سەرەکی » وتار » بۆ ئێستای کورد!

بۆ ئێستای کورد!

مەحمود شێرزاد

ئیمپراتۆریای داگیرکەری عوسمانی لە ساڵی ١٩٠٨ وە دەستی بە رووخان کرد و لە ساڵی ١٩٢٢دا بە تەواوی رووخا، بەڵام بۆ هەموو کورد نەڕووخا و بەشێک لە خاکی کوردستانی هەر بۆ مایەوە.

هەموو رووداوێک قوڵاییەکی نەبینراوی هەیە. هەموو رووداوێک ریشەیەکی هەیە لە دید و نەزەری چاوەدێران و شرۆڤەکارانی سیاسی و بیرمەندانی زانستە مرۆییەکان شاراوەیە. بۆ نمونە ئەمڕۆ کارێک دەکەی، ئەم کارەی تۆ تاقەیە و رەهەندێکی نادیاری هەیە. هاوکات لەبەر ئەمە ئەم کارە یان ئەم رووداوە لە رەهەندی تاقەدا درێژەی هەیە و کۆتایی پێنەهاتووە، هەر بۆیەش بەدواداهاتی هەیە و بێ گومان یان بەهەمان شكڵ و شێوە یان بە جۆرێکیتر دووبارە دەبێتەوە. کە دەڵێن مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەمە هۆکارەکەیەتی، بەڵام تەنیا ئەهلی شهود و ئەهلی دڵ دەیزانن. هەموو کارێک یان هەموو رووداوێکی تاکەکەسی، خێزانی یان کۆمەڵایەتی، ناوچەیی و جیهانی بە وردی لە هەندێ حاڵەتدا رۆژێ جارێک، یان مانگێ جارێک، یان ساڵێ جارێک، یان ١٠ ساڵ جارێک، یان ١٠٠ ساڵ جارێک یان ١٠٠٠ ساڵ جارێک و…هتد لە هەمان کاتدا هەوڵدەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارە بێتەوە. ئێمە لە عیرفان و لە عیرفانی یۆگادا بەوە دەڵێن کارما.

هەروەها زانستی میکانیکی کوانتۆمیش پێی دەڵێ گێرۆدەبوونی کوانتۆمی، واتە دوو تەن یان دوو تاقە کە بەر یەک دەکەون بەردەوام بۆ یەک دەگەڕێن تا لە هەمان شوێن و لە هەمان کاتدا بەر یەک دەکەونەوە. جا ئێستا خەونی زۆر زۆر ناعەقڵانی و نا مرۆیی دروستکردنەوەی ئیمپراتۆریای عوسمانی لە دەورووبەری ساڵانی ٢٠٠٨ وە تا ئێستا ٢٠٢٠ بەرە بەرە بە ئاشکرا سەری هەڵداوەتەوە، واتە لە ١٠٠ ساڵەی رووخانیدا دەیەوێ هەستێتەوە و دروست بێتەوە. جاران بە واقعیی هەبوو، بەڵام رووخا، ئێستا کاتی ئەمەیە کۆتایی بە خەونەکەشی بهێنرێ. ئەم بابەتە بە نیسبەت خۆخۆری و دژمنایەتی یەکتری کردن و خیانەتپیشەیی کوردیش راستە و هەزاران ساڵە دووبارەی دەکەینەوە. بەڵام خۆشبەختانە ئێمە دەتوانین بازنەی کارما یان گیرۆدەبوونی کوانتۆمی رووداوەکان بشکێنن و کۆتاییان پێ بێنین. بە خۆشحاڵییەوە وا نیە کە نەتوانین پێشی پێبگرین.

بەڵام چەند خاڵێک لەم پەیوەندییەدا زۆر گرنگن:

یەکەم: خەڵک نە بە بیر، نە بە قسە، نە لەگەڵ خۆیان و نە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەسلیم نەبن و ورە بەر نەدەن و نەرێنی نەبن، چونکە بەوکارە تاقە دەدەن بەو، ئەو بە هێز دەکەن و یارمەتی دەدەن دووبارە بێتەوە.

دووەم: لەسەر زەوی و لە مەیداندا، بە کردار، دوور لە رق و قین یەک بگرین و ئامادە بین بۆ داکۆکی کردن و بەرەنگاریی، بەرەنگاری مافی رەوایە، هیچ عارف و یۆگییەک دژی نیە و بە ناڕەوایان نەزانیوە. ئەوان دژی داگیرکاری و دەستدرێژین.

سێێەم: حکومەت و ئەحزاب وەهۆش بێنەوە و بە خۆیاندا بچنەوە. ئەرکی خۆیان بە جێ بگەیەنن، کەلێنی نێوان خۆیان و خەڵک کەم بکەنەوە. ببن بە یەک و لە بارودۆخە جیا جیاکاندا لە پشتی یەکتری بن.

ئەگەر ئێمە ئەم سێ خاڵە رەچاو بکەین دەتوانین بازنەی لە مێژینەوی روودا و کارەساتە ناوخۆیی و ناوچەییەکان ببسێنین و تا رادەیەک رەوتی رەورەوەی مێژووی خۆمان و دەورووبەرمان بە ئاقارێکی ئەرێنیدا ئاراستە بکەین.

ئەم ئەرکە لەم ناوچەیە کەوتۆتە سەر شانی کورد، تورک و فارس و عەرەب لە خەوی قووڵی رەگەزپەرەستیدان، ئەرکی ئێمەیە بە ئەشق و یەکگرتوویی و بەرخۆدان خۆمان و ئەوانیش وەخەبەریان بێنین.

print

 95 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*