سەرەکی » ئاراستە » یادی دوو شەهیدی قارەمانی گوندەکەمان دوو مێرخاسی بنەماڵەیەک

یادی دوو شەهیدی قارەمانی گوندەکەمان دوو مێرخاسی بنەماڵەیەک

سەربەست محەمەد عەلی*

زۆرن ئەوانەی بە درێژای مێژوو دژی زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و پێشێلکردنی ماف و ئازادی گەل و خاک وەستاونەتەوە و گوێیان نەداوە بە هێزی زۆرداران و لەشکری ئاگر و ئاسن، بەردەوام بوون لەسەر خەباتی ژیانێکی شەرەفمەندانە یان مردنێکی سەربەرزانە.

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست لە ناو بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕو گۆشکراو بە بیری نەتەوایەتی و دڵسوزی بۆ کوردو کوردستان، دوو جوامێر و دوو مێرخاس و قارەمانی ئەم میلەتە ستەمدیدەیە چاویان بە رۆژگاری پڕ زوڵم و زۆرداری هەڵدێنن، ئەوانیش هەر یەکە لە، شەهیدان:

سەلام فەتاح جەلیلەیی کە بەڕەچەڵەک لە نەوەی پیرمیکایەڵی گوندی دەوانە، دایکی ئەمنە عەلی لە نەوەی مەلا هۆمەری ناوداری ناوچەی هەڵەبجە، شارەزوور، هەورامانە.

شەهید سەروەت محەمەد عەلی لە نەوەی حاجی مەلا هۆمەری گەورەی جەلیلە و دایکی خانم رەشید لە نەوەی پیرمکایەڵی گوندی دەوانە.

باوکی شەهید سەلام (فەتاح جەلیلەیی) ساڵی 1961 لە سەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلول چەکی شەرەفی لەشانکردووە لەگەڵ هەریەکە لە شێخ حەمەئەمین و شێخ عەبدوڵڵای عەبابەیلێی و محەمەدی حاجی عەلی زاواو خەزوریشی کە سەرەتای لاوی دەبێت چەک هەڵدەگرن دژی زوڵم و ستەمی رژێمی ئەوکاتەی عیراق.

ئەم دوو قارەمانە (شەهید سەروەت و شەهید سەلام) دوو جوانترین مرۆڤەکانی سەردەمی خۆیان بوون، سەربازی هەڵکەوتووی جوانی بەژنو باڵا، یان مرۆڤانێکی دەست و دامێن پاک، خزم دۆست بوون، بە وتەی هاوڕێیان و کەسە نزیکەکانیان دوو نەوەی بەغیرەت پڕ عیزەتی کوردایەتی بوون، جوانترین سیمای بنەماڵەکانیان لە گوندی جەلیلە بوون، قارەمانترین مرۆڤانێک بوون لە گڕدانی کوانووی خەباتی کوردایەتی.

ئەم جوامێرانە هەرچەندە جیاوازی تەمەنیان نزیکی 12 ساڵە، بەڵام هەردووک پێشمەرگەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بوون.

شەهید سەلامی هەمیشە زیندوو لە ساڵی 1976 پەیوەندی دەکات بەکۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە، ساڵی 1977 دەچێتە شاخ و لە هەرێمی یەک دەبێتە پێشمەرگە، بەلێهاتوانە ئەرکی پێشمەرگایەتی بەجێ دەهێنێت و بەشداریی چەندین چالاکی و نەبەردی دەکات لە سنووری هەرێمی یەک.

مەخابن، بە داخێکی زۆرەوە دەستێکی خائین و چەپەڵ و نامۆ بە پیرۆزیی پێشمەرگە و خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان، لە ساڵی 1978دا زەفەری لێدێنێ و لە گوندی بۆین شەهیدی دەکات، ئیدی سەلامی دڵ پڕ لە هیوای ژیانی سەربەرزانە و ئاواتەخوازی رزگاریی نیشتمان بۆ دواجار ماڵئاوایی لە هاوڕێ و هاوسەنگەران ناو خزم و کەسوکاری خاکی کوردستان دەکات.

شایانی باسە فەتاح جەلیلەیی باوکی سەر لق بووە شۆڕشی ئەیلول.

هەروەها شەهید سەروەتی قارەمان ساڵی 1982 لە رێگەی تێکۆشەری کۆچکردوو مامۆستا کەمال هەورامییەوە پەیوەندی دەکات بە رێکخستنەکانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کورستانەوە، چەندین کاری نهێنی و چالاکیی گرنگ دەکات لە سنووری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان و قەرەداخ، ساڵی 1986 دەچێتە شاخ بۆ پێشمەرگایەتی بەڵام بەهۆی کەمی تەمەنی دەیگەڕێننەوە بۆ کاری ڕێکخستنی ناو شار، دواتر لە ساڵی 1988دا دەچێتەوە شاخ و دەبێتە پێشمەرگە لە تیپی 15هەورامان، لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا بەسەختی بریندار دەکرێت و دەبرێتە ئێران بۆ چارەسەر.

له راپەڕینەکەی 1991 بەشداریی چالاکانە و قارەمانانەی دەبێت لە رزگار کردنی سلێمانی و بازیان و کەرکوک جەلەولا.

25/12/1993 لەناو شاری هەڵەبجەدا بەتەنها لەلایەن سەدان چەکدارەوە هێرشی دەکرێتە سەرو گەمارۆ دەدرێت، ئەویش ئازایانە بەرگری دەکات و وەک جوامێریکی رۆژی تەنگانە بەرەوڕووی هێرشی لەشکری ناهەق و ناڕەوای هێڕشبەران دەبێتەوە و بەتاقی تەنیا پێنچ سەعاتی رەبەق بەرپەرچی هێرشی یەک لەسەر یەکی سەدان چەکدار دەداتەوە، دواجار هێرشبەرەکەنان کە دەزانن دەرەقەتی نایەن ناچار بە چەکی قورس لە جۆری کاتیۆشا هێرشی دەکەنە سەرو لە ئەنجامدا شەهیدی دەکەن.

هەزارەها درودوو سڵاو بۆ گیانی ئەم کەڵە شەهیدانە و سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاری کوردستان.

print

 409 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*