سەرەکی » راپۆرت » زورفی په‌یوه‌ندیی به‌ یەکێتی و پارتی-یه‌وه‌ ده‌کات

سەرنج و هەواڵێک

زورفی په‌یوه‌ندیی به‌ یەکێتی و پارتی-یه‌وه‌ ده‌کات

سەرتیپ جەوهەر

که‌متر له‌ دوو هه‌فته‌ ماوه‌ى ده‌ستووریی بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت ماوه‌ و هێشتا روون نییه‌ عه‌دنان زورفی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینه‌ى نوێ، سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت له‌پێکهێنانی کابینه‌که‌ له‌ واده‌ى خۆی یان نا؟، چونکه‌ هێشتا به‌رچاوڕوونی له‌باره‌ى کۆده‌نگیی لایه‌نه‌کانه‌وه‌ نییه‌.
هه‌ریه‌ک له‌ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌مجاره‌ به‌ وه‌فدی هاوبه‌ش گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ راسپێردراوی حکومه‌ت نه‌کردووه‌، به‌ڵکو به‌جیا گفتوگۆیان ده‌ستپێکردووه‌.
به‌پێى زانیارییه‌کان له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژی رابردوودا عه‌دنان زورفی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی نوێى عیراق په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌ریه‌ک له‌ لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆکی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی-یه‌وه‌ کردووه‌، هه‌ریه‌که‌یان به‌جیا پرسی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێیان له‌گه‌ڵ ناوبراودا تاوتوێکردووه‌.
له‌ گفتوگۆکاندا یه‌کێتی جه‌ختی له‌سه‌ر ئاساییکردنه‌وه‌ى دۆخی که‌رکوک و پرسی به‌رکه‌وته‌ى کوردستان له‌ بودجه‌ى گشتی و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى کێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌کراوه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا کردۆته‌وه‌.
به‌پێى زانیارییه‌کان عه‌دنان زورفی له‌ ئه‌مریکییه‌کانه‌وه‌ نزیکه‌و گرفتی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ شیعانه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیکن، ئه‌وه‌ى تائێستا یه‌کلاییبۆته‌وه‌ گرپی سائیرون واته‌ سه‌درییه‌کان پشتیوانیی ده‌که‌ن، کوردیش جگه‌ له‌ پارتی و یه‌کێتی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ به‌ڕه‌سمی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا نه‌کردووه‌.
هه‌روه‌ک زانراوه‌ که‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ى کورد وه‌ک گۆڕان و ئیسلامییه‌کان گله‌ییان کردووه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی به‌جیا گفتوگۆی پێکهێنانی حکومه‌تیان کردووه‌، به‌ڵام سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران دڵنیایکردونه‌ته‌وه‌ که‌ یه‌کێتی نیشتمانی ئه‌وان له‌ گفتوگۆکاندا جێناهێڵێت و ئه‌گه‌ر گفتوگۆی ره‌سمیی بکرێت، ئه‌وانیش به‌شداری پێده‌که‌ن.

print

 19 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*