سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ئـاخۆ دره‌خته‌كانی (گوێ سیروان) خه‌و ده‌بینن؟!

ئـاخۆ دره‌خته‌كانی (گوێ سیروان) خه‌و ده‌بینن؟!

كه‌مال ئه‌حمه‌د

2-2

شێرکۆ بێکەس ئەڵێ:

(( من ژنێکی خەڵکی (زینانە)م
نـاوم (کـاڵـێ)یە
سەرگوزەشتەی دۆزەخ و دۆزەخەوان و
بەیتی حەشر و قیامەت و حیکایەتی دابڕان و
هەڵـقـرچان و، هاتنەوە لەوەو دنیاوە
لە لای مـنـە!
ئەوەی کە ئاو پێی ئەزانێ و
ئەوەی کە داری سەرەڕێ و باڵندەکان
پێی ئەزانن، کورتەی خەمە و ئێجگار کەمە.
من بۆ خۆم قیژەی ناو چاڵ و
من ڕەنگی شەوی دڕندە و
من بۆنی جەستەی پاسفندەی
بەردەم سەگە ڕەشی ئەوێ و
ئـافـاتەکەی سـیـاسـاڵ بـووم ))

پاسفندە: واتە ڕزیو.
سیاساڵ: واتە ساڵی ڕەش، ساڵی نەهامەتی و خەم.
باسی خەیاڵی ئەو شوفێرە عەسکەرە ئەکات کە لە قافڵەی زیلەکاندا زیلێکی پڕ لە ئەنفالی لێخوڕیوە، ئەڵێ:
(( شۆفێرە سەربازەکە، بەردەوام چاوی بڕیبووە ڕێگای درێژی بەردەمی و دەمێکیش بوو بێ وچان لێی ئەخوڕی، لە ماوەی یەک ساڵی جەنگدا دوو برای‌و دوو ئامۆزای لە شەڕەکانی (دزفول) و(شـوش)دا کوژرابوون، زۆر لە دوور و لە ئاسۆیەکی تەڵخدا، سەرەتای هەڵکردنی گێژەڵووکەیەکی بیابانی بە دیکرد، بـیـری ئەکردەوە، خۆی لەگەڵ خۆیدا ئەدوا، لە دڵی خۆیدا ئەیوت:

ئـەتــرســم ڕۆژێ دڵی خۆم، دڵی کەس نــــا
هەر دڵی خـــۆم..
وەخـتـی نووستن، یان لێخـوڕیـن
کاتێ ئەڵێم کە من هیچ ئاگام لەو نەبێ
فرسەت بێنێ و لە ناو قەفەزەی سنگمەوە
بە پـێـدزکێ و بە بێ خـشـپـە
خۆی قوتارکاو هەڵبێ و بچێ
لە دەرگای دڵی عەریف (پــائـیر) با و
ئەویش بڵێ فەرموو ژوورێ و
لە سەر کورسیی حەوتی نیسان دابنیشێ و
ئەوسا خەبەرم لێبدا
کە ناوبەناو لە کونی کونی ژوورەوەی
نــاو دەروونمـا من چی ئەڵـێم!
من ئەترسم خەیاڵی خۆم..
تۆقین زۆری بۆ بهێنێ و ڕۆژێ بڕواو
دەرگای ژووری شیر و شمشێر بکاتەوەو
قاچ لە سەر قاچ بەرامبەری
وێنەی قەعقاع دابنیشێ و
چرپە چرپ و وڕێنەکانی شەوگارم
هەمووی بڵێ!
من ئەترسم لچ و لێوم..
یان مەڵاشووم، یاخود زمانە بچکۆلەم
یان ددانم..
ڕۆژێ حاشام لێ بکەن و
خەبەر لە زمانە گەورەو لە گەرووم و
لە ژێکانی ناو دەنگم بـــەن!
من ئەترسم..
هەندێ (بــا) هەن سست و تەمەڵ
نەفس نزم و لەم دەشتانەدا کەوتوون و
قەت هەڵـناکەن
من ئەترسم (بـا)یەکی وایان کڕیبێ و
کردبێتیان بە جاسوس و
(بـا)ی جاسوسیش نیوە شەوێ
هەر بە ناو درزی دەرگادا
بێتە ژوورێ و
گوێ لە هەناسە و یان پرخەو
یاخود نەبزی خوێنم بگرێ و
دوایی بڵێ:
لەوە ئەچێ ئەم سەربازە
بۆ (بەووابەی شەرقی) نەمرێ و
بە مردنی خوایی بمرێ و
بۆ بەیانی قـــــییییییڕ بمگرن!
من ڕۆژێ چووم، دیارە هەر بە تاقی تەنیا
بەسەر قامیشەڵانی زەردەڵەی مل باریک و بەسەر
ئاوی بێوەژنی ناو ئەهوار و
سەریفە لەش سووتاوەکەی کۆنەماڵدا
تۆزێ گریام
لەو ڕۆژەوە
ئۆقرەم هەر لەسەر ئاگرە و
دەستم لەسەر دڵی ترسە و
ئەڵێم نەوەک
قامیشێکیان سیخوڕ بووبێ و
چووبێ بۆ لای ماسییە نقەی ئاسایش و
ڕاپۆرتێکی لە من دابێ! چۆن گریاوم؟))

خەڵەف: ئەو عەسکەرەیە کە بە چەکەوە پاسەوانی ئەو زیلەیە کە شۆفێرەکە لێی ئەخوڕێ و لەگەڵیایە.
شێرکۆ بێکەس لە خەیاڵی شۆفێری ئەو زیلەوە ئەڵێ:

(( من ناوێرم سەیری ئەم کوردانە بکەم
ئەڵێم نەوەک چاوی «خەڵەف»ی پاسەوان
لە پڕێکا قەترەیەکی بەزەیی خـوا
یان یەک بریسکەی بچووکی
لێبوردنی پێغەمبەرێ
لە ناو چاوانما ببینێ و بەگرتمـبـا!))
شوفێرەکە، دوای بڕینی ڕێگایەکی دوورودرێژ نوقمی خەیاڵ بووە…
(( خەڵەف کۆکی ‌و، ئەم داچڵەکی و
گەردەلوولی کلک کڵافەی
دووری سەحرا، هەتا ئەهات
لە قافڵەی ڕوو لە عەدەم نزیک ئەکەوتەوە و
لە پڕێکدا لە ناو بەرایی
تەمـاشـای خۆڵاوی‌دا..
قەڵایەک و چەند قولـلەیەک
هەڵتۆقین و
لە ناو ئێوارەی ژەنگاوی و
لە ناو وەڕەی سەگی ڕەش و
لە بەردەمی زەمانێکی مڕومۆچ‌دا
مـاشـێن وەسـتا!.
خەڵەف بە دەنگی بەرز وتی:
«نـوگـرە سـەلمان!»
ــ نوگرە سەلمان!
ئافاتێکی قەڵا قەڵا، دووپشکێکی گەورە گەورەی کۆنکرێتیی.
ئەشکەنجەیەکی درێـژ و
کـڵـپەیەکی بـازنەیی!.
نوگرە سەلمان!
ژەنگی مێژوویەکی کۆن و
قولـلەی زوڵمێکی زۆر دوور و
مەنزڵێکی بیرچوونەوە و
یادگارێکی بێ پەنجەرە و
تاعونێکی خۆمڵاسدەر لە ناو لمدا و
کینە و ڕقێکی سرمدیی!.
نوگرە سەلمان!
قەڵا قەڵای ئازارێکی ڕەشداگەڕاو.
تینویەتییەکی ئەزەلی‌ و
پێناسەیەک بۆ ونبوون و بۆ تاریکی و
شوێنێ بۆ زەمانی غەدر و
جێگایەک بۆ پیاسەی زوڵم و
گــــاڵتەی تـــاوان.
نوگرە سەلمان!
لە زستانا.. وشکە سەرمای دەم بە گوێزان.
لە هاویـنـا.. گەرمایەکی پڕووکاوی گرنج گرنج.
جێگایەک بۆ پشوودانی نێزەی ماندوو.
شوێنێ بۆ نووستنی هەواو تا ئێوارە هەڵنەسانی!.
نوگرە سەلمان!
چەند نەخشەیەکی فیراری نەخشەسازی
چەند بینایەکی هەڵاتوو لە ئەندازە و
چەند پەتایەکی ڕاکردوو لە دەست فورات!.
چەند پاسەوانێ لە نەسلی گورگی ڕەسەن
نوگرە سەلمان!
بـیـابان بۆ خۆی شەرم ئەکـا
بڵێ مێژووم بنیاتی نـا.
تەیرێکی خـۆڵاوییش وتی:
من شـایەتم:
جارێک بیابان پێی وتم:
من شەرم ئەکەم وەختێ نامە و
هەر پۆستێکم لە ڕێی ئەمەوە پێ بـگـا!.
بەردی دیوار هەموو جارێ
کە پاسەوان تێپەڕ ئەبوو
ئینجا ئەیـوت:
ئـــاااااااای کە بەختێکی ڕەشم بوو
وەختێ نەکرام بە دیواری کتێبخانە و
یـان مەکتەبێ و
یـان خانووی شیعر و چیرۆکێ و
یـان بەردڕێژی شەقامی
نێو باخێک و
ئەم چـارەنووسەم پێ بـڕا!.
ژەکــە ئاوی ناو بەرمیلیش
وەختێ کە پاسەوان ئەڕۆیشت
ئەویش ئەیـوت:
ئـــاااااااای کە بەختێکی ڕەشم بوو
نە گەنم و جۆیەک خواردمیەوەو
نە چوومە ناو دوو پەرداخی عاشقەوە و
نە بەفرێ سەردانی کردم و
من شەرمەزاری لای ئەم عەبدە فەقـیرانەم
دوااااااااای ســووتانم ئەمـخۆنەوە!))

شێرکۆ بێکەس لە بڕگەیەکی تردا، بە کینایە باسی هاوخەمی و هاودەردیی کورد و شـیعە ئەکات، کە چۆن هەردووکیان له‌ عێراقدا بە دەستی بەعسی شۆڤێنییه‌وه‌ دووچاری ستەم و کۆمەڵکوژیی بوونە، ئەڵێ:

(( بەو سەرەوە
تەیرێک لە ناو دووکەڵەوە
کە منی دی
هاتە خوارێ و
ڕێک بەرامبەرم نیشتەوە!.
« یەکەم جار بوو تەیرێ ببینم عەمامەی لە سەردابێ! «
وتی: تۆ ئەمناسیتەوە؟
وتم: تەنها شێوەت ئەکەم!
وتی: من نـاوم نەجـەفـە و
لە شیعری (جـەواهـیری‌)دا یەکمان دیـوە!
کە تۆزێ لێی وردبوومەوە
وتـم: وایـە!
وتی: تۆ هەر چاڵی باڵندەکانی خۆت باس کرد!
تۆ هەر مۆمت لە سەر گۆڕی
قوربانییەکانی خۆت هەڵکرد!
بەڵام ئـاخـر..
«نەمهێشت قسەکانی تەواوکا»
وتم: هێشتا من فڕینم بەردەوامە!
نەگەیشتوومەتە ناو دڵـت!
وتی: تەنها من یەک قسەم پێیەو ئەڕۆم!
ئەمجارەیان ئێمە و ئێوە
لە گۆڕستانی چرادا
لە ڕێی ئێسک و پروسکەوە
لە ناو مردنا بۆ ژیـان
بە تەواوی بـووین بە بـــرا)).

شێرکۆ بێکەس، کۆتایی گۆڕستانی چراکان بە وەیلێ وەیلێیەک دێنی، ناخ ئەهەژێنێ. بەر لەو شین و وەێلێ وەیلێیە، ئەڵێ:

(( چەند زەلیلە
ئەم هەقەی من.
چەند گوناهە
بێ گوناهیم.
چەند ڕسوایە
زمانی شاخ.
چەندە تەباین
من و مەرگ و
کە شەو داهات
سەگەلی ڕەش
یەک لە دوای یەک
چۆن ئەمانخوات!
ئــاااااای کە تەنیام.. چەندە تەنیـام
چەندە.. چەندە.. چەندە. لەم وەختەدا
لە تـۆ تەنـهـاتـر خـودایە!
لە تـۆ بێکەسـتـر خودایە!
تـەنـهـا کـوردە))

منـاڵ عادەتی وایە، کەسێک ئازاری بدات دایکی ئەنێرێتە سەر ماڵی ئەو کەسە. شێرکۆ بێکەس لە شیعری (ئاخێک) و لە کتێبی (زنەی شیعر)دا بە هەستێکی مناڵانەوە ئەڵێ:

((ھەراسانم مەکە.. زریان!
با نەتدەمە دەست ھەڵبەستێکی ھەللاجی شێت و تووڕەم،
بێتە سـەرت و
شـیـتکاتەوە و
بـتـکـاتەوە
بە لۆکەی شنەبایەکی
ترسـاوی پاڵ گردۆڵکەکان!
ھەراسانم مەکە.. باران!
با نەتدەمە دەست دۆزەخێکی ئەوینی
غەریبیم و، بێتە سـەرت و
ئاگر پرژێنت بکات و
بـتـکـاتەوە
بە پۆپەشمینی ھەڵمێکی
شیتاڵ شیتاڵی «گوێ سیروان!»
تۆیش! ئازاری نا ئومێدی‌و لـێکـدابڕان!
ئەمشەو ھەراسانم مەکە!
بـا زریان و بـا بـارانت
بۆ نەھێنمەوەو نەتدەمە
دەست ھەڵبەستێکی سوورە ھەتاوی ڕۆحم و
نەتکەمەوە
بە ئاخێکی
زۆر بچکۆلەی
قژ زەردی تەمەن پێنج ساڵەی
بەجـێمـاوی.. ئـەنـفـالـەکـان..))

print

 41 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*