سەرەکی » ئاراستە » گوندی ژنوار

گوندی ژنوار

رۆزا حەمە ساڵح

ژنوار(JINWAR): گوندێکە دەکەویتە ڕۆژئاوای شارۆچکەی دربێسی ڕۆژئاوای کوردستان، کە تەنها منداڵ و ژنان تیادا نیشتەجێن، لە ٢٥ نۆفەمبەری (٢٠١٦) لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریا بڕیاری بونیادنانی گوندی ژنوار دەرکرا، دواتر لە ١٠ی ئازاری (٢٠١٧) دەست بە دروستکردنی کرا، لە ٢٥ی نۆفەمبەری هەمان ساڵ و لە یادی ڕۆژی جیهانی ڕۆبەرووبونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا بە فەرمی گوندەکە کرایەوە.

له‌ دوای سه‌پاندنی هه‌ژموونی هه‌زاران ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی باوكسالاری به‌سه‌ر ژندا، ئەمرۆ لە سەر خاکی ڕۆژئاوا هێز و توانای ژن بە پراکتیزە- کردار کراوە.

گوندەکە ٣٠ خانووی تیادایە کە لە قور و خشت دروستکراوە، وشکبوونەوەی ئەو قوڕانەی کە خانووەکانی پێ دروستکراوە یەکێک بووە لە زەحمەتترین کارەکان، زۆر جار ژنان لە گەرمای ٤٥ پلەی سەدی کاریان کردووە و ئەو گەرمایەش هیچ لە جۆشی کارکردنی کەم نەکردنەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەبەرئەوەی کارێکی هەرەوەزی بوو و لەپێناوی ئامانجێكی هاوبەشدا بوو، زۆر بە خۆشحاڵی و بەگەرم وگوڕیەکی پڕ لەورەو ئازایەتییەوە کارەکەیان تەواو کردووە.

یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکان پەیداکردنی پوش بووە لەو کاتەدا بۆ ئەوەی لەگەل قوڕەکە تێکەڵی بکەن و بیکەن بە خشت، ئەمەش گەڕان و ماندووبونێکی ویستووە.

بیرۆکەی هەڵبژاردنی قوڕ و دروستکردنی خشتی قوڕ بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە نەریێتی گوندی کۆنی سەدان ساڵە لەوەوپێشی کوردستان زیندووبکەنەوە. شێوازی ئەو خانووانە لە زستاندا گەرمە و لە هاویندا فێنک. سەرچاوەی ئەم بیرۆکەیە بۆ ژن دەگەڕێتەوە کە لە ئەزموونەوە ئەو زانایی و فێربونەی بەدەستهێناوە.

ئەکادیمییای ژنوار قوتابخانەیەك و فڕنی «ئەشنان» وشوێنی بازرگانی «خوشکان»و بنکەی تەندروستی «شیفا» و شوێنێکی تایبەت بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە خۆی دەگرێت. ئەو ژنانەی کە دانیشتووی گوندەکەن لەم شوێنانەدا کاردەکەن و خزمەتگوزاری پێویست بە خەڵکی گوندی ژنوار و گوندەکانی نزیک لە ژنوار دەبەخشن.

بیرۆکەی دروستبوونی گوندی ژنوار هاوشێوەی گوندی «ئۆمۆجا»ی ژنان لە وڵاتی کینیایە، کە ژنان بتوانن خۆبەڕێوبەری خۆیان بکەن.

ئەو ژنانەی کە لەم گوندەدا نیشتەجێکراون، ژنانی قوربانی دەستی بارودۆخی نالەبار و کلتووری دواکەوتووی کۆمەڵگان.

«ئه‌ڤین سوێد» کە لەو کاتەدا گوته‌بێژی كۆنگره‌ی ستار بوو له‌ باكووری سووریا (گه‌وره‌ترین ڕێكخراوی ژنانه) ده‌ڵێت: «به‌هه‌ڵه‌ باس له‌ گوندی ژن ده‌كرێت، ئێمه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ فێمێنیسته‌کان نین، مه‌به‌ستی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گونده‌كه‌ ڕاستینه‌ی مێژووی ژن ده‌ربخات و ببێته‌ پشتیوانی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ ماف و ڕه‌نجیان ده‌خورێت.»

ئەو ژنانەی کە دەچنە ئەو گوندە چەند جۆرێکن کە هەموویان بە ڕەزامەندی و لەسەر داوای خۆیان دەچنە ئەوێ. هەندێك لەو ژنانە ئەوانەن کە هاوسەرەکانیان لەدەستداوە، هەندێکی دیکەشیان ئەوانەن کە توندوتیژییان لەبەرامبەر دەکرێت. جۆری سێیەم ئەوانەن کە دەیانەوێت لە جێگەیەکی ئارام وئاسایشدا بژین، جۆرێکیش لەو ژنانە ئەوانن کە دەیانەوێت بۆ لێکۆڵینەوە ماوەیەک لەوێ بمێنینەوە.

ڕۆشتنە ناو گوندەکە وچونە دەرەوە لێی، بەپێی هاوپەیمانیەکە کە لەلایەن ئەنجومەنی گوندەکەوە نوسراو و قبوڵکراوە.

وشەی ژنوار بەواتای « شوێنی ژن» یان « واری ژن « دێت. ژنانی ژنوار ئەم کۆمەڵگایان بونیادنا بۆ ئەوەی ببێت بە شوێنێکی شایستە کە ژنان تیادا سەرپشکبن لە دابین کردنی بژێوەی خۆیان و بە ئازادی تیادا بژین، ئەمەش لە دوای ئەوەی چەندها سەدەیە لە وڵاتی سوریا ژنان رووبەڕوی توند و تیژی بوونەتەوە.

بەڕێز ئۆجالان له‌ كتێبه‌كانی خۆیدا ده‌ستنیشانی ئەوە ده‌كات كه‌ ژن یه‌كه‌مین چینه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می سۆمه‌رییه‌كان كه‌وتۆته‌ ژێر چه‌پۆكی داگیركه‌ران و هه‌تا ژن ئازاد نه‌بێت، كۆمه‌ڵگه‌ ئازاد نابێت.

فەلسەفەی ژنوار واتا دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ ژن بۆ ئەوەی لە سەر پێکانی خۆی بوەستێت، بەوە دەتوانیت خۆی دەرباز بکات لەو کۆت وبەندانەی کە وابەستەیە بە کۆمەڵگای باوکسالارییەوە، بەو پێیەش زەمینەی ئەوە دەڕەخسێت کە ئازادی لە ناو کۆمەڵگادا بهێننە ئاراوە.

ئەو هەلانەی کە بۆ ژنان و منداڵان لە گوندی ژنوار دابین کراون، چەند پرۆگرامێکی فێرکاری وەك دروومان وخوێندن و نووسین، هەروەها وانەی فێرکردن بۆ مۆڵەتی شۆفێری.

ژنان و منداڵان لە گوندی ژنوار سود وچێژ دەبینن لەو هەلانەی کە بۆیان دابین کراوە چونکە پێش ئەوەی بگۆازرێنەوە بۆ گوندی ژنوار، لێی بێبەش بوون.

ئەو کەسانەی کە لە گۆندەکە دەژین بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیان به‌ كشتوكاڵ دابین دەکەن هەر لە بەرهەم هێنانی سەوزە و میوە هەتا پێداویستێکانی ناو ماڵ و جل و بەرگیش هەر لە ناو گوند دروست دەکرێت.

 

 

print

 351 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*