سەرەکی » زانست » هەندێك ئازار نیشانەیە بۆ كەمیی ڤیتامین (D)پەڕە 1

هەندێك ئازار نیشانەیە بۆ كەمیی ڤیتامین (D)

پسپۆرانی تەندروستیی ئاشكرای دەكەن: ئازاری هەندێك ناوچەی دیاریكراوی لەش نیشانەی ئاگاداركردنەوەیە بۆ كەمیی ڤیتامین (D).

ئەوەی زانراوە ئەوەیە كە لەشی مرۆڤ ڤیتامین(D) لە كۆلیسترۆڵەوە دروست دەكات كاتێك كە پێست بەر تیشكی خۆر بكەوێت، كەمیی ئەو ڤیتامینەش شتێكی زۆر باوە لەجیهاندا، بە شێوەیەك نزیكەی یەك ملیار كەس لە جیهاندا بەدەست كەمیی ڤیتامین(D)یەوە دەناڵێنن و ئەوەش كێشەی گەورەیان بۆ دروستدەكات، هەربۆیە زۆر پێویستە هەموو كەسێك نیشانەكانی كەمیی ئەو ڤیتامینە گرنگە بزانن.

(ئیمیلی رولاسۆن) پسپۆڕی خۆراكی لە سەنتەری (Holland & Barrett)دەڵێت» زۆرجار كەمیی ڤیتامین(D)هیچ نیشانەیەكی بینراوی نییە، بۆیە پێویستە هەموو كەسێك بڕی پێویستی ئەو ڤیتامینە دابین بكات، هەروەها ڕەنگە بەشێك لە نیشانەكانی وەك ماندوێتی و لاوازیی و ئازاری ماسولكەكان و شێواوی ئێسك و ئیسكە نەرمە هۆكارەكەی كەمی ڤیتامین(D)بێت.

ئەو وتیشی» تەنانەت یەكێك لە هۆكارە لاوەكییەكانی كەمیی ڤیتامین (D) كەمبوونەوەی ئارەزووە بۆ هەموو شتێك و خەمۆكییە».

هەندێك لە توێژینەوەكانیش ئاماژە بەوە دەدەن ئەوانەی مەگێزیان باش نییە ، هەر كاتێك بڕی ڤیتامین(D) لە خوێنیاندا زیاتر بێت مەگێزیشیان باش دەبێت.

(گابرییلا بیكۆك) پسپۆڕیكی تری بەناوبانگی خۆراكە دەڵێت» ئێستا كە زۆربەی خەڵك بە هۆی مەترسییەكانی ڤایرۆسی (كۆڤید-19) لە ماڵەكانیانن و لە زۆر شوێن خەڵك هێشتا ناتوانن بچنە دەرەوەو خۆر لێیان بدات، ڕوویانكردووتە تەواوكارە خۆراكییەكان بۆ بەدەستهێنانی ڤیتامینەكان بە گشتی و ڤیتامین(D) بە تایبەتی».

ئەو دەشڵێت» زۆر گرنگە پارێزگاریی لە ئاستی ڤیتامین (D) دروست بكرێت لە ناو لەشدا لە پێناوی جەستەیەكی ساغ و ئەقڵێكی باشتر، هەروەها ئەو ڤیتامینە ڕۆڵی كاریگەریشی هەیە لە باشتر كردنی ئەركی كۆئەندامیی بەرگریی، هەر كاتێك ڤیتامین(D) لە لەشدا كەم بێت كۆئەندامی بەرگریش لاواز دەبێت».

جێگەی ئاماژەیە ڤیتامین(D)یارمەتیدەرە بۆ ڕێكخستنی بڕی كالیسیۆم و فۆسفات لە لەشدا و پێویستیشە بۆ پاراستنی سەلامەتی ئێسكەكان و ئەركی ماسولكەكان و بە هێزیی ددانەكان، جگە ڤیتامین(D) یارمەتیدەرە بۆ دژایەتیكردنی هەوكردنەكان و كەمكردنەوەی ئازاری جومگەكان كاتێك كە بە هۆی هەوكردنەوە جومگەكان ئازاریان هەبێت.

بە پێی هەندێك توێژینەوەش كەمیی ڤیتامین(D) پەیوەستە بە هەوكردنی ڕۆماتیزمییەوە كە حاڵەتێكی هەوكردنی درێژخایەنە و كاردەكاتە سەر جومگەكان.

بە پێی توێژینەوەیەكی پەیمانگای نیشتمانیی بۆ تەندروستیی لە كتێبخانەی نیشتمانیی پزیشكیی ئەمریكا دەركەوتووە كەمیی ڤیتامین(D) یەكێكە لە هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كەمیی بەرگریی خۆرسك كە ئەوانەش دەبن هۆی نەخۆشیی شەكرەی جۆریی یەكەم و هەندێك جۆری گرژبوون و ڕەق بوونی دەمارەكان.

 

سەرچاوە: الصحة والحیاة

print

 655 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*