کورتە چیرۆک

دەریاچە

بێهزاد قادری

سەیری ئاوەکەمان دەکرد. دەست لە نێو دەستی یەک. ئاوێکی شین بە وردە شەپۆلێک کە شەوقیان دەدایەوە. ئاسمانیش شین، چەند پەڵە هەورێکی سپیش خۆیان بە دەم «با» وە دابوو. دەستیم توند توند گرت، کێوەکانی ئەوبەرم پێ پیشان دەدا؛ هەرزاڵێکیش لە داوێنیدا بوو، تەنیا چەند مەترێک لە کەنارەکە دوور بوو. لە نێو ترۆمبیلەکەم دانیشتبووین، چەند مەترێک لەو لای جادەکەی پشتمانەوە. سەری خستبووە سەر شانم. گوتی، چ دەبوو ئێستا لە نێو ئەو هەرزاڵە باین، من ژنی تۆ بام و بە حەزی خۆمان و پڕ بە دڵی ئەو دەریاچەیە یەکمان ماچ کردبا.

دەستی راستم دەهێنا بەپرچیدا و بە دەستی چەپم دەستیم دەگوشی؛ گوتم، دوور لە خەڵک، دوور لە قیڕە و هاواری ترۆمبیل و کوڵەفیتنەکانی نێو شار. جا لە لێواری دەریاچەکە دانیشتباین، دەست لە ملان و لێو لەسەر لێو. ئەوجار شەرابی چاکمان دەهێنا، پێکەکانمان لە یەک دەدا و تۆ شەرابت خواردبایەتەوە و من تۆ، ڕوانینی تۆ، دەنگی تۆ و هەناسەکانی تۆ. تۆ مەستی شەراب و من تۆ، لێوی تۆ و ئامێزی تۆ. دوای هەر پێکێک، لە لێویشتم دەخواردەوە.

کە ئەوەم گوت، لێویم گەزی. لەو کاتەدا راوەستانی کاتم پێ خۆش بوو. چاوی وەک وردە شەپۆلەکانی دەریاچەکە شەوقی دەدایەوە. لێوی گەرم، هەڵمی لێ هەڵدەستا و بە لێومەوە دەنووسا. هەم دیسان سەری خستەوە سەر شانم. «شێرکۆ» ئاسا گوتم، لەبەر شەبەنگەکەی چاوت، ئاگام لە قوڵە قوڵی هانەکەی دەمت نییە. لەبەر دەمیش ئاگام لە پرژە پرژی قەڵبەزەی گەردن نییە. لەبەر گەردن ئاگام لە بژوێنی شان و قۆڵ و قاسپە قاسپی پەنجە نییە. لەبەر ئەوانیش چ ئاگام لە جووتە کۆترە سپییەکەی هەڵکوڕماوی سەر سینگت نییە و لەبەر مەمیش ئاگام لە زنەی چاڵی ناوکت و لەبەر ناوکیشت ئاگام لە مێرگی سیحراویی بەر سێبەری خوار سک نییە…

هەردووکمان گەرم هەڵگرابووین. لێویم گەزتەوە. لەبەر چاوی ئاسمان و دەریاچە و هەرزاڵەکەوە، بە گەردنیدا گلۆر بوومەوە بەسەر سینگیدا. حەزم دەکرد هەناسەکانیشی هەڵمژم و بە روانینە مەستەکانیدا هەڵزنم. تێکەڵ ببووین، وەک ئاسمان و دەریاچەکە…

لەناکاو تەقە لە شووشەی ترۆمۆبیلەکەم درا! وەک ئەوەی وابوو لە ئاسمان رسیان بکەین. کوڕێکی تووڕەی بەران‌لووت سەیری دەکردین. جنێوێکی دا، سەگبابینە چ دەکەن. هاواری دەکرد، دە وەرە دەرەوە خوێڕییەی گەواد. ترسابووم، ئەویش ترسابوو و لێم پاڕایەوە کە نەچمە دەرەوە و خێرا ترۆمۆبیلەکە هەڵ بکەم و بڕۆم. کە سەیری پشتەوەم کرد، ترۆمبیلێک رێی رۆیشتنی لێمان گرتبوو. هاواری بەرز بووەوە، گەواد دێیتە دەرەوە یان بەردبارانت بکەم. لە تەنیشتم دەگریا و زەندەقی چووبوو. هەر لە ترۆمبیلەکە دابەزیم بە مشت لە سەر و لووتی دام و خوێن فیچقەی کرد.

نەیهێشت یەک وشەش بێتە سەر زمانم. لەسەر عەرز کەوتبووم و ئەو لێی دەدام. لێی دەدام و لێی دەدام… بەردێک بەر دەستم کەوت و هەتا هێزم تێدا بوو لە سەریم دا. بە دەمدا رما و خەڵتانی خوێن بوو. بە گریان لە ترۆمۆبیلەکە هاتە دەرەوە. هەموو روخسار و جلوبەرگەکەم ببووە خوێن و بەر چاوم رەش ببوو. پێم گوت، ترۆمبیلی ئەو بێشەرەفە لا ببە با بڕۆین.

من گێژ و وڕ بەرەو نێو ترۆمۆبیلەکەم رۆیشتم، ئەویش بە دەم گریانەوە ترۆمبیلی ئەو کابرایەی لە پشتمانەوە لابرد. هەوڵ ببووین و سترێس و دڵەڕاوکێ دایگرتبووین. بەرەو لام هات و هەر بە گریانەوە پێی گوتم، چ بوو؟ مرد؟ بەدبەخت بووین… شیوەن و زاری دەستی پێکردەوە. من لە جێی خۆمدا وشک ببووم. دوای کەمێک راوەستان، روخسارم خاوێن کردەوە، هەموو گیانم سوور و شین ببووەوە. نەمدەزانی چی بکەم. ترۆمۆبیلەکەم هەڵ کرد و بەرەو نێو شار گەڕاینەوە. بەردەوام لە تەنیشتم دەگریا و بۆم ژیر نەدەبووەوە. ئەوم گەیاندە ماڵی خۆیان و منیش گەڕامەوە ماڵی خۆمان.

هەرگیز بیرم نەدەکردەوە کە کوشتنی کەسێک ئاوا خێرا روو بدات. هەموو شتێک لە چەند چرکەدا روویدا. من ماچم دەکرد، تەقە هات، چوومە دەرێ، مشتم خوارد و بۆ پارێزگاریکردن لە خۆم بەردێکم لێ دا… چ ئاسان رما و گیانی دەرچوو. ئەو وێنانەم سەدان جار هاتەوە پێش چاو، ماچم دەکرد و ئەو رما و مرد!

دەیگوت، دەبێ خۆمان تەسلیمی پۆلیس بکەین. دەیگوت، بەو عەزاب ویژدانەوە ناتوانین بژین. دەیگوت، لە کۆتاییدا هەر پێمان دەزانن. دەیگوت، لە سێدارەت دەدەن و من بەردباران دەکەن. دەیگوت، قەت خۆشی نابینینەوە. دەیگوت، خودا غەزەبمان لێ دەگرێت، خودا خانە خەرابمان دەکات، خودا لە بەڵا بێبەریمان ناکات. دەیگوت، نامەوێت بچمە جەهەندەمەوە. دەیگوت، من دەڕۆمە کن پۆلیس و هەموو شتێکیان بۆ دەگێڕمەوە. دەیگوت، دەڕۆم و خۆم دەخەمە هەمان دەریاچەوە. دەیگوت، خۆم هەڵدەواسم. دەیگوت، خۆم دەکوژم و خۆم دەسووتێنم. هەر دەیگوت و دەیگوت و دەیگوت…

دەمگوت، نابێ خۆمان تەسلیمی پۆلیس بکەین. دەمگوت، هەڵەی خۆی بوو و مەرگ مافی خۆی بوو. دەمگوت، دەممان راوەستێت، سەرمان سەلامەتە. دەمگوت، نامەوێت بە سێدارە بمرم و نامەوێت بە بەردباران بمریت. دەمگوت، دەبێ لە بیری خۆمانی ببەینەوە. دەمگوت، خودایەک نییە تا غەزەبێک هەبێت. دەمگوت، جەهەندەمێک نییە. دەمگوت، لەبه‌ر من ناچیتە کن پۆلیسەوە. دەمگوت، لەبەر من خۆت ناخنکێنی، خۆت هەڵناواسیت و خۆت ناسووتێنیت. هەر دەمگوت و دەمگوت و دەمگوت…

ئەم شەڕە دەروونییە چەند رۆژ درێژەی هەبوو. خەومان بڕابوو. سترێس و دڵەڕاوکێ بڕستی لێمان بڕیبوو. بە هەر زەنگێکی مۆبایل زەندەقمان دەچوو. دار و بەردمان لێ ببووە پۆلیس. دونیامان لێ ببووە جەهەندەم. چ دەبوو لە خێری ئەو ماچە دەگوزەرام، یان لەژێر لەقە و مشتی ئەو کوڕەدا دەمردم.

زەنگی بۆ دام و گوتی، چیدی ناتوانێت وەها بژیت و ئەوا دەڕواتە کن پۆلیسەوە و هەموو شتێک بە وردی دەگێڕێتەوە، ماچ بە ماچی دەگێڕێتەوە، وشە بە وشە و نیگا بە نیگا. ترسابووم، زۆر ترسابووم، زۆر زۆر ترسابووم، هەر زۆۆۆۆۆۆۆر ترسابووم. گوتم، چیدی رێگات لێ ناگرم، بەڵام وەرە و با بۆ دوایین جار یەک ببینین و وشە نەگوتراوەکانمان بە یەک بڵێین. دەستی بە روومەوە نەنا و هات. گوتم، هەر ئەو کات لە کن دەریاچەکە مردین، وەرە و ئێستا با پێکەوە بمرین. گوتم، رەنگە خودا بمانبەخشێت. گوتی، نامەوێت بێ ئیمان لە دونیا بڕۆم. گوتی، من خۆم ناکوژم. گوتی، نامەوێت بەشم دوو جەهەندەم بێت. گوتی، نامەوێت بکوژی خۆم بم. هەر دەگریا و دەیگوت و دەیگوت و دەیگوت.

رازیم کرد کە با بۆ دواجار بڕۆینەوە لای دەریاچەکە و دواتر پێکەوە خۆمان تەسلیمی پۆلیس دەکەین. لەوێ بوو کە دابەزین و هەناسەییم بۆ هەمیشە لە نێو دەریاچەکەدا لە گۆڕ نا. لەو شوێنەی کە بە خەیاڵ ماڵمان دروست دەکرد و ئەو ژنی من بوو و پڕ بە دڵی دەریاچەکە خۆشەویستیمان دەکرد، هەناسە و نیگاکانیم خنکاند. راوەستانی خوێنی دەمارەکانیم لەژێر قامکەکانمدا هەست پێ دەکرد. چنگی لە ئاو گرت و ئاخرین قوڵتەکانی هاتنە سەر ئاو.

دەزانیت دوو جار دەبێ لە سێدارە بدرێیت؟
تکایە، دوو جار لەو دەریاچەیەدا بمخنکێنن.

print

 179 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*