یەکەی ئابووری
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی دەڵێت: «ئەگەر یاسا لە دەروازە سنوورییەكانی نێوان عیراق و ئێران بسەپێنرێت، ئەوا لە سەدا (80)ی داهاتی گومرگەكان بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە».
هاوكات، سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عیراق ئاشكرایدەكات، پلانی ئێرانو عیراق ئەوەیە كە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بۆ بڕی 20 ملیار دۆلار بەرزبكەنەوە.
دۆخی دەروازە سنوورییەكانی دیالە
ئەحمەد مەزهەر، جبوری ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حزبو مافیا و گەندەڵكاران كۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەكانی (مونزریە و مەندەلی) لە پارێزگای دیالەیان لەگەڵ ئێران كردوە، ئەوەش وایكردووە داهاتی خاڵە گومرگیەكان بچێتە گیرفانی گەندەڵكارانەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، پڕۆسەی سەپاندنی یاساو دەسەڵاتی دەوڵەتو بڵاوكردنەوەی هێزە ئەمنیەكان لە دەروازە سنوورییەكانی دیالە لەگەڵ ئێران، دەتوانێت لەسەدا (80)ی داهاتی گومرگەكان بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە.
ئەحمەد جبوری ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەگەر بەشێوەیەكی راست رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئەنجام بدرێت، ئەوا داهاتی خاڵە گومرگیەكان دەبێتە جێگرەوەی نەوت لە بودجەی گشتی وڵاتدا.
قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی گەورە دەكرێت
لەلایەكی دیكەوە، یەحیا ئالی ئیسحاق سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێرانو عیراق دەڵێت: «سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئێران، گرنگیەكی گەورەی هەیەو پلانی هەردوو وڵات ئەوەیە كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بۆ بڕی 20 ملیار دۆلار بەرزبكەنەوە».
سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عیراق رایگەیاندوە، دۆسێی ئابووریو بەدواداچوون بۆ رێكەوتنەكانی رابردوو لەگەڵ گرفتە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات، لە ئەولەویەتی ئەو پرسانە دەبێت كە لەمیانی سەردانەكەی كازمی بۆ ئێران گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، زەمینەی باش رەخسێنراوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بۆ بڕی 20 ملیار دۆلاری ساڵانە بەرز بكرێتەوەو لەكۆبوونەوەكانیشدا ئەو پرسە تاووتوێدەكرێت.
یەحیا ئالی ئیسحاق باسی لەوەشكردووە، یەكێكی تر لە پرسەكان قەرزی كارەبایە كە لای عیراقەو نزیكەی سێ ملیار دۆلارەو بڕیارە وادەیەك بۆ گێڕانەوەی دیاری بكرێت.
221 جار بینراوە