سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!پەڕە 24

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی چل و حەوت

پاشکۆی ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ
ساڵی ١٩٩٨ لە پاشکۆی «ئەدەب و هونەر» وەکو نووسەری هونەری لای نووسەر و شاعیر خاتوو» شیرین.ك» دەست بەکاربووم، ژورێکی بچکۆلانەمان هەبوو بە تەنیشت ژووری نووسەر و شاعیر «کەژاڵ ئەحمەد» کە سەرپەرشتی دوالاپەڕەی رۆژنامەی کوردستانی نوێی دەکرد، بەندە وەك پێشتریش باسم کردبوو، لە ساڵی ١٩٩٤ەوە بابەتم لەو لاپەڕەیەدا بڵاودەکردەوە بۆیە بەر لەوەی ببمە جیرانی کەژاڵ خان و دوالاپەڕە، ئاشنایەتیمان هەبوو دواتر لە بڵاوکردنەوەی بابەتی پەیوەست بە سینەما لەو لاپەڕەیە بەردەوام بووم.
پاشکۆی ئەدەب و هونەر، دونیایەکی تری پێ بەخشیم، رێك ئەوەبوو کە لەگەڵ هونەر و هونەرمەندان تێهەڵچومەوە بەجۆرێك وای لێهات هەرچی پەیوەندی بە هونەرەوە هەبوو بووە پسپۆری و کاری بەندە و لەو دامەزراوەیەدا بایەخێکی تایبەتی بە هونەر و بەندە دەدرا کە لەهەر جموجۆڵێکی هونەری، هاتنی شاندی هونەریی بەتایبەتیی کوردیی و لەوەش هێروەتر هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەوانە گروپی گەورە هونەرمەندانی وەکو کامگاران، منیان ئاگادار دەکردەوەو منیش بە ئەرکی خۆم هەڵدەستام .
بەهۆی جموجۆڵی زۆر و کەمێك دەست رەنگینیم لە دیزاین «بیرۆکە» سەرەتا پێشنیارم کرد کە هێدی پاشکۆی ئەدەب و هونەر بگۆڕدرێت و بەجۆرێك شریتی سینەمایی تێدا دەربکەوێت کە لایەنێکی گرنگی هونەرە، هەر بەبێ سڵەمینەوە شیرین خان وتی: دەی بزانین چی دەکەیت؟ گۆڕیمان و شێوەکەی جوان دەرچوو، ئیتر وای لێهات بەردەوام هەواڵی سینەمام لە لاپەڕەی یەکەم بڵاودەکردەوە، پاشکۆی ئەدەب و هونەری ئەوکات (٨) لاپەڕە بوو، رۆژانی پێنجشەمە بڵاودەکرایەوە و بەبێ بەشان و باڵدا هەڵگوتن، باشترین پاشکۆی نێو دونیای رۆژنامەگەری تایبەت بە ئەدەب و هونەر بوو. کە زۆرجار بابەتی هونەری و ئەدەبی نووسەران نۆرەی بۆ دادەنرا تاوەکو بابەتەکان بڵاوبکرێنەوە و نەبێتە هۆی «هەندێکجار» زویر بوونی نووسەران کە بابەتیان دوادەکەوێت، «هەندێکجار»یش بابەتی نووسەر هەبوو خۆی وەپێش دەخست و ناچاردەبوو لەبەر گرنگی نووسەر و بابەتەکەی زووتر و بێ دانانی لە نۆرە و نۆرەبڕی، یەکسەر بڵاو بکرێتەوە.

بۆرسەی سینەمای کوردیی
یەکەمینجاربوو لە بایەخدانمان بەهەواڵی هونەرمەندان، ناونیشانی «بۆرسەی سینەمای کوردی»م داناو بەدوی هونەرمەندان وێڵ بووم و هەر بەراستی نووسەر و پەیامنێری و داڕێژەری هەواڵی هونەرمەندان بووم «بەتایبەتی بواری سینەما».
لە یەکێك لە ژمارەکانی پاشکۆ، هەواڵێکم لەسەر «بۆرسەی سینەمای کوردی»بڵاوکردەوە، دۆخی سینەماکاران و وەبەرهێنەران لە ژمارەی فیلم و بەردەوامی قەرەباڵغی و جوڵەی سینەما و هاموشۆکارانی بەوە گەیشتبوو کە هەواڵ و بابەتیان لەسەر بڵاوبکەمەوە و بۆ خوێنەریش جێی بایەخ بوو، بۆیە کاتێك بەو مانشێتە وەڵامی بایەخی پاشکۆ بۆ رەنجی هونەرمەندان دەرکەوت وای لێهات هونەرمەندان «کە هەموویانم دەناسین» زۆرجار ئاگاداریان دەکردمەوە لە بەردەوامی پیشاندنانی فیلم و فرۆشی تکت «پلیت» یان وەکو راهاتبووین پێ دەوترا «بلیت».
فیلمی «دابڕان» کە فیلمێکی گۆرانی ئامێز بوو، دەرهێنانی تەنیا کەریم و پاڵەوانێتی هونەرمەندی گۆرانیبێژ نوری گەرمیانی بوو، ئەوکات ئەستێرەی گەرمیانی لە ئاسمان دەگەشایەوە و لەجێی خۆیدابوو کاتێك ئەو فیلمەی لەسەر دروست کراو یەکەمین ئەزموونی هونەرمەندانی کوردیش بوو لەسینەمای میلۆدرامی و دەتوانم بڵێم هونەرمەند تەنیا کەریم یەکەم کەس بوو ئەو تەوقەی شکاند و چەند ئەزموونێکی تریشی لەگەڵ هونەرمەند حەسەن عەلی درێژەپێداو بووە دەروازەیەك هونەرمەندی تری گۆرانیبێژ و دەرهێنەری تریش لە هەولێر و سلێمانی دەستیان بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە فیلمانە برد کە بینەرێکی بێ شوماریان پەیدا کرد.
فیلمی دابڕان تەنیا لە هەولێر (٢٨) رۆژ بەردەوام بوو، ٢٠٠ هەزار دیناری چاپی سویسری داهاتی پەیداکرد و کاتێكیش هاتە سلێمانی ماوەیەکی باش بەردەوام بوو کە تا بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە (١٧) رۆژ لە سینەما دڵشاد بەردەوام بوو، بیرمە زۆربەی رۆژەکان سەردانی ئەو هاوڕێیانەم دەکرد کە ئەو فیلمەیان لە هەولێرەوە هێنابووه‌ سلێمانی و ئەگەرچی هێشتا بارودۆخی سەردان و هاتووچۆ لەنێوان حکومەتی هەرێمی «سلێمانی و هەولێر» بە رەزامەندی بوو، ئاسانیش نەبوو. بەڵام بۆ بواری ئەدەب و هونەر ئەو دەرگایە کرابوویەوە و قۆناغی ئاشتیی دەستی پێکردبوو بۆیە دەرفەتی بڵاوکردنەوەی فیلم نیازپاکی و دروستکردنی کەشی ئاشتیی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناو جەماوەر ئاشنایەتیی لەگەڵ سینەمادا دروستکردەوە و لەهەردوو حکومەتی هەولێر و سلێمانی رێگاکانی بڵاوکردنەوەی زۆر و ئاسانتر بوو وەك لە رێگری لێکردن.
بیرمە زۆرجار کە سەردانی ئەو هاوڕێیانەم دەکرد کە لە هەولێرەوە دەهاتن و ئێمەش پێشتر یەکتریمان دەناسی و دۆخی سیاسی لەیەکی دابڕاندبووین، بۆیە کە دەچوومە لایان زۆر دڵخۆش دەبووین بە دیداری نێوانمان، دەبووە دوو بۆنە، بۆنەی دروستکردنی فیلم و هێنانیان بۆ سلێمانی، بۆنەی دوەمیش ئەوەبوو بەیەکتری شاد دەبووینەوەو دڵخۆش دەبووین، جا ئەوکات هونەرمەند حەسەن عەلی کە یاریدەدەری فیلمی دابڕان بوو دەهاتە سلێمانی و لەسینەما فیلمەکەیان بڵاوبوویەوە زوو زوو دەچوومە سەردانی. بەڵام هەمووجار بەشەرمەوە خۆی نیشان دەدام و بەلایەوە خۆش نەبوو کە بەشداری ئەو جۆرە لە فیلمانە دەکات؟!. منیش هەمووجار بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئەو دەمگووت؛ بگرە باشترین کارە دەیکەن ئەوە رێگا دروست و راستەقینەکەیە دەبێ هونەرمەند خۆی بژێوی و هونەری خۆی بڕیار لێبدات و بەم جۆرەش سینەما پێشدەکەوێت و بازاڕ و بۆرسەی خۆی دەبێت. تاکە کەس بووم هانی هەموو ئەو برادەرانەم دەدا کە بیر لەوە نەکەنەوە کە هونەرمەند هەیە گاڵتەی بەو جۆرە لە بەرهەمانە دەهات و دانی خێریان پێدانەدەنان، بەڵکو بەردەوام بن و سینەمای هەموو گەل و وڵاتانیش هەر بەمجۆرە دەستی پێکردوە و دروست بووە؟!.

ژمارەی یەکی گۆشەی سینەماتیك و یڵماز گونەی
دوای ئەوەی جموجۆڵی رۆژنامەڤانیی و نووسین و رەخنەی سینەماییم زیاتر و باشتر گەشەی کرد، وای لێهات بۆ جاری دووەم دەستم کردەوە بە بڵاوکردنەوەی گۆشەیەکی تر بە ناوی «سینەماتیك» ئەرشیفخانەی فیلمی کوردیی.
ژمارەی بەرهەمهێنانی فیلمی کوردیی دوای راپەڕین بەشیوەیەکی خێرا گەشەی کردو کاری رۆژنامەو رۆژنامەڤانانیش هەردەبوو بەجۆرێك بێت ئەو گەشەکردنەی تێدا رەنگبداتەوە، ئەوەبوو یەکەمین ژمارەی گۆشەی «سینەماتیك» کە لەدوا لاپەرەی کوردستانی نوێدا بڵاوم دەکردەوە بەناوی فیلمی «ژیان» بوو لە دەرهێنانی هونەرمەند جەلیل زەنگنەو ئەو گۆشەیەم کردە دەرفەتێك بە مێژووی هونەرمەنداندا بچمەوە و لە رێگای فۆڕمێكەوە دانە دانە فیلمی هەموویان کۆبکەمەوە و وردە وردەش لەو گۆشەیەدا بڵاویان بکەمەوە تا ئەو ماوەیەی لە کوردستانی نوێ بووم (٤٨) فیلمم بڵاوکردەوە کە ژمارەیەکی یەکجار باش بوو، لە هەمووشی سەرنجڕاکێشتر بۆ بەندە ئەوەبوو کە یەکەم زنجیرەی گۆشەکە لە رۆژی کۆچیدوایی هونەرمەندی گەورەی کورد و جیهانی یڵماز گونەی لە ٩-٩-١٩٩٨ بڵاوبوویەوە و فیلمی یەکەم ئەڵقەش ناوی «ژیان»ە کە بۆ بەندە ژیانێکی نوێ بوو سەرلەنوێ جموجۆڵی سینەماییم بە نووسین و کاری رۆژنامەڤانیی تایبەتمەندی بواری سینەما بەچڕی دەستپێکرد.

print

 59 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*