سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » لۆژیکی گەڕانەوە بۆ بەغدا

لۆژیکی گەڕانەوە بۆ بەغدا

ئەگەر گەڕانەوەی وەفدی کوردی بۆ بەغدا بە عینوانی رێکەوتنی هەردوولا نەبێت و لۆژیکی دژایەتی و بیری جیابوونەوەخوازی تێنەپەڕێنێت، زەحمەت دەبێت رێکەوتن رووبدات. هەولێر و بەغدا چەندە نزیک بن لەیەکتر، بەڵام ئەگەر جانتای وەفدە کوردییەکە کاتێک بەرەو بەغدا دەکەونەڕێ پڕ نەبێت لە کاغەزی سپی و نییەتی سپی و دوور نەبێت لە دژایەتی و بیری جوداخوازی و هەمان لاپەڕەکانی پێشوو بخرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەستەمە ئەم شەنوکەو کردنە خەرمانی تموحەکانی هەردوولا بهێنێتە کاتی سووربوون و بەرهەمی ئەم شەنوکەوکردنە بێتە بوون.

وردتر لەوەی لە واقیعدا دەبینرێت کە قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری کورد بۆ بەغدا هەڵگری ویستێکی راست و دروستە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەو ویستە پێکنەهاتووە لەکۆی نییەتە باشەکانی لایەنی کوردی بۆ رێکەوتن، لەپشت ئەم ویستە باشەوە، دەمێکە نییەتێکی دژایەتیش هەیە کە روون نییە و خۆی نادات بەدەستەوە تاکو هەولێر لەگەڵ بەغدا لەخاڵێکدا بووەستن و بارگەی هاوبەش پێشکەش بەیەکتر بکەن بۆ هاوسەنگکردنی هاوکێشە قورسەکەی نێوانیان و گەیشتن بە دەرئەنجامێکی دروست.

ئەگەر بەکۆی گشتی لایەنی کوردی پێیانوابێت بەغدا خاڵی چارەسەر و کۆتایی قەیرانەکانی هەرێمە و دەبێت دواجار لەگەڵیاندا رێکەوتن بکرێت، ئەوا ناکرێت لە هەمان کاتدا بەغدا وەک بەرەی نەیار و ململانێکاریش سەیربکرێت. ئەگەر بەغدا لۆژیکی تۆلێرانس و لێبووردە و ئاشتی بوێت تاکو کۆتایی ناکۆکییەکان رابگەیەنرێت، ئەوا لەهەمان تەوقیتدا کورد پێویستی بە لۆژیکی دژایەتی و کێشە دروستکردن نییە بۆ رێکنەکەوتن. لەم پانتاییەدا ناکرێت دوو ئاراستەی بیرکردنەوەی جیاواز بگەنە یەکتر و پێکەوە هەڵبکەن، ناکرێت بەغدا بە قووڵایی ستراتیژی و مافی کورد بزانرێت، بەڵام هاوکات هەنگاوی پێویستیش نەگیرێتەبەر بۆ گەیشتن بەم قووڵاییە پێویست و گرنگە.

گەڕانەوە بۆ بەغدا و پیشاندانی نییەتی دروست بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغدا، بەهێوربوونەوە و دامرکاندنەوەی کەفوکوڵی ناسیۆنالیستیی پێشوو نابێت، هاوکات بە بەشداریکردنی کوردیش نییە لە حکومەتی نوێی عیراق، هەروەها نییەت باشی قوباد تاڵەبانی سەرۆکی وەفدی دانوستانکاریش بەتەنها بەس نییە بۆ راستی و دروستی نییەت باشی گشتیی هەولێر، بەڵکو پیشاندانی نییەت باشی گشتیی کورد بەوە دەبێت کە کۆی گشتیی لایەنە کوردستانییەکان بگەنە ئەو بڕوایەی کورد جگە لە بەغدا هیچ دەروازەیەکی دیکەی نییە تاکو لێیەوە بچێتە دەرەوەی ئەم قەیرانانە و بەغدا وەک هێزی خێر ببینرێت بۆ کورد نەک وەک هێزی شەڕ و نەیارێتی.

دوای ئەوەی حکومەتەکەی مستەفا کازمی وەک نیازپاکییەک بڕی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد و وەفدی کوردیش بۆ چەندانجار سەردانی بەغدایان کرد، ئێستا پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئایا گەڕانەوە بۆ بەغدا بەهەمان لۆژیکی پێشوو دەبێت یان نەخێر ئەو سەردانانەی وەفدی کوردی تێپەڕاندنی تەواوی ناکۆکی و دژایەتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە؟ ئایا ئەم وەفدە بۆ چەندانجار کە قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات هێمایەکە بۆ یەک دەنگی و یەک گوتاریی ماڵی کوردی، یان ئەمە بۆخۆی نییەتێکی دیکەی لەپشتە لەدواجاردا و لە ئەگەری هەر رێکنەکەوتنێک لەنێوان هەولێرو بەغدا، لەهەرێمەوە قوباد تاڵەبانی بەهۆکاری رێکنەکەوتنەکە خەتابار بکرێت؟

ئەگەر واقیعبینی لە رەشبینی سیاسیی جودا بکرێتەوە، ئەوا واقیع پێمان دەڵێت جگە لەنییەت باشی سەرۆکی وەفدی کوردی بۆ بەغدا، هیچ کەسێک نییەت باشی گشتی کورد هەست پێناکات و هەنگاوی گرنگ نەگیراوەتەبەر بۆئەوەی هەردوولا زیاتر لەیەکتریی نزیک ببنەوە.

لەم کاتەشدا کورد دووجار زیان دەکات، لەلایەک ناتوانێت درێژە بەم دۆخە خراپەی حکومەتداریی و خراپیی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران بدات، لەلایەکی دیکەشەوە دابەشبوونێک روودەدات لە گوتارو نییەتی گشتیی کورددا بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغدا.

دژیەکی و پارادۆکسییەک لەوەدا هەیە پێش یەک هەفتە سەدایەکی ناوخۆیی هەبێت بۆ بەشەیتانکردنی هەر کوردێک داوای گەڕانەوەی مووچەکەی بکات بۆسەر بەغدا، بەڵام هەمان سەداو نەغمە پێیوابێت دەتوانین لەگەڵ بەغدا رێکەوتن بکرێت.

رووکردنە بەغدا بەو تەعبیری شەیتان و فریشتەبوونە لەنێوان هەولێر و بەغدادا نەک لۆژیکێکی دروست نییە بۆ ئاشتی و رێکەوتن بەڵکو رەنگە بەربەستێکیش بێت لەبەردەم رێکەوتندا و هەموو ئەو لاپەڕە سپییانەیشی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ خۆی بردوویەتییە بەغدا، دێڕێکی هیوابەخشیان لەسەر نەنووسرێت و رێسەکەی بکرێتەوە بە خوری.

بۆیە ئەگەر لۆژیکی گەڕانەوە بۆ بەغدا لۆژیکی گشتییە و لۆژیکێکی نەرمە لەپێناوی رێکەوتن، ئەوا دەبێت نییەتی گشتی باڵ بکێشێت بەسەر رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادا، ئەگەریش ئەم گەڕانەوەیە بە لۆژیکێکی پڕ خەونی لەمێژینە و دژایەتی و رەجمکردنی بەغدایە، ئەوا دەبێت کۆمەک بەم لۆژیکە نەکەین سەربگرێت و کورد پاشەکشێ لە بەغدا بکات.

print

 147 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*