سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » كۆرۆنا، چیمان پێ دەڵێ و چی پێ وتین و چی..

كۆرۆنا، چیمان پێ دەڵێ و چی پێ وتین و چی..

كۆرۆنا، چیمان پێ دەڵێ و چی پێ وتین و چی بیرخستینەوە؟

كۆرۆنا پێمان دەڵێ، مرۆڤ بوونەوەرێكی ناسكە، چەندە خۆ بە زلزان و خۆپەرست و بە دەسەڵات و گەورە بێت یان بچووك لە ئاست سروشت و رووداوە كتوپڕەكاندا بێدەسەڵات و دەستەوەستانە و لاوازیشە. كۆرۆنا پێمان دەڵێ هەژار یان دەوڵەمەند، دەسەڵاتدار بێ یان بێ دەسەڵات، سەرۆك بێت یان هاووڵاتییەكی سادە، دۆناڵد ترەمپ بێ یان نیكۆلاس مادۆرۆ، لە ئاست ئەو درمەدا هەموو وەكو یەكین.
كۆرۆنا پێمان دەڵێ جیهان ئەو گوندە بچووكە نەبوو كە گوایە ئینتەرنێت وای لێ كردووە، بەڵكو جیهان سەدان وڵاتە و هەر وڵاتەی بۆ خۆیەتی و كەس بەدەنگ كەسەوە ناچێ، هەندێ وڵات نەبێ، بە پێچەوانەوە هێشتا هەندێ زلهێز رق و كینە و دەبەخشنەوە و ڤایرۆسەكە بە ناوی چینەوە ناودەبەن. كۆرۆنا پێمان دەڵێ چەندە هێزی چەكداری گەورە و گرانت هەبێ و چەندە خاوەن چەكی ئەتۆمی و موشەكی دوورهاوێژ و چەكی لایزەری بی، ناتوانی یەك فیشەكی عەیارە 4 ملیمیش بنێیت بە كۆرۆناوە.
ئەی كۆرۆنا چی پێ وتین؟
كۆرۆنا پێی وتین كە ئەوروپاش لە هەندێ سیفەتدا لە ئێمە دەچێ، كاتێك زۆربەی زۆری رەفەی ماركێتەكانی ئەوروپا بەتاڵ بوون و خەڵك هەرچی لە بازاڕەكاندا بوو چنیانەوە. كۆرۆنا پێی وتین دونیا ئەو سیستمە پتەو و خۆڕاگر و بەهێزە نییە كە پێمان وابوو هیچ رووداوێك نایهەژێنێت، بەڵكو دەكرێ پەتایەكی ئاوها لە گرێژەنەی بەرێت و تێك و پێكی بدات.
كۆرۆنا پێی وتین، وڵاتە سەرمایەدارەكان، هێندەی ژمارەی بەرزبوونەوە و دابەزینی بۆ سەرو نرخی دراو و ئاڵتوون و نەوت و گازیان بەلاوە گرنگە، هێندە ژمارەی تووشبوان و كۆچكردوانیان بە پەتای كۆرۆناوە بەلاوە گرنگ نییە. كۆرۆنا پێی وتین، مافی مرۆڤ، كاڵایەكە بەمەبەستی سیاسی رۆژئاوا بە ئێمەی دەفرۆشێ و مامەڵەی پێوە دەكات، دەنا بە چ مانایەك لە ئیسپانیا پاش زیاتر لە هەفتەیەك لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە كە لەو وڵاتە، دەزگا تەندروستییەكان دەگەنە چەند خەڵوەتگەیەكی پیری و دەبینن چەندین كەس لە نەبوونی سەرپەرشتی و خزمەت لەسەر جێگاكانیان گیانیان لە دەستداوە.
گەر رۆژئاوا مافی مرۆڤی بەلاوە گرنگ بێ، دكتۆر ڤیرنون كۆڵمان كە دكتۆرێكی بەریتانییە و خاوەنی زیاتر لە 100 كتێبە لە چەندین بواردا و وەرگێڕدراونەتەوە سەر 25 زمان ناڵێت ئەمە پلانێكە بۆ رزگاربوون لەوانەی بە پیر دەژمێردرێن لە ئەوروپا تەمەنیان حەفتا ساڵ و بەرەو ژوورە، كاتێك دەزگا تەندروستییەكان ئامادەنین ئەوانەی لەو تەمەنە و بەرەو ژووربن چارەسەر بكەن.
ئەی كۆرۆنا چی بیرخستینەوە؟
كۆرۆنا بیری خستینەوە، ئێمە بوونەوەرێكی بێدەسەڵاتی ترسنۆكین، تەنیا هەر خۆمان خۆشدەوێ، لەم ماوەیەدا دەیان ئازیز بەجێیان هێشتین نەمانتوانی بە تەلەفۆنیش بێ دڵنەواییەكی كەسوكاریان بدەینەوە.
كۆرۆنا بەهۆی ئەو قەدەغەی هاتوچۆ و چوونەدەرەوەیەی خستییەوە، بیری خستینەوە ئێمە خێزانین، ژن و مێردین، خوشك و براین، باوك و كچ و كوڕین، دایك و مناڵین، ئەوەندە لەمێژە بەهۆی كار و مەشغەڵەت و سەرقاڵی ژیانەوە هێندە پێكەوە نەبووین بزانین، ئازارەكانمان چین، خواست و حەزەكانمان، مەوداكانی خۆشەویستیمان تا كوێیە؟
كۆرۆنا بیری خستینەوە، ئێمە مرۆڤین، تەنها چارەسەری هەموو دەردەكان خۆشەویستی و هاوكاری و بەهاناوەچوونی ئەوانەیە كە پێویستیان بە دەستگیرۆییە. كۆرۆنا بیری خستینەوە، هێشتا خەڵكانێك هەن، تەنها بۆ خۆیان ناژین بەڵكو خەڵكی تریان بیرە.
بەهەرحاڵ هەموو بەدوربن لە كۆرۆنا.

print

 69 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*