌ پرسی نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یین له‌باشووری‌ كوردستان.
ئێستا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێویستی به‌ڕاپه‌ڕینی دووه‌مه‌، وه‌ك چۆن له‌ڕاپه‌ڕینی یه‌كه‌مدا بووه‌ سه‌رقافڵه‌ی‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد و خاكی كوردستان به‌خوێنی ڕۆڵه‌كانی‌ یه‌كێتی ئازاد بوو، ئه‌وا پێویسته‌ ڕاپه‌ڕینی دووه‌میش بكات تاكو دیدگای نه‌ته‌وه‌یی و پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییمان له‌ ناكۆكی و دژایه‌تی یه‌كتر ڕزگار بكات و وه‌ك چۆن مام جه‌لال كاتێك لێی ده‌پرسن: یه‌كێتیی نیشتمانیی له‌پێناو چی؟ ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت یه‌کێتیی نیشتمانیی له‌پێناو یه‌كێتی نیشتمانیی هێزه‌ كوردستانییه‌كان و یه‌ك ڕیزی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تی‌ كورد، ئه‌وا ئێستاش ئه‌بێت كاتێك لێمان ده‌پرسن نوێبوونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی واتای‌ چی؟ ئه‌بێت ئه‌و وه‌ڵامه‌مان ببه‌ستینه‌وه‌ به‌و خه‌ونه‌ی‌ سه‌رۆك مام جه‌لاله‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی هه‌ڵگری‌ هه‌مان مانا و ویستی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا هه‌وڵی بۆ داوه‌ و خه‌باتی بۆ كردووه‌.
ڕاپه‌ڕینی دووه‌م بۆ یه‌كێتییه‌كه‌ی‌ دوای‌ چواره‌مین كۆنگره‌ به‌وه‌ ده‌بێت نه‌ك ته‌نها بۆ ناوخۆی كوردستان و به‌تایبه‌تتر له‌ باشووری‌ كوردستان هه‌وڵی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی هێزه‌ كوردییه‌كان بدات، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ته‌واوی‌ جیهان و له‌هه‌ر كوێیه‌ك هێزێكی سیاسی كوردی وجودی هه‌یه‌ بخرێته‌ به‌ره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ و خه‌باتێكی نه‌ته‌وه‌یی تاك ئاراسته‌ ده‌ست پێبكرێت تاكو وه‌ك چۆن نیشتمانمان به‌ڕاپه‌ڕینی یه‌كه‌م ئازادكرا ئه‌وا نه‌ته‌وه‌كه‌شمان به‌ ڕاپه‌ڕینی دووه‌م له‌هه‌ر دابه‌شبوون و خۆخۆری و ناكۆكییه‌ك ڕزگاری‌ ببێت كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ كورد به‌ده‌ست ئه‌و نه‌خۆشییه‌ كوشنده‌یه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.
ناكرێت و نابێت چواره‌مین كۆنگره‌ی‌ هێزێكی گه‌وره‌ی‌ وه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆتایی هاتبێت و بازدانێكی گه‌وره‌ی‌ كردبێت به‌سه‌ر جوڵه‌ سیاسییه‌كانی‌ یه‌كێتیدا، به‌ڵام په‌نجه‌ نه‌خاته‌سه‌ر پرسێكی هه‌ستیاری نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌م جومگه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ گرنگه‌ی كورد پشتگوێ بخات، مادام یه‌كێك له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان ڕه‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌، ئه‌وا ناكرێت ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ له‌ ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ی‌ یه‌كێتی نوێدا جۆشنه‌درێته‌وه‌، وه‌زیفه‌ی‌ ڕاپه‌ڕینی دووه‌می یه‌كێتی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌م پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌سه‌ر ئاستی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ش له‌و قاڵبه‌ كۆن و پڕ كه‌م و كورتییه‌دا نه‌مێنێته‌وه‌ و به‌و هه‌موو ناته‌واوییه‌وه‌ به‌رده‌وام نه‌بێت، ئه‌وه‌شی هێوایه‌ك ده‌دات به‌هاوڵاتیان كه‌ ئه‌م پرسه‌ش باشتر بكات یه‌كێتی دوای‌ كۆنگره‌یه‌.

print

 123 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*