سەرەکی » راپۆرت » په‌رله‌مانتارانی تونس: نا بۆ رێكه‌وتنی بازرگانی له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر ‌و توركیا

په‌رله‌مانتارانی تونس: نا بۆ رێكه‌وتنی بازرگانی له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر ‌و توركیا

ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی تونس داوایان له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یان كرد، تاكو دوو رێكه‌وتنی بازرگانی ره‌تبكاته‌وه‌، كه‌ یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ره‌ ‌و ئه‌وی تریان له‌گه‌ڵ توركیایه‌، به‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی نیشتمانی وه‌سفی ده‌كه‌ن. بڕیاریشه‌ له‌م دوو رۆژه‌دا رێكه‌وتنه‌كان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی تونس بكرێت، بۆ تێپه‌ڕاندنیان، له‌ كاتێكدا ناكۆكیی توند له‌ نێوان كوتله‌كانی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ ‌و داواكاریی زۆر هه‌یه‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌یان.

په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌روه‌ریی نیشتمانییه‌وه‌
مه‌بروك كورشید په‌رله‌مانتار له‌ حزبی (ته‌حیا تونس) له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبووك، هۆشدارییداوه‌ له‌ مه‌ترسیی په‌سه‌ندكردنی رێكه‌وتنه‌ بازرگانییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ توركیا ‌و داوای له‌ په‌رله‌مانتاران كردووه‌، ره‌تی بكه‌نه‌وه‌.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی تونس ده‌ڵێت: رێكه‌وتنه‌كه‌ رێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ ده‌زگا ‌و كه‌سانی توركیا تاكو له‌ تونس موڵكیان هه‌بێت، له‌ كاتێكدا ئه‌و موڵكانه‌ له‌ خاوه‌ندارێتیی بێگانه‌ پارێزراون. هه‌روه‌ها رێگه‌ به‌ توركه‌كان ده‌دات خاوه‌ندارێتیی زه‌وی كشتوكاڵی بكه‌ن، له‌ كاتێكدا پاراستنی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌روه‌ریی نیشتمانییه‌وه‌.

وه‌به‌رهێنه‌رانی توركیا ده‌ستكراوه‌ ده‌كات

روونیشیكردۆته‌وه‌: ئیمزاكردنی رێكه‌وتنی بازرگانیی نێوان تونس ‌و توركیا له‌ ساڵی 2016 دا، وه‌به‌رهێنه‌رانی توركیا ده‌ستكراوه‌ ده‌كات ‌و هه‌مان ئه‌و مافانه‌یان ده‌داتێ كه‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ تونسییه‌كان هه‌یانه‌، له‌ مافی خاوه‌ندارێتی ‌و قه‌رزكردن له‌ بانكه‌ لۆكاڵییه‌كان. هه‌روه‌ك رێگه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی توركیا ده‌دات كه‌ پاره‌ ‌و قازانجه‌كانیان ره‌وانه‌ی هه‌ر وڵاتێكی بیانی بكه‌ن.

تونس بۆی نییه‌ چاودێرییان بكات

سه‌باره‌ت به‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان قه‌ته‌ر ‌و تونس، كه‌ مانگی دێسه‌مبه‌ری ساڵی 2017 ئیمزاكراوه‌، رێگه‌ به‌ دامه‌زراندنی سندوقی په‌ره‌پێدانی قه‌ته‌ر له‌ تونس ده‌دات ‌و حكومه‌تی تونس ناتوانێت راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ئه‌و پرۆژانه‌ له‌كاربخات كه‌ سندوقه‌كه‌ به‌شدارییان تێدا ده‌كات. هه‌روه‌ها سندوقی په‌ره‌پێدانی قه‌ته‌ر مافی ئه‌وه‌ی دراوه‌تێ كه‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه‌ی بیانی بكات سه‌باره‌ت به‌و پرۆژانه‌ی له‌ تونس سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی تونس. هه‌روه‌ك سندوقه‌كه‌ به‌بێ هیچ كۆت ‌و به‌ندێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ تاكو قازانجه‌كانی ‌و به‌ دراوی قورس ره‌وانه‌ی هه‌ر وڵاتێكی بیانی بكات كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سندوقی قه‌ته‌ر بۆ په‌ره‌پێدان بۆی هه‌یه‌ كار به‌ فه‌رمانبه‌ر ‌و راوێژكاری بیانی بكات ‌و ده‌وڵه‌تی تونس بۆی نییه‌ چاودێرییان بكات.

تانه‌دان له‌ رێكه‌وتنه‌كان

وه‌ك ئاژانسه‌كانی ده‌نگوباسی تونس بڵاویانكردۆته‌وه‌، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت كوتله‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ی ئیخوانی ‌و ئیئتلافی كه‌رامه‌-ی هاوپه‌یمانی، ده‌نگ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو رێكه‌وتنه‌كه‌ بده‌ن، له‌ كاتێكدا كوتله‌ی حزبی ده‌ستووری ئازاد رایگه‌یاند كه‌ په‌نا بۆ دادگای ئیداری وڵات ده‌بات، بۆ تانه‌دان له‌ رێكه‌وتنه‌كان.

سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ له‌و وڵاته‌ له‌ زاری عه‌بیر موسا سه‌رۆكی حزبی ده‌ستووری ئازاد رایانگه‌یاند، كه‌ راشد غه‌نوشی سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌، له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی هه‌ردوو رێكه‌وتنه‌كه‌، چونكه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر ‌و توركیا هه‌یه‌.

عه‌بیر موسا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ ئیمزاكردنی هه‌دوو رێكه‌وتنه‌كه‌ بۆ ساڵانی 20126 ‌و 2017 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، خێره‌ ئێستا كه‌ جیهان سه‌رقاڵی ته‌نگژه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌، ده‌یانه‌وێت له‌م كاته‌ ته‌نگژاوییه‌دا به‌ په‌له‌ هه‌ردوو رێكه‌وتنه‌كه‌ په‌سه‌ند بكرێن.

سه‌رچاوه‌، سكای نیوز

print

 121 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*