سەرەکی » وتار » ئیسلام لە نێوان زانست و دیموکراسیدا

ئیسلام لە نێوان زانست و دیموکراسیدا

تاهیر رەحیم

لەبەرچی ئیسلام لە ئایین دەرچووە؟ لەبەرچی ئایینی ئیسلام دەست بۆ هەموو کونجێکی ژیان دەبات؟ بۆ وەک ئایینەکانی تر نابێتتە ئاینێکی لێبوردەیی؟ بە واتایەکی تر بۆ زۆرترین گروپی تیرۆریستی بەناوی ئیسلامەوەن؟

عەبدولکریم سروش بیرمەندی ئیسلامی بڕوای وایە: (لە سەدەکانی ناوەڕاست بەدواوە ئایینی مەسیحی، ململانێی لەگەڵ زانست بوو بەڵام ئیسلام کێشەی لەگەڵ دیموکراسی هەیە).

رێنیساناس و سەرهەڵدانی پیشەسازیی گەورە و داهێنانی زانستیی نوێ و پێشکەوتنی فیکری مرۆڤەکان وایکرد ئیتر ئایینی مەسیحی نەتوانێت بەردەوام بێت لە ململانێ کردنی زانست و پاشەکشەی کرد یاخود پاشەکشەیان پێکرد. هەروەک ماکس فیبەر 1864-1820/ دەڵێت: “خۆرئاوا وەک چۆن عەلمانییەکی عەقڵانی بەرهەم هێنا، ئاواش ئایینی عەقڵانی بەرهەم هێنا”.

دوای شۆڕشی پێشەسازیی و پێشکەوتنی زانست و فیکری مرۆڤایەتی، ئایینی مەسیحی ناچاربوو دەست لە تێکەڵاوکردنی ئایین لەگەڵ سیاسەت و زانست و دەستبردن بۆ ژیانی کەسەکان هەڵبگرێت.

بەڵام لە وڵاتانی ئیسلامی، ئیسلام هیچ ململانێیەکی لەگەڵ زانست نییە، چونکە هەرچی زانستە لە وڵاتانی خۆرئاواوە دێت و بەرهەمی عەقڵی کۆمەڵگەی ئیسلامی نییە. بەڵکو ململانێ و کێشەی گەورەی ئیسلام یان راستتر ئیسلامی بارگاوی بە سیاسەت لەگەڵ دیموکراسییە. لەو وڵاتانەش کە ئیسلامی تێدایە بە کوردستانی خۆمانشەوە، دیموکراسی تێدا نییە، یان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە. ئەمەش بۆتە هۆی مانەوە و قورسایی ئیسلامییەکان (مەبەستم ئیسلامی میللی نییە وەک ئایینە رۆحانییەکە، بەڵکو ئیسلامی سیاسی، سەلەفیە).

دیموکراسی چەند بچێتە پێشەوە، ئەوەندە ئیسلام دەبێتە ئایینێکی راستەقینە. چەندەش دیموکراسی لە پاشەکشەدا بێت، ئیسلامی سیاسی پانتاییەکی فراوانتر داگیردەکات کە شوێنی ئەو نییە و شوێن بە ئیسلام وەک ئایینیش لێژدەکات.

سیحری فراونبوونی ئیسلام خودی پیاوانی ئایینی و ئایدۆلۆژیای ئیسلام نییە، بەڵکو ئەو هێزە سیاسییە کە ئایین بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێنن.
دیموکراسی و سکولاریزم بە مانای دژایەتیکردنی ئایین نایەت، هەروەک بەشێک لە پیاوانی ئایین لە نەزانی یان بۆ چەواشەکاریی ئیدیعای ئەوە دەکەن، بەڵکو بۆ رزگارکردنی ئایینە لە دەست ئەو سیاسییانەی بازرگانیی بە ئایینەوە دەکەن.

لە سایەی عەلمانییەت “سکولاریزم” لە وڵاتانی ئەوروپا، نەک ئایینی مەسیحی بێهێز نەبووە، بەڵکو ئایینەکانی تریش لەوانە ئیسلامیش بوژاوەتەوە. بەپێچەوانەوە ئەو دەستەیەی بازرگانیی بە ئایینەوە دەکەن لاواز بووە. ئەوانە لاواز بوونە کە سوکایەتی بەژن دەکەن، ئەوانە لاوازبوون کە خۆیان لە ژیانی هەموو کەسێک و مافەکانی تاک هەڵدەقورتێنن.

ئایین لەم وڵاتانە چۆتە ئەو جێگایەی کە پێویستە لێی بێت، ئەویش کەنیسه و مزگەوت و ماڵە.

لە وڵاتانی سکۆلار، ئایین لە فەزای گشتی کۆمەڵگەوە گۆڕدراوە بۆ مەسەلەیەکی تاکەکەسی.

هەروەها لە وڵاتە عەلمانییەکان ئایین لە ئاسمانەوە دادەبەزێتە سەر زەوی، ئایین لە وەهمەوە دەبێت بە حەقیقەت. لە جیاتی گێلکردنی مرۆڤەکان، ئایین دەبێتە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی مرۆڤەکان.

ئایین لە جیاتی ئەوەی ئامرازێک بێت بەدەست دیکتاتۆرەکان و گەندەڵکارانەوە، دەبێتە هۆکارێک بۆ خۆشگوزەرانیی مرۆڤەکان.

ئایین لە وڵاتانی نادیموکرات و شمولیدا، خودا وەک خالقێکی بێ بەزیی وێنا دەکات ، بەڵام لە وڵاتانی دیموکراتی و عەلمانی ئایین خودا وەک خالقێکی بەبەزیی و خۆشەویستی چاکەکاران وێنا دەکات و وا لە مرۆڤەکان دەکات کە خودایان خۆشبووێت، بەڵام لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا ئایین هۆکارێکە بۆ توندوتیژیی و رق و کینە و وا لە مرۆڤەکان دەکات کە نەک خودایان خۆش بووێت، بەڵکو بەبێ ناسینی لەخۆیانەوە لە خوا بترسن.

نا لۆژیکی ئەمەش لەوەدایە کە مرۆڤ ناتوانێت لەیەک کاتدا لە شتێک بترسێت و خۆشیشی بوێت.

لە وڵاتە عەلمانییەکاندا ئایین هۆکارێکە بۆ خۆشەویستی و قبووڵکردنی فرە کەلتووری، بەڵام لە وڵاتە دواکەوتووەکانیشدا ئایین هۆکارێکە بۆ دابڕاندنی مرۆڤەکان لە یەکتریی.

print

 503 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*