سەرەکی » وتار » ئەوەى لە سازانى کوردیدا لە رۆژاڤا رانەگەیەنراوە

ئەوەى لە سازانى کوردیدا لە رۆژاڤا رانەگەیەنراوە

فەتحوڵڵا حسێنى

لایەنە سیاسییە کوردەییەکانى رۆژاڤا بەم دواییانە گەیشتنە دیدێکى سیاسیى هاوبەش بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتنى سەرەتایی، دانانى رێکەوتنى دهۆکى 2014ش سەبارەت بە حوکمڕانیى هاوبەش و ئیدارەو پارێزگاریی بە بنەما بۆ بەردەوامبوونى گفتوگۆکان.

ئەو لایەنانەى دەیانەوێت بگەنە لێکگەیشتنى هاوبەش هاوشانى یەک نین، چونکە لایەنى یەکەم کە یەکێتیى نیشتمانیى کوردییە و لە 25 حزب پێکهاتووە کە نوێنەرایەتیى کۆى گشتیى ئەو حزبانە دەکەن کە ئیدارەى خۆجێی و ئەنجومەنى سوریاى دیموکراتیان لەدەستدایە، بەڵام لایەنى دووەم حزبەکانى ئەنجومەنى نیشتمانى کوردن، کە لە ئیدارەى خۆجێیی و ئەنجومەنى سوریاى دیموکراتیشدا بەشدار نین، ئەم دەستپێشخەرییەش بۆ ئەوەیە کە ئەم حزبانە بخرێنە ناو ئیدارە خۆجێییەکەوە لە رووى سیاسى و ئیدارییەوە.

ناوەڕۆکى لێکگەیشتنەکان لەسەر ئەوە چڕکراوەتەوە کە پشت بە رێکەوتنى دهۆک ببەسترێ بۆ پێکهێنانى مەرجەعى سیاسیى کورد، پاشان میکانیزمى تێکەڵکردنى حزبەکانى ئەنجومەنى نیشتمانى کوردى (ئەنەکەسە) بە دامەزراوە سیاسیى و دیپلۆماسیى و خزمەتگوزارییەکانى ئیدارەى خۆجێیی و لە کۆتاییشدا گەیشتن بە شێوازێک بۆ تێکەڵکردنى هێزى سەربازیى ئەنجومەن بە هێزەکانى سوریاى دیموکرات و لە ژێر یەک ئاڵادا بن. ئەم خاڵەى دواییان هیچ مشتومڕێک هەڵناگرێت و یەک هێز هەیە کارامەیی خۆى سەلماندووە لە پاراستنى پێکهاتەکانى ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆردا، ئەویش یەک ئاڵاو یەک سەرکردەى هەیە، هەر هێزێکى دیکە و لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، دەتوانێ بچێتە ریزى یەکە سەربازییەکانییەوە.

لە رێکەوتنى دهۆکدا و دواى شکستى هەردوو رێکەوتنى یەک و دووى هەولێر، پێویست بوو چەمکى گرەنتی جێگیر بکرێت، گەرەنتیش ئەوەیە کە لە رێکەوتنەکەدا حزبە کوردستانییەکانى وەک: یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، پارتى دیموکراتى کوردستان، لەگەڵ جڤاکی کۆمەڵگەى کوردستانى، ئەوکات و دواى ئیمزاکردنى رێکەوتنەکە لە 22ى ئۆکتۆبەرى 2014دا هەردوو وەفدە کوردییەکە بەیاننامەى لێکگەیشتنەکەیان ئیمزا کردبوو، سەردانى سلێمانییان کرد ولەگەڵ سەرۆکى کۆچکردوو مام جەلال لە دەباشان کۆبوونەوە، مام جەلال پیرۆزبایی لێکردن تا ببێتە هەوێنى هەر رێکەوتنێکى داهاتوو ئەگەر ئەم رێکەوتنە تووشى کێشەیەک هات.

کەواتە دوو لایەنى گفتوگۆکار هەیە: حزبەکانى یەکێتى نیشتمانیى کوردى تەڤگەر، وەک ئەو لایەنەى خاوەنى ئیدارەى خۆجێییە و هێزێکى سەربازیشى هەیە کە هێزەکانى سوریاى دیموکراتە، هەروەها خاوەنى ئەنجومەنى سوریاى دیموکراتە کە یەک لەسەر سێى جوگرافیاى سوریاى بەدەستەوەیە و هەماهەنگیى سەربازیشى لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتیدا هەیە، لایەنەکەى دیکەش ئەنجومەنى نیشتمانى کورد (ئەنەکەسە)یە کە ئەندامى هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنى عەرەبى سوریایە لە رووى سیاسییەوە و سەنگێکى ئەوتۆی نییە لەناو جوگرافیاى باکوور ء خۆرهەڵاتى سوریادا، ناکرێت ئەم لایەنە خۆى بە هاوشان بزانێت، بەڵکو دەبێت هێندەی سەنگى خۆى ئیستحقاق وەربگرێت لەکاتى یەکخستنى دیدى کورد بۆ رۆژئاڤا.

هەرچەندە ئیدارەى خۆجێیی لە رووى سیاسى و ئیدارى و سەربازییەوە تێکەڵەیەکە لە پێکهاتەکان، بەڵام لێکگەیشتنەکەى ئەم دواییە بۆ یەکخستنى دیدى کوردییە، نەک بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەى ئیدارەى خۆجێیی، یان مشتومڕى دوور و درێژ لەسەر هێزەکانى سوریاى دیموکرات.

کورد رێگەیەکى دوورو درێژو کۆبوونەوەى چڕوپڕى لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتنى تەواو، بەتایبەتیش کە ئەوەى راگەیەنراوە تەنیا راگەیاندنى رێکەوتنە لەسەر لێکگەیشتن و هیچى دیکە، واتە لێکتێگەیشتنى سیاسیى سەرەتایی و کۆبوونەوەکانى داهاتوو قورس و تاقەت پڕوکێن دەبن، بە تایبەتیش کە حزبەکانى ئەنجومەنى نیشتمانى کورد پابەندن بە ژمارەیەکى زۆر رێکەوتن لەگەڵ هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى عەرەبى، کە بنکەى سەرەکیان لە ئیستانبوڵە، ئیستانبوڵ-یش پێنج شارى سوریاى داگیرکردووە لەوانەش هەردوو شارى کوردنیشین عەفرین و سەرێ کانى، ئەوجا تۆ بڵێى حزبەکانى ئەو ئەنجومەنە لە رێکەوتنەکان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنى سوریادا بێنە دەرەوە و بگەڕێنەوە ریزى کوردى لەناو رۆژئاڤادا؟ یان هەروا دەمێننەوە قاچێکیان لە ئیستانبوڵ و قاچێکیشیان لە رۆژئاڤا دەبێت، ئەى لێکگەیشتنەکان؟ تۆ بڵێى کامڵ بن، یان ئەنجومەنى نیشتمانى کورد دەمانگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەى یەکەم و مشتومڕى بنبەست لەوەدا کە دان بە ئیدارەى خۆجێییدا نانێن، ئەوەش لەکاتێکدایە کە قەوارەیەکى کوردى رانەگەیەنراو هەیە لەژێر ناوى ئەو ئیدار خۆجێییەوە و حزبە کوردستانییەکانیش دیارترین رۆڵیان هەبووە لە پاراستن و پێشکەوتنى ئەو قەوارەیەدا، بەتایبەتیش یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و جڤاتی کۆمەڵگەى کوردستانى، ئەمەش نهێنى نییە، تازەش ئاشکرا نەبووە، بەڵکو ئیستحقاقێکى نەتەوەیی و نیشتمانییە کە ئەو دوو حزبە دێرینە لە ئەستۆیان گرتووە.

لێکگەیشتنەکان ئێستا وەستاون و رەنگە دەستپێکردنەوەشیان کاتى زۆرى بوێت.

print

 191 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*