سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » یەکێتی مەسووتێنن

سه‌كۆی پایته‌خت

یەکێتی مەسووتێنن

59

لەم دۆخە پرلەئاڵۆز و نەخوازراوەی کەبەرۆکی هەرێمی کوردستان بەگشتی و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی گرتوەتەوە ، هەندێک لایەن چاویان لەنەمانی یەکێتیی یە زیاد لەوەی کە چاوه‌ڕوانی باشکردنی موچەی فەرمانبەران بن. ئەوەندەی دەیانەوێت حیزبەکەی مام بدەنە سەرزەوی و هەناسەی یەکجاری لێببرن بەنیو هێندە نایانەوێت دەستی هەژارێک بگرن و لەتەنانێکی بدەنێ ، یان ناخوازن پێشمەرگەیەکی ماندوی دوای شەری داعش بحەسێننەوە. سەیرەکە لەوەدایە کە ئەم یەکێتییە هێندە بەهێزە تەنانەت نەک دژ و رکابەر و نەیارەکانی،بەڵکو دەبینین کە لەهەندێک بارەگای خۆیەوە ئاگر لە خۆی بەردەدرێت یان لەسەر مێزو سفرەی رازاوەی پارەی یەکێتییەوە هانی ناحەزەکانی دەدرێت پەلاماری ماڵەسەوزەکە بدرێت و بسوتێت و بەڵام یەکێتیی گڕ ناگرێت
پرسیارە زیندوەکە ئەوەیە: کادیر وپێشمەرگەکانی یەکێتیی وەک خۆپیشاندەران بێمووچەن. بارەگاکان بێکارەبا و سارد و سڕن زۆپاو مۆلیدەکانی مەڵبەندوکۆمیتەکان نەوت و گاز نیە تێیبکەن، کەواتە ئەی بۆ دەبێت یەکێتیی بکرێتە ئامانج و بسوتێنرێت؟ هەر بەراست تۆ بڵێی نەزانن کە حکومەت و وەزارەتەکان بەرپرسن لە دابینکردنی موچە و کارەباو نەوت و خزمەتگوزاری یە سەرەتاییەکان؟ ئەی نازانن لەم حکومەتە یەکێتییەکەی مام بە 18 کورسی پەرلەمان بەشدارە و دەبێت ئەگەر حەق و حسابیش بێت هەر لایەو بەپێی قەبارەی خۆی شکستی بەر بکەوێت و دادگایی بکرێت؟ ئەی تۆ بڵێی لەیادیانچووبێت کاتێک پارتی و گۆڕان ئەم کابینەیەیان دروستکرد، یەکێتیی لەماڵ کرابوە دەر و وەک حیزبێکی بێکەس و بێدەرەتان سەیریان دەکرد و لە کۆبونەوەی ژوورە داخراوەکان بە گاڵتەوە ئەمیان وتی، ئێکەتی نەماوە و ئەویتریان سەری بۆ لەقاندوو وتی ئاخر و ئۆخرەکەیەتی ؟
هەر بەراست تۆ بڵێی لەبیریان کردبێت کە لەیەکەم کۆبونەوەی ئەم خولەی پەرلەماندا سەرۆکی پەرلەمان وتی: پەرلەمان کەوتەوە دەست هاوڵاتیان و بوە مانشێتی تیڤی و کەناڵەکانی راگەیاندنیان و وەک پاڵەوانی جەنگ خۆیان نمایش دەکرد؟ ئەی بیرتانچوو ئەم حکومەتە بەهەموو کەموکورتیەکانیەوە بەرهەمی 38 کورسی پارتی و 24 کورسی گۆڕان و 18 کورسی یەکێتیی و 1٠ کورسی یەکگرتوو و ٦ کورسی کۆمەڵی ئیسلامیە، کەدەبێت هەر لایەنێک بەقەدەر حەجمی خۆی لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت دوای ئەوەی کەبۆتان دەرکەوت یەکێتیی لەکاتی ژان دەگەشێتەوە و لە زریاندا هەڵدەچێت و لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق خەونەکەتانی خستە گۆرەوە ، ئیتر مانگی هەنگوینی رێکەوتنەکەی ساڵی 2014 کۆتایی هات و کەوتنە وێزەی یەکتر و بەڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بۆ چونە هەولێرو دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان لەلایەن پارتی تا دەگاتە رووداوەکانی دواتر ئەم رۆژە رەشەتان بۆ ئەم میللەتە دروستکرد.
ئێستا بۆ پەلاماری کادیر و کۆمیتەکانی یەکێتیی دەدەن؟ ئەی نازانن مناڵەکانی ئەوانیش پارەیان پێنیە بچن بۆ خوێندنگە، یان بچن بۆ لای پزیشک کە نەخۆش دەبن؟ یەکێتیی کە لەهەناوی خەڵک دروستبوە و هێڵە گشتیەکانی سیاسەتی لەسەر خزمەتی خەڵک و مافە رەواکانی جەماوەر دارشتوە، چۆن لەگەڵ خەڵکی هەژار نابێت و پشتیوانیان لێناکات، چۆن دەتوانێت هاوڵاتی کورد بکوژێ ئەگەر نەک بارەگایەک و دوان و سیان بەڵکو هەموو بارەگاکانیشی بسوتێ ، ئەی نازانن هێشتا خۆڵی سەرگۆری شێرکۆی فاتح شوانی و حسین مەنسوور و صلاح دیلمانی و سەدان هاورێی تریان وشک نەبوتەوە کەتاکە ئامانجیان ئەوە بوو، خوێنی گەنج و منداڵ و پیاوی کورد نەرژێت و بەدەستی شەمشەمەکوێرەکانی داعش ئەتکی ژن و کچەکانمان نەکرێت ، ئیتر چۆن هاوسەنگەرەکانیان دەستیان دەچێتە خوێنی خزم و کەسوکارو هاوڵاتیەکانیان.
بەڵام خۆ دەبێت ئەجێندای سیاسی و پروپاگەندەی پێشوەختی هەڵبژاردن لە ئامانجی راستەقینەی خەڵکی نارازی جیابکرێتەوە کە دێن دەمانسوتێنن خۆ دەبێت کادیرەکانمان بڵێن ئێمەش وەک ئێوە بێمووچە و بێدەرەتانین ، بڵێن کۆمیتە وەزارەت نییە ، دەبێت بڵێن بەهێمنی و دوور لەسوتاندن برۆن لەهەولێر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و دارایی و دەسەڵاتەکان بونیان هەیە و داوای نەوتی دزراو و موچەی فەوتاوتان بکەن ئەم ئەجێندایە هێندە داخ لەدڵە بۆ یەکێتیی و زۆنی سەوز ، فەرمانگەی کارەبا دەسوتێنێت و داوای چاککردنی کارەبا دەکات ، ئاسایش ئەسوتێنێت و داوای سەلامەتی و ئارامی دەکات ، بۆری ئاو دەشکێنێت و هاواری بێئاوی دەکات ، فایل و ئەوراقی مەحکەمە هەپرون بە هەپرون دەکات و داوای عەدالەت دەکات. قائیم قامیەت دەروخێنێت و داوای دەوڵەتی دامەزراوەیی دەکات،پێشمەرگە دەکاتە میلیشیاو داوای هاتنی حەشدی شەعبی دەکات.
یەکێتیی مەسوتێنن ، هێندەی نەماوە و لە هەڵبژاردن بەشێوەیەکی دیموکراسیانە ئیرادەی خۆتان لەسندوقەکانی دەنگدان دەرببرن، یەکێتیی مەسوتێنن دواتر هەمووان بەسلێمانی و کەرکوک و هەولێر و دهۆکەوە باجی بێ یەکێتیبوون دەدەین ، ئەی نازانن ئەوەی کە روودەدات دەرەنجامی کەمبونی دەنگەکانی ئەم حیزبەیە لە هەڵبژاردنەکانی 21/9/2013 و هەبوونی لاسەنگی هێزە لەکوردستان،کە دواجار بەسوتانی یەکێتیی ئەوەیشی کەلەم هەرێمە ماوە دەسوتێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*