سەرەکی » کەلتوور » دیسان زمان، دیسان زمانی کوردیی

دیسان زمان، دیسان زمانی کوردیی

بەختیار حەمەسوور

١-رۆژهەڵاتناسەکان ناوێکی بەرینە بۆ هەموو ئەو کەسانەی هاتوونەتە رۆژهەڵات و لەناویشیدا کوردستان، مەبەستی هاتنەکان جیان و ناتوانرێت هەموویان لە خانەیەکدا جێ بکرێنەوە، بەڵام لێرەدا تەنیا ئەو گرووپەم مەبەستە کە دەتوانرێت لە بابەتی فەرهەنگی و کولتووریدا دابنرێن، واتا ئەوانەی بە مەبەستی خزمەتکردن بە زمان و ئەدەب و نەریتی کورد هاتوونەتە کوردستان و لەو بوارەدا چ بە نووسین، چ بە کۆکردنەوە، خزمەتیان کردووە.

٢-قسەیەکی نوێ نییە کە ئەدەبی زارەکیی کوردی ئەدەبێکی دەوڵەمەندە، بە ئێستاشەوە قەبارە و حەجمی ئەم ئەدەبە لە ئەدەبی نووسراو زیادتر و بەربڵاوترە. یەکێک لە نوختە گەش و دیارەکانی ئەدەبی زارەکی، توانست و وزەی داشارداوی زمانە، بە خوێندنەوە و گوێگرتن لەم ئەدەبە، دەتوانرێت بڕشتی و دەوڵەمەندی ئەم زمانە دەر بخرێت و جومگە بە جومگە سەر بخرێت و وەک زمانێکی هەراو و بڵاو، خۆی بەیان بکات. رۆژهەڵاتناسەکان، ئەوانەی بایەخیان بە ئەدەبی کوردیی داوە، زۆر کەم، تا ئاستی نەبوون، نزیکی ئەدەبی نووسراو نەکەوتوون، گرنگی و سەرنجیان لای ئەدەبی زارەکی بووە، لەو بوارەشدا زۆر دەق کە چەند سەدە سینگاوسینگ گوتراوە و هاتووە، لە فەوتان و نەمان رزگاریان کردووە و تۆماریان کردوون.

٣-کەسانێک لە چەشنی «ئارچیماندرایت کۆمیتاس، ئۆسکار مان، ئۆگست ژابا، بازیل نیکیتین، رالف. س. سۆلێکی، فریدریش موولێر، ئەلبێرت سۆسین، تۆما بوا، هۆگۆ مەکاس و…» لە کات و ساتی جیاوازدا هاتوون و ناوچە جیاکانی کوردستانیان بەسەر کردووەتەوە و بە شوێن فەرهەنگی کوریدا گوندا و گوند گەڕاون و خۆیان فێری زمانی کوردی کردووە، یان لە ڕێی وەرگێڕەوە کەوتوونەتە کۆکردنەوە و تۆمارکردنی ئەدەبی سەرزاری خەڵکی رەشۆک و نەخوێندەوار؛ ژنان و پیاوانی بەتەمەن. بابەتەکان جیابوون، گۆرانی، بەستە، مەقام، حەیران، بەیت، لاوک، حەکایەت، پەند و… لێرەدا پرسیارێک دێتەپێشەوە: بۆچی لە کەسانی خوێندەوار و شارستانی نزیک نەبوونەتەوە و لەوانیان وەرنەگرتووە؟ بە دڵنیایی لەناو خوێندەوارانیشدا کەسانێک هەبوون چەندین دەقی زارەکی و گۆرانییان لەبەر بووە. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە سەر بنج و بنەوانی زمانی کوردیی، زمانێک کە لە بنەوەڕا لەسەر زار و زمان دروست بووە و گەشەونەشەی کردووە، پەلوپۆی هاویشتووە و گەڵا و گوڵی گرتووە، نەک لەسەر کاغەز و بە شێوەی نووسین، بنەڕەتی ئەم زمانە لە ئەدەبە زارەکییەکەیدایە، لەوێدا خۆیەتی و بارگاوی هیچ زمان و وشەیەکی بێگانە نەبووە. ئەدەبی زارەکیی کوردی لەناو باوەشی سروشتدایە، لە هێمنایەتی، سەرکەشی و کێویلەیی خۆیدا، پاک و خاوێن، دەستکارینەکراو، پەنجە و پرژەی شارستانی بەر نەکەوتووە. رۆژهەڵاتناسەکان مەبەستیان بووە لەسەر زمانی رەسەنی کوردی بنووسن و زانیاری کۆ بکەنەوە، چوونەتە لای ئەو کەسانە کە دوور بوون لە شارەکان و زمانی شارنشین، تەنیا لای ئەوان ئەوەیان دەست کەوتووە کە دەیان ئۆقیانووس، زەریا و شاریان بۆ بڕیوە.

٤-لە ئێستادا کارێکی مەحاڵە قسەکردن لەسەر زمانی رەسەنی کوردی، تەنانەت بۆ هەندێکیش کۆمیدییە، ئەو زمانە لە رێی چەندان کەناڵ و سۆشیال‌میدیا و… دەستکاریی دەکرێت و هەڵدەسووڕێنرێت. زمانیش لە خۆیدا پێکهاتوویەکی جیوەیی هەیە، بزۆک و جووڵەدار، دەرگاکانی واڵان، رێ بە وشەی بێگانە دەدا تێی بڕژێت، خۆیشی بە پێی بارودۆخ وشە ساز دەکات، لەگەڵ ئەوانەشدا ئەمە وەک راستییەکی بنچینەیی دەمێنێتەوە؛ بۆ ناسین و فێربوونی زمانی کوردیی، هیچ چارێکمان نییە جگە لە گەڕانەوە بۆ بنەڕەت؛ ئەدەبی بەرین و بەرفراوانیی زارەکی.

print

 195 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*