سەرەکی » هەواڵ » فه‌همی بورهان: كه‌ركوك پێگه‌ی سه‌ره‌كیی خه‌باتی رێكخراوه‌یی و پیشه‌ییمانه‌ بۆ داهاتوو

فه‌همی بورهان: كه‌ركوك پێگه‌ی سه‌ره‌كیی خه‌باتی رێكخراوه‌یی و پیشه‌ییمانه‌ بۆ داهاتوو

كه‌ركوك، كوردستانی نوێ
به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌كێشه‌و گرفت‌و داخوازییه‌كانی رێكخراوه‌كان، فه‌همی بورهان لێپرسراوی بۆردی پیشه‌ییه‌كان و وه‌فدێكی مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كانی یه‌كێتی، سه‌ردانی كه‌ركوكیان كرد.

به‌ ته‌واوی پشتیوانتانین
له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یاندا، به‌ئاماده‌بوونی محه‌مه‌د عوسمان لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك، وه‌فدی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان و رێكخراوو سه‌ندیكاكانی شاری كه‌ركوك، كۆبوونه‌وه‌و دیدو سیاسه‌تی نوێی یه‌كێتی و داهاتووی خه‌باتی كاری دیموكراسی و ئه‌ركی رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كانیان، خسته‌ڕوو. هه‌روه‌ك پشتیوانیی مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كانی بۆ دووپاتكردنه‌وه‌. لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكیش، به‌ڵێنی هاوكاریی ته‌واوه‌تیی پێدان.

خزمه‌تكردنی كه‌ركوك ‌و دانیشتووانه‌كه‌ی
له‌باره‌ی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان ‌و هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدان به‌كاری رێكخراوه‌یی له‌كه‌ركوكدا، فه‌همی بورهان لێپرسراوی بۆردی پیشه‌ییه‌كان، به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: له‌دوای ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی به‌سه‌ركه‌وتوویی، بڕیارمانداوه‌ گه‌شه‌ی زیاتر به‌كاری رێكخراوه‌یی بده‌ین له‌هه‌موو ناوچه‌كاندا، له‌یه‌كه‌مین هه‌نگاویشماندا له‌دوای كۆنگره‌وه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوو سه‌ندیكاكانی كه‌ركوك كۆبووینه‌وه‌و دیدی نوێی یه‌كێتیمان بۆ روونكردنه‌وه‌و داوامان له‌ڕێكخراوه‌كان كرد به‌ئه‌ركی پیشه‌یی قۆناغه‌كه‌ هه‌ستن، كه‌ ئه‌ویش كاركردنه‌ بۆ خزمه‌تكردنی كه‌ركوك‌و دانیشتووانه‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی كارو چالاكیی مه‌ده‌نی بۆ خزمه‌تی پرسی كه‌ركوك.

ئۆفیسی بۆردی رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كان له‌ كه‌ركوك ده‌كرێته‌وه‌
راشیگه‌یاند: یه‌كێتی، بڕیاریداوه‌ گرنگیی به‌كاری مه‌كته‌بی رێكخراوه‌كان بدات، ئێمه‌ش گرنگیی ته‌واو به‌كه‌ركوك ده‌ده‌ین، چونكه‌ كه‌ركوك پێگه‌ی سه‌ره‌كی خه‌باتی رێكخراوه‌یی و پیشه‌ییمانه‌ بۆ داهاتوو، ئه‌ویش له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و مافانه‌ی له‌شاره‌كه‌دا به‌دینه‌هاتوون، وتیشی: پاڵپشت به‌ڕێنمایی هاوسه‌رۆكان و سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی، بڕیارمانداوه‌ ئۆفیسی بۆردی رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كان له‌شاری كه‌ركوكدا، بكه‌ینه‌وه‌.

پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیی كاری رێكخراوه‌كان
له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌شه‌وه‌، رێبین محه‌مه‌د لێپرسراوی ناوه‌ندی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كانی كه‌ركوك، به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: رێكخستنه‌وه‌ی كاری رێكخراوو سه‌ندیكاكانی كه‌ركوك له‌ئه‌ركه‌ له‌پێشینه‌كانمانه‌، له‌وڕووه‌شه‌وه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیی كاری رێكخراوه‌كان كرده‌وه‌‌و داوامانكرد كۆنگره‌و كۆنفرانس بۆ رێكخراوه‌كان بكرێت، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ نه‌كراوه‌، وتیشی: پێشنیازمان كرد هاوكاریی ئه‌و پڕۆژانه‌ بكرێت، كه‌ برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان له‌كه‌ركوكدا بۆ پێشه‌وه‌ ده‌بات.

print

 219 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*