سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » كازمی له‌ به‌رده‌م گه‌رده‌لوولی قه‌یرانه‌كانی عیراقدا

كازمی له‌ به‌رده‌م گه‌رده‌لوولی قه‌یرانه‌كانی عیراقدا

مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی نیشتمانیی عیراق، سێیه‌م كاندیده‌ بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی 2020 ه‌وه‌ تائێستا كه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق رایبسپێرێت بۆ پێكهێانی كابینه‌ی نوێ له‌ دوای شكستهێنانی پارێزگاری پێشووی نه‌جه‌ف عه‌دنان زورفی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و پێشتریش محه‌مه‌د عه‌للاوی به‌ هه‌مان شێوه‌ شكستی هێنا .

كازمی له‌ تویتێكدا كه‌ له‌ 9/4/2020 به‌هه‌ر چوار زمانی عه‌ره‌بی و كوردی و فارسی و ئینگلیزی نووسیبووی تێیدا هاتووه‌: (به‌ڵێن به‌ گه‌له‌كه‌م ده‌ده‌م كه‌ حكومه‌تێك پێكبهێنم ئامانج و ئاوات و خواسته‌كانی ئه‌وان له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانم بێت، پاراستنی سه‌روه‌ریی نیشتمان و پاراستنی مافه‌كان و كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان و پێشخستنی ره‌وڕه‌وه‌ی ئابووریی بۆ پێشه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ده‌بێت چه‌ك به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ به‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت.

ئاماژه‌كان وا پیشان ده‌ده‌ن كه‌ مسته‌فا كازمی متمانه‌ی نوێنه‌ران به‌ ده‌ست بهێنێت له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، به‌ پێچه‌وانه‌ی دووانه‌كه‌ی پێش خۆی، چونكه‌ له‌ مه‌راسیمی راسپاردنه‌كه‌یدا سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كانی شیعه‌ ئاماده‌بوون، جگه‌ له‌وه‌ش كۆده‌نگییه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌نگدان به‌ كابینه‌كه‌ی له‌لایه‌ن كورد و سوننه‌شه‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ركه‌كه‌ی كازمی هێنده‌ ئاسان نابێت و پێوستی به‌ هه‌وڵ و دیالۆگی جدی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كاندا بۆ دیاریكردنی وه‌زیره‌كان.

ئاڵه‌نگارییه‌كانی به‌رده‌م كابینه‌كه‌ی كازمی

1- داخوازیی خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانه‌كانی شاره‌كانی به‌غداو باشووری عیراق كه‌ ئێستا به‌هۆی مه‌ترسیی كۆرۆناوه‌ چوونه‌ته‌ ماڵه‌وه‌ كه‌ 700 كوژراو و 25 هه‌زار بریندار و هه‌زاران كه‌سیان له‌ زینداندان و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ نه‌مانی مه‌ترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان تا به‌دیهاتنی داخوازییه‌كانیان .

2- چاره‌كردنی كێشه‌ی دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ی نوێیه‌ و پێشتر نه‌بوو، كورتهێنانی گه‌وره‌یه‌ له‌ بوودجه‌ی عیراقدا .

3- به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی نه‌فره‌تی كۆرۆنا كه‌ هه‌موو جیهانی گرتۆته‌وه‌ و ژیانی ئیفلیج كردووه‌ .

4- بوونی چه‌كی ده‌ستی میلیشیاكان كه‌ ئه‌مه‌ش قه‌یرانێكی گه‌وره‌یه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامیی و سه‌قامگیریی عیراق ده‌كات، مێژووش پێمان ده‌ڵێت له‌ هه‌ر كوێی ئه‌م جیهانه‌دا حوكمی میلیشیای چه‌كدار هه‌بووبێت، به‌ربه‌ست بووه‌ له‌ پێشكه‌وتن و ئارامی .
ئێران و كازمی

هه‌رچه‌نده‌ كاتی په‌لاماره‌كانی ئێران ‌و ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئامانجه‌كانی یه‌كتریی هه‌ندێك تاقم و گروپی شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێرانی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ سه‌رۆكی یه‌كێك له‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی عیراق به‌شداره‌ له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا كه‌ مه‌به‌ستیان كازمی بوو، به‌ڵام ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كازمی له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه‌ پشتیوانیی گه‌رمی لێده‌كرێت به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی له‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی هاوسه‌نگ بووه‌ و توانیوێتی هاوسه‌نگیی نێوان ئێران و ئه‌مریكا رابگرێت .

ئه‌مریكا و كازمی

ئه‌مریكاییه‌كانیش خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕیووه‌ بۆ كاندیدكردنی كازمی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، ته‌نانه‌ت مایكڵ نایتس كه‌ لێكۆڵه‌رێكی ئه‌مریكییه‌ له‌ په‌یمانگه‌ی واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی خۆرهه‌ڵاتی دوور ده‌ڵێت : “كازمی كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتمانیی به‌هێزه‌ و بیرمه‌نده‌ ، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر بكرێت به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌وا رووبه‌رێكی فراوان ده‌خوڵقێت بۆ دیالۆگ له‌ نێوان عیراق و ئه‌مریكادا سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌كانی كۆمه‌كی ئابووریی و چاوپۆشیی له‌ سزاكان و هاریكاریی سه‌ربازیش .

له‌ كۆتاییدا هه‌رچه‌ند كابینه‌كه‌ی كازمی كاتییه‌ و بۆ ساڵێكه‌ و ده‌بێت سه‌ركردایه‌تیی ماوه‌ی ڕاگوزه‌ر بكات و خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ كه‌ له‌ وتار و تویته‌كانیدا ئاماژه‌ی پێ نه‌دا، پێشبینی ئه‌وه‌ ناكرێت گۆڕانكاریی گه‌وره‌ و كاریگه‌ر بكات، به‌ڵام ئومێدی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت كه‌ ببێته‌ كلیل و هه‌نگا و بۆ سه‌رده‌مێكی نوێ كه‌ جیاواز بێت له‌مه‌ی ئێستا .

print

 217 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*