سەرەکی » ئاراستە » لە یادی 29 ساڵەی شەهیدی فەرماندە محەمەد عوسماندا

لە یادی 29 ساڵەی شەهیدی فەرماندە محەمەد عوسماندا

زوبێر عوسمان*

لە كاتێكدا یادی راپەرینە مەزنەكەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەینەوە كە 29 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی 5ی ئاداری 1991، رانیەی سەوزپۆش تاجی سەربەرزی كردە سەرو بووبە بەدەروازەی راپەرین و سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە لە دژی رژێمی بەعسی عەفلەقی فاشی، تاجی سەركەوتنەكانی لە كەركوكی قودسی كوردستان لەسەرنا كە لەلایەن سەركردایەتی ی.ن.ك نەخشەڕێگاو پلان و بەرنامەی بۆ دارێژرابوو، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەسەر ناوچەكانی كوردستان دابەشكرابوو، شانە چەكدارەكانی (بروسك و شاڵاو و سرك) كە لەلایەن سەركردایەتەوە ئاراستە دەكران، بەهەماهەنگی جەماوەری خۆراگری كوردستان بنكەو مۆڵگەكانی رژێمیان راماڵی، راپەرین بەخوێنی گەش و ئاڵی شەهیدە قارەمانەكانمان گەیشتە لوتكەی سەركەوتن، راپەرین بەرەی رەنجی خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و جەماوەری گەلەكەمانە.
راپەرین بەتەنها شۆڕشێكی چەكداری نەبوو بەڵكو ڕێبازێكی شۆڕشگێڕی راستەقینەی خاوەن پلان و بەرنامەی نەخشەرێگای سەركەوتنی ستراتیژی سیاسی چەكدار بوو لەپێناو ئازادی و دیموكراسی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و مافی چارەنووس.
راپەرین بەخوێنی گەش و ئاڵی زیاتر لە 1261 شەهیدی ی. ن. ك گەیشتە ترۆپكی سەركەوتن كە یەكێك لەو شەهیدانە (محەمەد عوسمان)ی برامە كە لە 10ی ئایاری 1977 پەیوەندی بەڕێكخستنەكانی ی.ن.ك-ەوە كردبوو و لە 25ی تەمووزی 1979 چەكی شەرەفی پێشمەرگایەتی لە هەرێمی7ی باڵەك لە دەستەی كاك قادر خەباتی نەمر كردەشان و پێشمەرگەیەكی ئازاو چاونەترس و بوێرو لێهاتوو بوو، پلە بەپلەی بڕی تا بوو بەفەرماندەی كەرت، سێ جار برینداربوو، دواجارو لەدوای 14 ساڵ پێشمەرگایەتی لە رۆژی 9ی ئاداری 1991 لەكاتی هەڵكوتانە سەر مەنزومەی ئەمن و ئیستخبارات و شورتەی باسرمە لە نەبەردیەكی كەم وێنەدا لەشەڕێكی دەستەویەخە بەپێوەو لە پێشی پێشەوە شەهیدبوو، هەر وەك بەڵێنی بەخەڵكی كوردستان دابوو بەفیداكردنی گیانی خۆی كوردستان ئازاد بكات، بەڵێنەكەی هێنایە دی و بوو بە یەكەمین شەهیدی راپەڕین لە سنووری پارێزگای هەولێرو دووەمین شەهیدی بنەماڵەكەی كە شەهید عەلی برای باوەشی بۆ كردەوەو گەیشتە كاروانی شەهیدە نەمرەكان.
هەزاران هەزار سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان بەتایبەت شەهیدانی راپەرینە مەزنەكەی 1991ی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەنێویشیاندا شەهید محەمەد عوسمانی برام.

*برای شەهید

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*