سەرەکی » دۆسێ » كۆرۆنا زۆربەی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوەپەڕە 3

بە سعودیە و ئوردن و تونس و مەغریبیشەوە

كۆرۆنا زۆربەی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە

تائێستاش ڤایرۆسی كۆرۆنا حاڵەتێكی نیگەرانی لە جیهاندا دروستكردووە، لەو دەمەی لە كۆتایی ساڵی رابردوو لە شاری ووهانی چینی دەركەوت.
وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەو دەردە بەدەرنەبوون، لەگەڵ یەكەم حاڵەتی توشبوون لە هەندێك لە وڵاتە عەرەبییەكان، و زیادبوونی ژمارەی توشبوان لە جیهانی عەرەبی و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لە شانشینی عەرەبی سعودیە، وەزارەتی تەندروستی وڵاتەكە لە 2ی ئاداری 2020، یەكەم حاڵەتی توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند كە هاووڵاتی سعودیە بوو لە ئێرانەوە لەڕێی بەحرێنەوە گەڕابۆوە.
بە هەمان شێوە لە تونسیش عەبدوللەتیف مەكی وەزیری تەندروستی وڵاتەكە، یەكەم حاڵەتی توشبوونی بە كۆرۆنا لە وڵاتەكەدا رایگەیاند كە هاووڵاتییەكی تونسییە و لە ئیتاڵیا گەڕاوەتەوە.
هەروەها لە ئەردەن یەكەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاندرا كە هاووڵاتییەكی ئەردەنییە و لە ئیتاڵیا گەڕاوەتەوە، لە هەمان كاتدا دەسەڵاتداران حاڵەتی هاووڵاتییەكی ترییان شاردەوە كە لەژێر چاودێری تەندروستیدایە.
دەسەڵاتدارانی مەغریب بە هەمان شێوە، تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەكەیان رایگەیاند و لەو بارەیەوە وەزارەتی تەندروستی مەغریبی رایگەیاندبوو، هاووڵاتییە توشبووەكە لە ئیتاڵیا نیشتەجێیە، لەئێستاشدا باری تەندروستی جێگیرە و لە شاری دارولبەیزا خراوەتە ژێر چاودێری تەندروستییەوە.
لە قەتەر، پشكنینەكان لە 2ی ئاداری 2020، توشبوونی زیاترییان دەرخست و بەو شێوەی كۆی گشتی ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتەدا گەیشتە حەوت حاڵەت، ئەمەش بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی قەتەری.
لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنی بەرگرتن بڵابوونەوەی نەخۆشییەكە، دەسەڵاتدارانی قەتەری، كۆتوپێوەندی كاتییان بەسەر هاتنەناوەوەی هەموو ئەوانەدا سەپاند كە لە میسرەوە دەچنە وڵاتەكە.
لە جەزائیر لە 1ی ئاداری 2020، دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە دوو ژنیان دەستبەسەركرد كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەو شێوە كۆی ژمارەی توشبوان لە وڵاتەكە بۆ سێ‌ حاڵەت بەرزبۆوە.
هەر رووەوە سەرۆكایەتی جەزائیر، داوای ئامادەباشی كردبوو لە هەموو ناوچەكانی وڵاتەكە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە.
لە كوێت، وەزارەتی تەندروستی كوێت لە 2ی ئاداری 2020، تۆماركردنی 10 حاڵەتی نوێی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رایگەیاند و كۆی گشتی ژمارەی توشبوان لە وڵاتەكەدا گەیشتە 56 حاڵەت.
لە هەمان كاتدا وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراقی، دۆزینەوەی دوو حاڵەتی توشبوونی نوێی لە بەغدای پایتەخت رایگەیاند و ئاماژەی بە گەڕانەوەی توشبووەكان كردبوو لەم ماوەیەی دواییدا لە ئێران، ژمارەی توشبوانیش تا ئەو دەمە لە عیراقدا 21 حاڵەت بوو.
لە بەحرێن، دەسەڵاتداران تۆماركردنی شەش حاڵەتی نوێی توشبوون بە كۆرۆنایان رایگەیاندبوو، كۆی گشتی توشبوانیش لە وڵاتەكە بۆ 47 حاڵەت بەرزبۆروە. لە 2ی ئاداری 2020، دەسەڵاتداران بۆ ماوەی هەفتەیەك دەوامی خوێندنگەكانیان راگرت و داوایان لە هاووڵاتیان كرد، گەشت نەكەن بۆ ئەو وڵاتانی ڤایرۆسەكەیان تێدا بڵاوبۆتەوە لەوانەش ئێران، ئیتاڵیا، تایلەند، سەنگافورە، مالیزیا، و كۆریای باشوور.
لە ئیمارات دەسەڵاتداران رایانگەیاندبوو، ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسەكە گەیشتۆتە 21 حاڵەت، لەوانش پێنج حاڵەتییان چاكبوونەتەوە.
لە لوبنان دەسەڵاتداران دۆزینەوەی دە حاڵەتی نوێیان لە وڵاتەكەدا رایگەیاند كە هەموویان بیانی بوون.
لە میسر، دەسەڵاتداران دوو حاڵەتی توشبونیان لە كۆرۆنا تۆماركرد كە یەكێكیان هەڵگری ڕەگەزنامەی كەندییە. میسر لە 28ی شوباتی رابردوو، چاكبوونەوەی یەكەیم حاڵەتی توشبوونی راگەیاند كە هاووڵاتییەكی چینی بوو. (تا كاتی ئامادەكردنی ئەم نوسینە، هیچ حاڵەتێكی توشبوون لەنێوان هاووڵاتیانی میسردا تۆمارنەكراوە).
دەسەڵاتدارانی میسر، رێوشوێنی توندییان بۆ خۆپاراستن گرتۆتەبەر لە پێگەكانی كاركردنی سەر بە كۆمپانیای نەوتی میسر لە دوای دۆزینەوەی حاڵەتی دووەم كە هاووڵاتییەكی كەنەدییە و لە كۆمپانیاكە كاردەكات. دەسەڵاتدارانی میسر ئاماژەیان بە جیاكردنەوەی هەموو كارمەندای كۆمپانیاكە كردووە كە ژمارەیان 1500 كەسە بۆ ماوەی دوو هەفتە، لەگەڵ چاودێریكردنی نزیكەی 1427 كەسی تر كە لەگەڵیاندا تێكەڵاوبووە.
ماوەیەك لەمەوبەر، وەزارەتی تەندروستی فەرەنسا رایگەیاندبوو، شەش حاڵەتی توشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشان كردووە لەو كەسانەی لەم ماوەیەی دواییدا لە میسر گەڕاونەتەوە.
لەبەرانبەردا مستەفا مەدبولی سەرۆك وەزیرانی میسر رایگەیاندبوو، هەموو دەزگاكانی دەوڵەت و وەزارەتی تەندروستی دەستبەجێ‌ دەستییان كردووە بە دەستخستنی زانیاریی تایبەت بە گەشتیارە فەرەنساییەكان، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، و بەدواداچوون بۆ شوێنی نیشتەجێبونیان لە میسر، تا تەئكید لەسەر سەلامەتی ئەو كەسانە بكرێتەوە كە لەو شوێنانەی سەردانیان كردوون، لەگەڵیاندا تێكەڵاوبوون.
لە 1ی ئاداری 2020، هالە زاید وەزیری تەندروستی چین لەسەر راسپاردەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر سەردانی چینی كرد.
لە 2ی ئاداری 2020، هالە زاید لە بارەگای باڵیۆزخانەی میسر لە پەكین بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو، ئامانج لە سەردانەكەی بۆ چین، ئاڵوگۆڕكردنی شارەزایی و زانیارییە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە چین، وڵاتەكە دیاریی بەبەهای پێشكەش بە میسر كردووە كە لە بەڵگەنامەی تەكنكیی تایبەت بە گرتنبەری رێوشوێنی خۆپارێزی كە لە چین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە گیراوەتەبەر، پێكهاتووە.
لە سوڵتاننشینی عومان، دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار رایانگەیاندبوو، دوو حاڵەتی توشبوون چاكبوونەتەوە لەنێوان ئەو شەش حاڵەتەی پێشتر راگەیاندرابوو. وەزارەتی تەندروستی عومانی ئاماژەی بە دەستبەسەركردنی 2367 كەس كردبوو لەلایەن وەزارەتی تەندرستی ، لەگەڵ راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ ئیتاڵیا.
لە ئیسرائیل، دوو حاڵەتی توشبوونی نوێ‌ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشان كرا، بەو شێوەیە كۆی گشتی ژمارەی توشبوان گەیشتە 10 حاڵەت. نزیكەی 450 سەربازیش لە دوای گەڕانەوەیان لە دەرەوە، خراونەتە ژێر چاودێری تەندروستییەوە.
لە ئێران، دەسەڵاتداران بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە، بۆ 66 حاڵەت راگەیاند، لەگەڵ توشبوونی 385 كە كۆی گشتی ژمارەی توشبوانی لە وڵاتەكەدا گەیاندە 978 كەس.

تێبینی: ژمارەی توشبوان و ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە، ئاماری رۆژانی سەرەتای مانكی ئادارە، ئەو ژمارانەی رۆژانە لە بەرزبوونەوەدان و ئامارەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت.

 135 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*