سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » كورد لە كوێی رووداوەكانی ناوچەكە و دونیاشدایە؟

كورد لە كوێی رووداوەكانی ناوچەكە و دونیاشدایە؟

*ئاشكرایە هەڵكەوتەی كوردستان لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ئاسیای نزیك لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە كە بۆخۆی ناوچەیەكی گرنگی جیۆپۆلەتیكیە (( بەواتای كاریگەری جوگرافیا بەسەر سیاسەتەوە لە ڕووی بوونی وشكانی و دەریا و بەرزایی و ژێر زەوی و سامانە سروشتی و پێگەكەیەوە)) بلەبەرامبەریشدا چۆن سیاسەت سوود لەو هەڵكەوتە و پێكهاتانە وەردەگرێت بۆ ئایندە و بەپێی زۆرێك لە گریمانە و پێشهاتەكان و بیردۆزە و بیرمەندەكانی ئەو بوارە ئەم ناوچەیە دەكەوێتەی ناوچەی(( دڵی زەوی HEART LAND )) نەك ((كەناری زەوی REAM LAND)) كە بۆخۆی بەپێی بیروبۆچونە جیۆپۆلەتیكیەكان هەمیشە ناوچەی دڵی زەوی گرنگ و كاریگەرە و دەتوانێت كۆنتڕۆڵی ناوچە كەناریەكان بكات و هەشە بە پێچەوانەوە دەڵێت هەركات كەنارەكان كۆنتڕۆڵكران ئەوا بە ئاسانی دەتوانرێت دڵەكەش كۆنتڕۆڵ بكرێت. جا ئەم بیروبۆچونە لەلای هەر وڵاتێك دەگۆڕێت لەقۆناغ وسەردەم و دەسەڵاتەكانیاندا،لەسەردەمی كۆندا ناوچەی دڵی زەوی لە پێشدا لە میسۆپۆتامیا لە سۆمەر و دواتر لە میسری فیرعەونیەكان و دواتر بۆ ئیغریقو یۆنان و دواتر بۆلای فارس و ئینجا بەغدادی عەباسیەكان و دواتر قاهیرەی فاتمیەكان و دواتریش ئاستانبوڵی عوسمانیەكان و دواتریش ئەوروپا ولەلای هیتلەریش ئەڵمانیای بەدڵی زەوی ناودەبرد و لە ئێستاشدا ئەمریكا خۆی بەدڵی زەوی ناودەبات و ڕەنگە لەداهاتووشدا چین ببێتە ناوچەی دڵی زەوی و ئیتر ئاوها گۆڕانكاریەكان بەردەوام دەبن بەپێی كات و هێز و دەسەڵاتەكان و هۆكارەكان ،لەكۆندا هۆكارە كەشوهەواییەكان و دواتر كوتلە گەورە دانیشتوانەكان لە وشكانی و دواتریش ئابوری و لە ئێستاشدا تەكنەلۆجیا و زانیاریەكان بونەتە بنەما بۆ بەهێزی پێگە و نفوز.بەڵام ئەوەی هەموان لەسەری كۆكن بریتیە لەوەی كە ناوچەی ئۆڕاسیا ((ئاسیا و ئەوروپا)) زۆر گەنگە و دەوترێت ((ئەو هێزەی ئۆراسیا كۆنتڕۆڵ بكات وەكو ئەوە وایە هەموو دونیای كۆنتڕۆڵ كردبێت)).

*كە گەر بازنەی ناوچەی ((ئۆراسیا)) فراوانتر لێیبڕوانرێت ئەوا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان نزیكیش دەگرێتەوە كە كوردستان بەهەر چوار بەشەكەیەوە دەكەوێتە چەقی ئەو ناوچەیە و هەر ئەمەش وایكردوە كە هەر لەكۆنەوە تاكو ئێستا لەلایەن زلهێزە باڵادەستەكانی دونیاوە لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە لێیبڕوانرێت و لە هەموو گەمە سیاسی و بەرژەوەندیە ئابوریەكان و مەترسی و گرنگیە ئەمنی و سەربازیەكاندا جێگە و ڕۆڵی پێبدەن و حسابی ووردیشی لەسەر بكەن،لە ڕووی هێزی مرۆیی 50 ملیۆن كەسی و توانا گەورە ئابوریەكەی لە نەوت و گازی سروشتی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و ..هتد و هێزە گەورە و بوێر و ئازاو چاونەترسە سەربازیەكەی و هەڵكەوتە جیۆسیاسی و ئابوری و ئەمنیەكشی لەچەقی دڵی زەویدا كە بەهەموو پێوانەكان هەم مەترسیە بۆسەر هەموان و هەمیش گەر بویسترێت دەبێتە فاكتەری سەقامگیری ناوچەیی و دونیایی و دەتوانرێت هەموان سوودی لێببینن.

*بەم شێوەیە كوردستان و كورد هەر لە سەرەتای مێژووە ڕۆڵ و پنتێكی كاریگەری هەبوە لە ناو كۆڕو كۆبونەوە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی دونیادا،بەڵام بەداخەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی كورد خۆیانەوە نەیانتوانیوە بە باشی زەمان و زەمینەی گونجاو هەڵببژێرن بۆ خەبات و چۆنێتی كاركردن و بەشداریكردن لە گەمە نێودەوڵەتیەكاندا و چۆنێتی خۆ گونجاندن و تێكەڵاوبونیان بە نەخشە و پلانەكانی زلهێزە ناوچەیی و دونیاییەكان،جا هۆكارەكان چەندی دەرەكی بووبن وەكو ئەوەی كە كورد بە ئێستاشەوە نەبۆتە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆی و لە كاراكتەرێكی هەرێمی نافەرمیەوە نەبۆتە هێزێكی فەرمی كە متمانە و پشتی پێببەسرێت و وەك هێزێكی كاریگەر حساباتی لەسەر بكرێت،ئەوەندەش هۆكارە ناوخۆییەكان ڕۆڵیان هەبوە لە كەمكردن و بچوكردنەوەی كورد و ڕۆڵ و پێگەكەی لە ناوچەكە و دونیاداـ بەپلەی یەكەمیش گەندەڵی و ململانێ‌ ناوخۆییەكان و خۆخۆری و هەڵكەوتەی كەسانی وەكو مەلای ئیدریسی بەتلیسی و مەلای خەتێ‌ وحەسەن خەیری و دەیان و سەدان نمونەی قێزەونی هەڵخەڵەتاو و فریودراوەكان بە درۆ و فیشاڵ و دەسكەوتە مادیە كەمەكانی دوژمنان كە لەئێستاشدا بونیان هەیە و كەمیش نین لەناوخۆدا.

*بۆیە كورد بۆخۆی لەیەك كاتدا هۆكاری سەرەكیە بۆ گەشەكردن و پێشكەوتن و بەهێزبونیشی و بەهەمان شێوەش هۆكاری شكست و نەهامەتی و دواكەوتنی خۆشێتی،جا بەمەبەست و پلان و بەفیتی دوژمنان بوبێت یان سیاسەتە نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیە ئابوریەكانی زلهێزە ناوچەیی و دونیاییەكان ڕێگەیان لێگرتبێت.بۆیە كورد ئەركێتی لە ئێستاوە و بۆ ئایندەش كە كاری جدی بكات لەسەر توندتۆڵكردنی پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی خۆی لەسەر ئاستی دوو بازنەی گرنگ:

*بازنەی یەكەم ،بازنەی ناوچەییە و دەكرێت لەدەرەوەی وڵاتانی سەردەستی كوردستان بێت لە ئێران و عێراق و توركیا و سوریا،بەڵكو كورد دەبێت هەوڵبدات كە لەدەرەوەی ئەم 4 وڵاتە پەیوەندیەكانی بەهێز و تۆكمەتر بكات بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەوڵەمەند بەنەوت و گازی سروشتی لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە هاوپەیمانی هەمیشەیی ئەمریكان و بەنهێنیش دۆستی ئیسڕائیلن.هەروەها لەگەڵ وڵاتانی وەكو میسر و..هتد و هەموو هێزە كاریگەر و دیموكراسیخوازەكانی ئەو وڵاتانەدا.

*بازنەی دووەمیش،بازنەی نێودەوڵەتییە، گرنكە كە كورد بۆ نیوسەدەی تریش هاوپەیمانی و دۆستایەتی ئەمریكا بەتایبەتی لەدەست نەدات و ئەوروپیەكانیش لەخۆی نزیك بكاتەوە و نابێت ڕوسیاش لە بیر بكات.بەڵام بۆ نیوسەدەی تریش ماوەیەكی باشە بۆ ئەوەی زیاتر لە هەردوو زلهێزی دونیای ئایندە نزیك بێتەوە كەئەوانیش هندستان و چینن و بەتایبەتیش چین كە لە ئێستاوە سەرەتاتكێ‌ دەكات بۆ جێگرتنەوەی پێگەی ژمارەی یەك و سەركردایەتی هەموو دونیاو جێگەی بە ئەمریكای زلهێزی دونیا لەقكردوە و مەترسی ڕاستەقینەی لەسەر بەرژەوەندیەكانی دروست كردوە.

*لێرەدا مەبەستمان لە كورد، بریتیە لەسەركردایەتیەكی حوكمڕانی كورد و هەموو دۆستایەتی و پەیوەندیەكان لەسەر بنەمای حوكمڕانی و دەسەڵاتی كوردی بێت نەك پەیوەندیە نهێنی و بچوك و بەرژەوەندخوازیەكانی حیزبی،بۆیە كورد گەرەكی بێت یان نا، بەشێكی دانەبڕاوە لەسیاسەتی ناوچەیی و دونیایی ئەم سەردەمە لەلایەك بەهۆی هەڵكەوتە جیۆپۆلەتیكیەكەوە و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی دەوڵەمەنیەوەی بە نەوت و گازی سروشتیەوە كە دوو سەرچاوەی گرنگی وزەی دونیان و بەگەڕخەر و بزوێنەی ماكاینەی پیشەسازی زلهێزەكانیشن..بەهیوای ئەوەی كورد لە ئێستاوە بەباشی و زیرەكانەتر لە ڕابووردوو هاوكێشە و گۆڕانكاریەكان لە هێز و نفوزی زلهێزەكاندا بخوێنێتەوە و پلانی زانستی و واقعیشی هەبێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵیاندا ،بەڵكو ئومێد و هیوا و خەونەكانی كورد لەم سەدەیەدا سەدەی بیست و یەكەم بێنە دی لە دامەزراندن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی كەخەونی سەدان ساڵەی هەموو كوردێكە.كە بە ملیۆنان كوردیش لە پێناو وەدیهێنانی ئەو خەونەدا جەنگاون ،بەڵام بە نائومێدی سەریان ناوەتەوە.

 389 جار بینراوە