سەرەکی » ئاراستە » شەهید كەمالەڕەش

شەهید كەمالەڕەش

حه‌یده‌ر مه‌نتك

لاوێك لێوان لێو لە دڵسۆزی و بوێری، وەك شێر لە هەڵمەت و ئازایی، پێشمەرگەیەك بەمانای وشە تێگەیشتوو و قسەزان، پێشمەرگەیەك بۆ سەركەوتنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو ساتێك قوربانی بەخۆی دەدا، تا گەل ئازادو سەرفراز بێت، ئەویش (كەمال قادر) ناسراوە بە (كەمالە رەش)ە.

شەهید كەمالەڕەش پێشمەرگەیەكی گوێڕایەڵ و هێمن و قسە خۆش بوو، زۆر جەماوەری و لێزان بوو لەكاتی گفتوگۆ، لە ناو هێزی پێشمەرگەو لادێنشینەكان قسە شیرین و زۆر خۆشەویست بوو.

لەژیانی پێشمەرگایەتی بەشداری زۆربەی نەبەردی و چالاكی وداستانەكانی سنووری هەولێرو سەركردایەتی كردووە، بەڵام بەداخەوە لەدوای روخانی گوندەكان و نەمانی دانیشتوانی گوندەكان ژمارەیەكی زۆر لە هەڤاڵانی پێشمەرگە بەتایبەتی لە ساڵی 1988 لە نزیك گوندەكانی هەولێر تووشی شەڕو رووبەرووبوونەوە دەبوونەوە، یان خیانەتیان لێدەكرا و تەسلیم بە رژێم و دائیرەی ئەمنی هەولێر دەكرانە و تا ئێستاش تەنانەت تەرم و گۆڕیشیان نیە.

رۆژی 7/3/1988 چوار پێشمەرگەی قارەمان كەوتنە بۆسەی جاشەكانی سنووری هەولێرو لە ئەنجامدا كەمال قادر و شەریفەسوور شەهید بوون و گەیشتنە كاروانی نەمران.
هەزاران درود بۆ گیانی شەهید كەمال و تێكرای شەهیدان.

ژیاننامەی كەمالەڕەش
شەهید كەمال قادر عەلی عومەر ناسراو بە كەمالەڕەش، ساڵی 1962 لە گوندی گەرەسۆری قەزای مەخمور لەدایكبووە، لەرووی خوێندنەوە دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە.

ساڵی 1983 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1984 پەیوەندیكردووە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوەو سەرەتا لە كەرتی دووی تیپی 87ی قەرەچوغ دەستی بەخەباتی چەكداری كردووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ كەرتی دووی تیپی 86ی دەشتی هەولێر كە ئەوكات شەهید (خاڵە یوسف) فەرماندەی كەرت بووە، ماوەیەكیش لە تیپی 85ی بەڕانەتی بووە.

دوا پلەی فەرماندەی مەفرەزە بووە.

بەداخەوە رۆژی7/ 3/ 1988 لە گوندی تەندورە- كۆدەرە كەوتنە بۆسەی جاشەوە و لەگەڵ هاوڕێیەكی بەناوی شەریفەسوور، شەهیدكران و گەیشتنە كاروانی سەروەران.

print

 103 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*