سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » ئەم سوارچاکەش لە قەومی رۆژنامەبوو….

ئەم سوارچاکەش لە قەومی رۆژنامەبوو….

ئەم سوارچاکەش لە قەومی رۆژنامەبوو ، لە جنسی کاغەز و مەرەکەب و وێنە و قەڵەم ، لە نەتەوەی ڕاستی و ڕەوانی و ڕا-گەیاندن و ڕا-پەسەندی بوو. ئەم عالی مەقام و عالی مەقالە پێشمەرگەی بیری باش و کرداری خاس و نیشتمانی «نان و ئازادی »بوو. بە ھێمنی بیری دەکردەوە و بەوردی دەینووسی و بەدەنگی بەرز « بانگی حەق»ی دەدا.

دەیزانی بۆ «کوردستان »بانگی موحەمەد بە ئاشکرا خۆشە و « بانگی کوردستان»یش «شەرارە»ی «رێیا تازە » و «رێبازی نوێ»ی «کوردستانی نوێ»یە. «ئاسۆ»ی بیرکردنەوەی زۆر فراوان بوو ،جێی «ژین» و « ژیان» و جێی «رۆژنامە»ی «خەبات »و«برایەتی» یشی تیا دەبۆوە. «لڤین» و « رۆژا نۆ»ی «سەردەم»ی بۆ «ئاشتی » و سەربەری «ئاویەر»ی بۆ «رۆژھەڵات» دەخواست. بەردەوامی بۆ «سروە»ی «مھاباد »و «ھاوار»ی «خاک»دەویست و لە ڕاستی« تێگەیشتنی ڕاستی» یش حاڵی دەبوو.

تا ما ، مامی «ھەواڵ »و «ھاووڵاتی » و ھاوەڵی میدیای نیشتمانی میدیا بوو . «ئاوێنە»ی بەر ھەتاوی ئامانج روون بوو. تا ماویشین ماوەی فەرامۆشی یادمانی نادەین.

نەتەوەیەک لەسەر کاغەز و جەنگاوەرێک لە سەر زەمینی ئیلتزام بە مەسئەلەی خاک و خەڵک و خاوەندارێتی لە قەڵەمڕەوی قەڵەم. جەلال و شکۆی دابوو بە پیشەی صاحب الجلاله‌، ئەم فەخامەتی رۆژنامەوانە.

«قەڵەم شکا و موڕەککەب ڕژا و نامە نەما
لە داخی قافییە تا خۆی گەیاندە ئاھ و ئەنین- حاجی قادری کۆیی»

print

 97 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*