سەرەکی » دۆسێ » دەستپێشخەرییەك بۆ پێكهێنانی حكومەت لەلایەن عەبادییەوەپەڕە 3

مالیكی كودەتای سیاسی رەتدەكاتەوە

دەستپێشخەرییەك بۆ پێكهێنانی حكومەت لەلایەن عەبادییەوە

رەوتەكان-

سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر دەستپێشخەریەكی نوێ بۆ رەوشی ئێستای عیراق رادەگەیەنێت و داوا دەكات بۆ ماوەی ساڵێك حكومەتێكی بچوككراوە پێكبهێنرێت كە كاری سەرەكی ئامادەكاریی بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پرۆسەكەش بەر لە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەم ئەنجام بدرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە دەنگۆی ئەنجامدانی كودەتا لەلایەن نوری مالیكی ئەمینداری حزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڵاودەبێتەوە، بەسەڵام سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەو دەنگۆیە رەتدەكاتەوە و بە ناڕاست وەسفی دەكات.
حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر لە 4ی ئاداری 2020 لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی رەوشی ئێستای عیراق رایگەیاندبوو، «رەوشی عیراق وادەخوازێت سەرجەم لایەنەكان بە بەرپرسیارێتییەوە هەڵسوكەوت بكەن و هەنگاوبنێن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و پێویستیشە بەگیانی لێبوردەیی و دور لەبەرژەوەندی تایبەت و ململانێ كاربكەن».
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»بۆ دەرچوون لە قەیرانی متمانەو بۆشایی دەسەڵات لە چوارچێوەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی دەستپێشخەری دەكەن كە لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراق كەسایەتیكی سەربەخۆ و بەهێز لە ماوەی 15 رۆژدا بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێردرێت».
دوای مانگێك لە راسپاردنی، لە 1ی ئاداری 2020، محەمەد تۆفیق عەلاوی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی راگوزەریی، لە پێكهێنانی كابینەكەی پاشەكشەی كرد و داوای لێبوردنی لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق كرد.
عەبادی پێیوایە»حكومەتێكی بچوككراوە بۆ ئیدارەدانی قۆناغێكی راگوزەر پێكبهێندرێت كە تەمەنی نەگاتە زیاتر لە ساڵێك و كاری سەرەكی ئەو حكومەتەش، ئامادەكاریی بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە بەشداریی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و وادەكەشی لە 31-12-2020 تێپەڕنەكات».
بە وتەی عەبادی»ئەركێكی تری ئەو حكومەتە، پارێزگاریكردن بێت لە ئاسایش وڵات و سەرجەم ئەوانەی تۆمەتبارن بەكوشتنی خۆپیشاندەرو هێزە ئەمنیەیكان بداتە دادگا، وێڕای خستنەگەڕی هەوڵەكانی بۆ ئەوەی
سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر بەپێویستی دەزانێت»سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەت پابەندبێت بە پێكهێنانی كابینەكەیەك كە كەسانی حزبی لەخۆنەگرێت و وەزیرەكانی نوێنەرایەتی گەل بكەن، لە هەمان كاتدا كەسێك بۆ راوێژكاری سەرۆك وەزیران دابمەزرێنێت بۆ بەكاروباری جەماوەریی و دڵنیایی بەشداریكردنی گەلی عیراق لەو قۆناغە راگوزەرە».
عەبادی داوا»لیژنەیەك لە هەرسێ لایەنی حكومەت و نەتەوەیەكگرتوەكان و خۆپیشاندەران پێكبهێندرێت، تا هەموان پێكەوە سەرپەرشتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان بكەن، لێكۆڵینەوەش لە كوژرانی خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەكان و گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ پارێزگاكان بكرێت».
بەدوور لە دەستپێشخەرییەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و سەركردەی دەركەوتووی حزبی دەعوەی ئیسلامی، و سەبارەت بە دەنگۆی ئەنجامدانی كودەتا لەلایەن نوری مالیكی ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سەعد موتڵەبی، سەركردەی دەركەووتوو لە دەوڵەتی یاسا بە میدیاكانی عیراقی راگەیاندبوو، ئەو هەواڵانەی باس لەپیلانی نوری مالكی بۆ «كودەتای سیاسی»و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتی عیراق دەكەن، دورن لەراستیەوە.
سەعد موتەڵیبی لەلێدوانێكی بۆ میدیاكان لە لە 7ی ئاداری 2020 رایگەیاندبوو، لەكاتێكدا نوری مالیكی رەتیكردوەتەوە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، لایەنی ناوخۆو هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش لەرێگەی ئامرازەكانی میدیاوە تۆمەتباری دەكەن و هەواڵی درۆ بڵاودەكەنەوە، بەوەی دەیەوێت كودەتای سیاسی ئەنجامبدات و كۆنترۆڵی دەسەڵات بكات لە عیراق.
بە وتەی موتەڵیبی»سەرجەم ئەو هەواڵ و زانیاریانەی لەوبارەیەوە بڵاودەكرێنەوە دوورن لەراستی و نوری مالیكی هیچ خواستێكی لەسەر وەرگرتنەوەی دەسەڵات نییە لەئێستادا.
ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا پێیوایە»هەندێك پەرلەمانتاری لایەنە سیاسییەكان لەهەوڵدان بۆئەوەی نوری مالیكی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەڵام مالیكی خواستی لەسەر ئەو پۆستە نییە لەئێستادا، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەكانی داهاتوو هەموشتێك چاوەڕوانكراوە، سەرۆكایەتی حكومەتی ئێستاش كاتییە و دەسەڵاتەكانی سنوردارن».
پێشتر، سەعد موتەڵیبی، رایگەیاندبوو، لایەنە سیاسییەكانی شیعە و سوننە و كورد، داوایان لەنوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كردووە، تا پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەو پێیەی لەئێستادا عیراق پێویستی بەكەسێتییەكی وەك ئەو هەیە.
لەلایەكی ترەوە سەعد موتەڵیبی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندبوو، جارێكی تر متمانە نادرێتەوە بە عادل عەبدولمەهدی، چونكە بەپێی دەستور، دەبێت كاندیدی كوتلەی زۆرینە متمانەی پەرلەمان وەربگرێت و بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو رابسپێردرێت.
موتەڵیبی پێیوایە ”خۆپیشاندانەكان خاڵی كۆتاییان داناوە بۆ سەرۆك وەزیران و جارێكی تر متمانە نادرێتەوە بە عەبدولمەهدی.
بەهۆی خۆپیشاندانەكان و گوشاری میللی و داوای مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە نەجەف، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق كێشایەوە، پاشان لە 1ی شوباتی 2020، سەرۆك كۆماری عیراق محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپارد، بەڵام عەللاوی لە 1ی ئەم مانگەدا لە ئەركی پێكهێنانی كابینە حكومییەكەی پاشەكشەی كرد و داوای لێبوردنی لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار كرد.

print

 151 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*