سەرەکی » زانست » كونە شینەكان،سەیرترین شوێنەكانی سەر رووی زەوین

كونە شینەكان،سەیرترین شوێنەكانی سەر رووی زەوین

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

هەروەك چۆن كونە ڕەشەكانی گەردوون زانایانی گەردونی سەرقاڵ كردووە و بەردەوام نهێنی نوێیان لەبارەوە ئاشكرا دەكرێت، لەسەر زەویش كونە شینەكان بوونەتە جێگەی سەرنجی زانایانی بواری دەریا و ئۆقیانووسەكان.

تیمێكی زانستی سەر بە دامەزراوەی نیشتمانیی ئەمریكا بۆ ئۆقیانووسەكان و بەرگەهەوا كە بە (NOAA)ناسراوە، بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا سەرقاڵی كاری هەڵكەندن و دۆزینەوەن لە كونێكی شیندا كە بە بۆرییەكی گەورەی ژێر ئاو دادەنرێت.

ئەو كونە شینە دەكەوێتە قوڵایی (155) پێ واتە (47)مەترە لە ژێر ڕووی دەریاوە و لە نزیك كەنارەكانی فلۆریدا و درێژییەكەشی نزیكەی (29) مەترە.

دامەزراوەی نیشتمانی ئەمریكا بۆ ئۆقیانووس و بەرگەهەوا لە بەیاننامەیەكیدا ئاشكرایكردووە، ڕەنگە قوڵایی ئەو كونە شینە دەیان پێ بێت.

هەر لەو بەیاننامەیەدا دامەزراوەكە دەڵێت» لە ڕاستیشدا ئەو كونانە لە ئەنجامی توێژینەوەی زانایانەوە نەدۆزراونەتەوە، بەڵكو بە هۆی دەریاوان و ڕاوكەرانی ماسییەوە ئاشكرا كراون».

تا ئێستاش ئەو كونە شینانە لە لایەن زانایانەوە بە شتێكی تەلیسماوی دادەنرێن، چونكە شێوەی نمونەیی و دەگمەنیان هەیە و شێوەی دروستبوونیشیان یەكێكە لە دیاردە نامۆكان.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە تا ئێستا هیچ كەسێك نەیتوانیوە بچێتە ئەو كونانەوە، بەڵام بە پێی توێژینەوەكان دەركەوتووە هەندێكیان لە ناوەوە مێرگی دەریایی لە خۆیان دەگرن بە هۆی ئەوەی هیچ هۆكارێكی مرۆیی پێیانەگەیشتووە و بە هیچ شێوەیەكیش پیس نەبوون.

هەروەها توێژینەوە سەرەتاییەكانی سەبارەت بەو كونانە ئەنجامدراون بونەتە هۆی ئاشكراكردنی چەندین جۆر گیانلەبەر كە پێشتر وا زانراوە قڕیان تێكەوتووە، وەك ماسی مشاردار و هەندێك جۆری ماسی قرش.

زانایان هیوادارن بتوانن لە توێژینەوەكانیان بەردەوام بن بە مەبەستی ئاشكراكردنی وردەكاریی زیاتر لەسەر چۆنییەتی دروستبوونی ئەو كونانە و پەیوەندی تەوژمە ناوەكییە دەریاییەكان بە دروستبوونی ئەو كونانەوە.

كونە شینەكان یان چاڵە شینەكان كە بە ئینگلیزیی پێیاندەوترێت(Blue hole) هەروەها پێشیان دەوترێت ئەشكەوتی ستوونی، جۆرە ئەشكەوتێكن لە ژێر ئاودا كە لە پێكهاتەی جیۆلۆجی قوڵ دروست دەبن، زۆر جار شێوەیان خڕە، چەندین كونی شینی جیاواز هەیە كە لە زۆربەی ناوچەكانی جیهان لەسەر گۆی زەوی هەن، هەمیشەش لە نزیك ناوچە كەنارییەكاندا دەبینرێن.

 

سەرچاوە: سپۆتنیك

print

 191 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*