سەرەکی » زانست » هەناسەدانی دەستكرد درووستدەکاتپەڕە 3

هەناسەدانی دەستكرد درووستدەکات

كۆمپانیای (تێسلا) دروستكردنی ئامێری هەناسەدانی دەستكرد لە پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل درووستدەكات.

(تێسلا) کە كۆمپانیاییەکی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی كارەباییەو خاوەنەكەی (ئیلۆن مۆسك)ی ملیاردێری بەناوبانگی جیهانییە، دروستكردنی ئامێرێکی هەناسەدانی دەستكردی ئاشكراكرد كە بۆ یارمەتیدانی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەکار دێت، ئەو هەنگاوەی کۆمپانیاکەش بۆ پڕكردنەوەی ئەو کەم و کوڕییەیە كە زۆربەی نەخۆشخانەكانی ئەمریكا بە دەستییەوە دەناڵێنن.

لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كۆمپانیاكە لەسەر چەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاویكردۆتەوە، (ئیلۆن مۆسك)ی خاوەنی كۆمپانیاكە دەردەكەوێت كە ئامێرێكی هەناسەدانی دەستكردی بە دەستەوەیە، واش بڕیارە دوای دروستكردنی ژمارەیەكی زۆری ئەو ئامێرە، سەرجەمیان پێشكەشی ئەو نەخۆشخانانەی ئەمریکا بكات كە پێویستیان پێیەتی.

هەر لەو گرتە ڤیدیۆییەدا ئەندازیارێكی كۆمپانیای (تێسلا) درەدەکەوێت و دەڵێت” ئەو ئامێری هەناسەدانی دەستكردە لەو پارچانە دروست دەكەین كە پێشتر لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی (تێسلا- 3 )دا بەكارمانهێناوە”.

هەروەها دەڵێت: ئەو پارچانەی بەكاریاندەهێنین هەموویان بە تەواوی كاردەكەن و جێگەی متمانەن و بڕێكی زۆریشمان هەیە.

هەروەها ووتیشی: لەو پارچانەی كە جارێكی تر لە ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرددا بە كار دەهێنرێنەوە، شاشەی زانیاریی و ئامێری كۆمپیوتەری تایبەت بە مۆدێلی سێیەمی ئۆتۆمبیلەكانی (تێسلا)یە كە كۆنترۆڵی هوروژمی هەوا دەكات و تایبەتمەندیشی ئەوەیە كە بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیک كاردەكات.
هەر سەبارەت بەم بابەتە، لە هەفتەی ڕابردووەوە ئەو كۆمپانیایە بە سەرپەرشتیی (ئیلۆن مۆسك) چەند ئامێرێكی هەناسەدانی دەستكردی گەیاندووەتە نەخۆشخانەكانی شاری نیویۆركی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

سەرەڕای ئەوەی بەرێوەبەرێتی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا بەم دواییە ڕایگەیاندووە، هەریەك لە ئامێرەكانی (BiPAP) و(CPAP) ئەوانەی (تێسلا) پێشكەشی كردوون، دەتوانن ببنە جێگرەوەی ئامێری هەناسەدانی دەستكرد و پێداویستی نەخۆشخانەكان پڕبكەنەوە، بەڵام هەندێك ناوەند ڕەخنەیان لەو ئامێرانە گرتووە و بە ئامێری سادە و بێ كەڵك وەسفیان كردوون.

ئەمانە لە كاتێكدایە سەرەتای مانگی نیسان( ئیلۆن مۆسك) لە تویتێکیدا لە پەرەی خۆی لە تویتەر نوسیوویەتی” ژمارەیەك ئامێری هەناسەدانی دەستكرد كە لە لایەن بەڕیوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمریكاوە پەسەند كراوە، بە خۆڕایی دەدەنە نەخۆشخانەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بڕێكی زیاتریش دەگەیەننە ژمارەیەك وڵات لەسەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەك خەرجی ئامێر و گەیاندنیان بە خۆرایی دەبێت، بەو مەرجەی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو نەخۆشانە بەكاربێن كە پێویستیانە نەك لە كۆگاکاندا دابنرێ.

جگە لەوەش كۆمپانیای (space- x)یش كە ئیلۆن مۆسك خاوەنێتی دەستیكردووە بە دروستكردنی پارێزەری پلاستیكیی ڕوخسار و پاكژكەرەوەی دەست و بە خشیویەتییە نەخۆشخانەكانی كالیفۆرنیا.

سەرچاوە- Ghadi news

 412 جار بینراوە