سەرەکی » ئابووری » پشكی هه‌رێم له‌ قه‌رزه‌كان به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌بێت

پشكی هه‌رێم له‌ قه‌رزه‌كان به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌بێت

یه‌كه‌ی ئابووری

لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه‌ حكومه‌تی عیراق له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ وه‌ریده‌گرێت، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی (2020).

بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانه‌
شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاندوه‌، ئه‌و قه‌رزه‌ ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كییانه‌ی كه‌ عیراق به‌نیازه‌ وه‌ریبگرێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی 2020، له‌داهاتووشدا له‌ خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان ده‌درێته‌وه‌.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی روونیده‌كاته‌وه‌، قه‌رزه‌كان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانه‌ له‌ خه‌رجییه‌كانی به‌كاربردن له‌ بودجه‌دا، پشكی هه‌رێمیش له‌و قه‌رزانه‌ دوای رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا دیاری ده‌كرێت.

نوێنه‌ره‌كه‌ی عیراق ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و حكومه‌تی فیدراڵی له‌سه‌ر كێشه‌ داراییه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشكی له‌و قه‌رزانه‌ به‌رده‌كه‌وێت، له‌ ئه‌گه‌ری نه‌گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنیش، ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێم هیچ پشكێكی له‌و قه‌رزانه‌ به‌رناكه‌وێت كه‌ عیراق به‌نیازه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان له‌ بودجه‌ وه‌ریبگرێت.

بڕی قه‌رزه‌كه‌ دیاریكراوه‌
جێی ئاماژه‌یه‌، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ دانیشتنێكی پێشوویدا ده‌نگی له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای وه‌رگرتنی قه‌رزی ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی دا، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان له‌ بودجه‌ی ساڵی (2020).

به‌پێی یاساكه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، حكومه‌تی عیراق ده‌ستكراوه‌ ده‌بێت له‌ وه‌رگرتنی قه‌رزی ده‌ره‌كی به‌ بڕی پێنج ملیار دۆلار، هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی بڕی 15 تریلیۆن دینار له‌ قه‌رزی ناوخۆیی.

بڕی كورتهێنانی بودجه‌ی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2020 ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 69 تریلیۆن دینار كه‌ له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ كورتهێنانی هیچ بودجه‌یه‌ك به‌و جۆره‌ نه‌بووه‌.

به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا له‌جیهاندا و پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی نرخی نه‌وت، بڕیاردان له‌سه‌ر بودجه‌ی فیدراڵی ساڵی 2020 دواكه‌وت، ئێستاش حكومه‌تی عیراق تووشی ئاسته‌نگی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌و ناتوانێت پاره‌ی پێویست بۆ خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان دابین بكات، ئه‌وه‌ش ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی دابینكردنی خه‌رجییه‌ گشتییه‌ پێویسته‌كانه‌.

print

 293 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*