سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » تا تەمەنی چل ساڵیش پێم وا نەبوو ببمە نووسەرێكی ناسراو

حەننا مینە: من دەرچووی زانكۆی هەژارییم

تا تەمەنی چل ساڵیش پێم وا نەبوو ببمە نووسەرێكی ناسراو

وەرگێڕانی/ توانا حەمەنووری

ـ حەننا مینە لەساڵی 1924 لە خێزانێكی هەژار لەدایكبووە، لەگەڕەكی (ئەلموستەنقەع) لەیەكێك لە گوندەكانی لیوای ئەسكەندەرونە، كە دواتر لە ساڵی 1939 ئەو لیوایە لكێندرا بەتوركیاوە، ئەو كات لەگەڵ خێزانەكەیدا گەڕایەوە بۆ لازقیە وەكو سەرتاش دەستبەكاربوو.

ـ لەسەرتادا وەكو حەماڵ دەستبەكاربوو لەبەندەرەكان و دواتر لەسەر یەكێك لەكەشتییەكان بو بەدەریاوان.

ـ لەچەندین بواری جیادا كاری كردووە، لە شاگردی چاكردنەوەی پاسكیل و هەروەها بۆ ماوەیەك وەكو دایەنی منداڵ كاری كردووە لە خانەوادەیەكی دەوڵەمەند و ماوەیەك وەكو كرێكاری دەرمانخانە كاریكردووە، لەوێوە بووە بەسەرتاش و دواتر بەرۆژنامەنووس، دوای ئەو هەموو كارە بووە بەنووسەری زنجیرەی رادیۆ، بەزمانە جیهانییەكان، دواتر بووە بەفەرمانبەری حكومەت و لەكۆتاییدا بووە رۆماننووس تا ئەم وێستگەیەی ئێستای.
چیرۆكەكانی سەرەتای ناردووە بۆ رۆژنامەكانی دیمەشق. لەساڵی 1946 رووی كردووەتە بەیروت بۆ كاركردن و لەساڵی 1947 گەڕاوەتەوە بۆ دیمەشق و لەوێ جێگیر بووە، لە رۆژنامەی (ئینشا) كاریكرد تا بووە بەسەرنووسەری رۆژنامەكە. سەرەتای كارە ئەدەبییەكانی زۆرلێهاتوو نەبووە، نامەی بۆ دراوسێكانی دەنووسی و نووسراوی بۆ حكومەت دەنووسی. كاری لەداڕشتنەوەی هەواڵ و وتاری بچووك كردووە لەرۆژنامەكانی سوریا و لوبنان، تا دەستی كردووە بەنووسینی كورتە چیرۆك. ژیانی ئەدەبیاتی مینا لەنووسینی شانۆگەری (دۆنكیشوتیە) دەستی پێكرد. یەكەم رۆمانەكانی بەناوی (المصابیح الزرق)ە كارە ئەدەبیاتەكانی بریتین لە 30 رۆمان، هەشتیان تایبەتی كردووە لەسەر دەریا، چونكە عاشقی دەریا بووە.

لە رۆمانە بەناوبانگەكانی (النجوم تحاكم القمر)، (القمر في المحاق)، (نهایة رجل شجاع)، (بقایا صور)… بەشێكیشیان بوون بەكاری تەلەفزیۆنی.

لەتەمەنێكی زۆركەمەوە چووە ژیانی سیاسی و حزبییەوە ئەو كات تەمەنی 12 ساڵ بوو، خەباتی دژی داگیركەری فەرەنسی كردووە، لەناوەڕاستی شەستەكانیشەوە دەستبەرداری كاری حزبی بوو و ژیانی بۆ كاری ئەدەبی تەرخان كرد، بەتایبەت بۆ رۆمان. ئەزمونی غوربەتێكی سەختی لەنێو شارەكاندا كرد: لە لازقیەوە دەستیپێكرد بۆ دەشتایەكانی (ئەرسۆز) لەنزیك (ئەنتاكیە)، لەوێوە بۆ ئەسكەندرونە، دووبارە بۆ لازقیە و دواتر بەیروت و دیمەشق، تاكو ژنی هێنا و لەگەڵ خێزانەكەیدا دەربەدەربوو و ئەوروپایان تێپەڕاند تا گەیشتنە چین، لەوێ پێنج ساڵ ژیانیان بەسەر بردووە، ئەوە بۆ سێهەمجاربوو، كە بەزۆرەملێ لەنیشتمان دورخرابووەوە، ئەو دوورخراوانەش ماوەی دە ساڵی خایاند.

لەگەڵ ژمارەیەك نووسەری چەپڕەوی سوری رابیتەی نووسەرانی سوریای لە ساڵی 1951 دامەزراند، كە ئەندامەكانی بریتی بوون لە (سەعد حۆرانییە، فاتح ئەلدارس، شەوقی بەغدادی، سەڵاح دهنی، مەواهب كەیالی، حەسیب كەیالی، مستەفا حەلاج، چەند نووسەرێكی تر، لە ساڵی 1954 یەكەم كۆنگرەی نووسەرانی عەرەبیان سازكرد كەتێدا ژمارەیەك لە نووسەری نیشتمانی و دیموكراتی و لەسوریا و وڵاتە عەرەبییەكان بەشداربوون. بەشداری لە دامەزراندنی یەكێتی نووسەرانی عەرەبدا کرد.

ژمارەیەك رۆمانی نووسی، كە زۆربەیان باسی ژیانی دەریاوانی لازقیە و مەترسییەكانی دەكرد. باوكی پێنج منداڵە، یەكێكیان ناوی (سەلیم)بوو، لەساڵانی پەنجاكاندا بەهۆی بارودۆخی خەبات و نەبوونی و سەختیەوە گیانی لەدەستداوە و كوڕەكەی تریشی بە ناوی (سەعد)ە، كە بچووكترینی منداڵەكانێتی و لە ئێستادا یەكێكە لە ئەكتەرە ناسراوەكان، وەكو پاڵەوانی زنجیرە تەلەفزیۆنی (نهایة رجل شجاع) بەشداری كردووە، كە یەكێكە لە رۆمانەكانی باوكی، هاوكات سێ كچیشی هەبووە، بەناوەكانی (سەلوە، پیشەی دكتۆرە)، دووەمیان (سەوسەن، دكتۆری سڕكردنە و بڕوانامەی ئەدەبی فەرەنسی هەیە) سێهەمیشیان بەناوی (ئەمەل، ئەندازیاری مەدەنیە) هەرسێكیشیان شوویان کردووە.

* مینە لەبارەی خۆیەوە دەڵێت:
(من نووسەری خەبات و بەختەوەری مرۆڤەكانم) خەبات بەختەوەری خۆی هەیە، چێژێكی بەهێزی هەیە، بەتایبەتی كاتێك دەزانی لەپێناو ژیانی كەسانی تردا ژیانی خۆت فیدا دەكەیت، كە هەر ناشیانناسی، بەڵام تۆ لەناخی خۆتدا بڕوات بەكارەكەی خۆت هەیە، كاتێك ئەو كەسانە لەژێر دەستی ترس و نەخۆشی و برسێتی و زەلیلی رزگار دەكەی، ئەوانە شایەنی ئەوەن كە قوربانی بدەی لە پێناویاندا، تا ئەو ئاستەی بە مردنیش بێت بەدەستی بێنی، من ئەزموونم گواستەوە بۆ هۆشیاری، یەكەم ئەزموونم لەگەڕەكی (موستەنقەع)بوو، لەوێ گەورەبووم، كە لەم جیهانەش كۆچ دەكەم دەبێتە دواین ئەزموونم.
ئەزموونی خەباتكردن بۆ ئەوە بوو رێگە بەخەڵك بدەین پێشبینی هەبێت و هاوكاریان بكەین لەژیانی جەهالەت رزگاریان ببێت، لەگەڵیاندا بڕۆین بۆ زانیاری، ئەمەش ئەو رێبازە گەورەیەیە هەنگاوی یەكەمە بەرەو رۆژێكی باشتر.

* لەبارەی دواین كارییەوە دەڵێت:
نووسەری، بازنگێكی زێڕین نییە تاكو لە دەستی بكەی، بەڵكو كورترین رێگەیە بەرەو خەمناكییەكی تەواو، هەڵە لێم تێمەگەن، ژیان بەشێوەیەكی سەخی شتی پێ بەخشیم، دەڵێن گوایە من نووسەرێكی عەرەبی زۆر ناسراوم، لەگەڵ نەجیب مەحفوز و نۆبڵەكەی و نەزار قەبانی و ئەو غەزەلیاتانەی كە نازناوی (عومەر بن ئەبی رەبیعة) سەدەی بیستەهەمی پێ بەخشی.
لەئێستادا داوام لێ دەكەن هاوشێوەی كارەكانی سەرەتام كار بكەم، چونكە سوودی بۆ رەخنەگران و خوێنەران هەیە، بەڵام من پێم وایە، گەڵای پایز (مصابیح زرق)ی بەردایەوە.

* لەبارەی دەریا كە عاشقی بووە دەڵێت:
دەریا هەمیشە سەرچاوەی ئیلهامی من بووە، زۆربەی كارەكانم بەئاوی شەپۆلی سەخت تەڕ بووە، پرسیاری ئەوە دەكەم ئایە بە مەبەست وامكردووە؟ لە وەڵامدا دەڵێم: سەرەتا مەبەستم هیچ نەبووە گۆشتی من ماسی دەریایە، خوێنم ئاوە سوێرەكەیەتی، ململانێی من لەگەڵ قرشەكاندا، ململانێی ژیان بوو، بەڵام زریانەكان نەخشێكیان لەسەر پێستی من نەخشاند.

كاتێك هاواریان كرد: ئەی دەریا!
من وەڵامم دایەوە، من دەریام، لەناویدا لەدایكبووم، دەخوازم هەر لەناویدا بمرم، دەزانن مانای چییە كە مرۆڤ دەریاوان بێت؟
ئەو مەبەستێتی هاوشێوەی یوحەننا بەئاوی دەریای رەش پاك ببێتەوە نەك رووباری ئوردن.
من پرسیارتان لێ دەكەم، كارێكی سەیر نییە، ئێمە لەكەناری دەریاداین و دەریا نەناسین؟ ئایە لەسەری نانووسین؟ سەركێشی ناكەین؟ كە ئەدەبی عەرەبی كۆن و تازە دەریای تێدا نەبێت، وێنەیەك لە وێنەكانی جیهانی تێدا نەبێت، كە وشكانی بەشێكە لێی؟ دەریاوان بە (تاوەیەك) راو ناكات، لەسەر كەنارەكانیش دانانیشێت و چاوەڕێی ماسییەكی سەردینی بێ نرخ بكات، ئەو گەورەترە زۆر گەوترە، من لێرەدا باسی كوڕی بەندەرەكان ناكەم، باسی دەریاوان دەكەم!
عەرەب زۆربەیان لەسەر دەریا هیچیان نەنووسیوە، چونكە ترسان لەگەڵ بەرەی شەپولی هاروهاجدا مەرگ تاقیبكەنەوە.
من ئیدعای ئەوە ناكەم كە سوارچاكم، بەڵكو سەركێشی دەكەم، باوباپیرانی من دەریاوان بوونە، ئەمە پیشەیان بووە، كوڕیش پیشەی كەسوكارەكەی فێر دەبێت، لەبەندەرەكاندا حەماڵێکی لێهاتووبووم، دواتر بووم بە دەریاوانێكی لێهاتوو، ئەوە لەرابردوویەكی سەخت و میهرەبانی ژیانم بوو، ئەو رێبازە دوور و درێژەم بەپێی بڕی، بەپێ خاوسی، لە كێڵگەیەكی پڕ لەبزمار، خوێنم لەگەڵ هەنگاوەكانم دەچۆڕا، ئێستا كە دەڕوانمە رابردوو، دیدێكی بێ لایەنم هەیە، تووشی مچوڕكە دەبم، چۆن، چۆن؟ لەكوێ، لەكوێ؟! دەریا لەوێیە و منیش لەسەر وشكانیم؟! هەمیشە ئاواتم ئەوە بووە دیمەشق بگوازرێتەوە بۆ دەریا، یاخود دەریا بگوازرێتەوە بۆ دیمەشق، پێتان وا نییە ئەمە خەونێكی جوانە؟! هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بە تەلێكی نادیار بەسترامەتەوە بە غۆتە، بەستراوە بە ملوانەكەی یاسەمین بە شەوانی هاوینی شامی قەشەنگ، بە پاسەوانێكی متمانەپێكراو لەسەر چیای قاسیۆن و عاشقێكی وابەستە بە (بەرەدە)، بۆیە فەیروز و شامیاتم خۆشدەوێت.

* گرنگترین رۆمانەكانی:
(المصابیح الزرق)، (الشراع و العاصفە)، (الیاتر)، (الابنوسة البیضا‌ء)، (حكایة بحار)، (نهایة رجل شجاع)

تیشكێك لەسەر خودی ژیانی

* پێم وا نەبوو ببمە نووسەر
تەنانەت كە تەمەنم چل ساڵیش بوو، پێم وا نەبوو ببمە نووسەرێكی ناسراو، لە تەمەنی 13 ساڵیدا گەشتی بێدەرەتانیم دەستیپێكرد، ئەو گەشتە كۆچكردن بوو لە شوێنێكی كارەساتبار بوو بۆ شوێنێكی تر، ئێستا تەمەنی ئەو گەشتە هەشتا ساڵە، بەڵام گەشتكردنم لەگەڵ زەمان لەوە دوورترە و هەتا مابێتم دەمێنێت.

باوكم بەرەحمەت بێت كۆچەرێكی تایبەت بوو، لەگەشتەكانیدا نەسوودی دەبەخشی و نەش سوودی وەردەگرت، لەپێناو شتێكی نادیار گەشتی دەكرد، هەمیشە خێزانەكەی بەجێدەهێشت، بەرەو گوندەكانی ترس و برسێتی و تاریكی، هەمیشە پرسیاری ئەوەم دەكرد، ئاخۆ بەدوای چ ئامانجێكدا هەوڵ دەدات؟ بێگومان وەڵامم دەست نەكەوت، بەزگماكی بوهیمی بوو.

من نەخۆش بووم و دایكم و هەرسێ خۆشكەكەشم وەكو كارەكەر كاریان كردووە، تەنیا من كوڕە لاوازەكەیان بووم و وەكو كرێكار كارم دەكرد. سەرەتای كاری ئەدەبیاتی من سادەبوو، لەو كاتەوەی كە دەستبەرداری خوێندنی سەرەتایی بووم، نامەم بۆ دراوسێكانم دەنووسی و نووسراوم بۆ حكومەت دەنووسی، من زمانی زیندووی كەسوكارەكەم بووم، لە فەرمانگەكاندا باڵیۆزی متمانەپێكراویان بووم، هەمیشە نووسراو و سكاڵای خەڵك و شارەكەم دەنووسی، كەسێكی رووبەروو بووم، لەسەرەتای چاوكردنەوەمدا، ئێمە هەمیشە برسی بووین، بێكار و نەخۆش و نەخوێندەوار، كەسانی هاوشێوەی ئێمە دەبێت داوای چی بكەن؟ كار، نان، خوێندن، نەخۆشخانە، دەرچوونی داگیركەرە فەرەنسییەكان و لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەت داوای ئەوەمان دەكرد بەڵێنەكانیان جێبەجێ بكەن.

سەرەتای كارە ئەدەبیاتەكانم، شانۆگەری (دۆنكیشۆتیە)م نووسی، بە ئارەزووی خۆم هاوارم تێدا كرد، بە ئارەزوی خۆم جیهانم تێدا گۆڕی، جیهانم هەستانە سەرپێ و رێگەم نەدا دابنیشێت، شانۆگەرییەكە ونبوو، لەو كاتەوە خۆم بۆ نووسینی شانۆ ئامادەكرد و تاوكو ئێستاش بەردەوامم، چیرۆكەكانم ونبوون، داخم بۆیان نەخوارد، داخ بۆچی بخۆم كە من ژیانم ونبووە؟ دواتر كە سەرتاش و سیاسەتمەدارێكی راونراوبووم، هەرگیز بیرم لەوە نەكردۆتەوە ببمە نووسەر، ئەو لەسەرووی ئاواتەكانمەوە بوو. هەرچەندە پێمخۆش بوو ببمە شتێكی وا، بەڵام بڕواتان هەبێت من كەسێكم چوومەتە ناو پیشەیەكەوە و دوای تەمەنێكی زۆر بیر لەوە دەكەمەوە دۆخەكە راستبكەمەوە و دەسبەرداری نووسین ببم، چونكە نووسەری بازنگێكی ئاڵتوون نییە، بەڵكو كورترین رێگەیە بەرەو خەمۆكی.

هەندێكی شتی رێكەوتم لەسەر ژیانم نووسیوە، كە نزیك بوومە لەدەریا یاخود توانیومە لە تەنیشتی دەریا ببم، بەڵام تەنیا بەوە قایل دەبم ماڵم لە دیمەشق بێت كە زۆرم خۆشمدەوێت و بۆ هەر كوێیەك بڕۆم من موغازەلەی دەكەم.

بۆ ماوەی شەست ساڵ خاچەكەم لەگەڵ خۆم هەڵگرت، كەچی كەسێكم نەدۆزیەوە لەخاچم بدات و رزگارم بكات، خەریكە رقم لە نووسین دەبێتەوە، وام لێهاتووە رقم لەم پیشە خەمناكەیە، هەرگیز رزگارم نابێت لێ، تەنیا بە مردن نەبێت، وام لێهاتووە لەمردن ناترسم، ئەوە وەكو سزایەكە بۆ من كە سادەییم بەزاند، هەمیشە بە نیگەرانی دەژیم، ئەم نیگەرانییەش سێجار پیرۆز دەكەم و نەفرەت لە ئارامی دەكەم، كرمی فكر لەمێشكمدا دەگەڕێ و رێم پێنادات پشوو بدەم، ناخیشم دەیەوێت ئارام بگرێت، رۆحیش بریندار و خوێناویە، پیر نابێت بەڵكو خاوەنەكەی بۆ نێو گۆڕێك دادەگرێت، هەموو ژیانمم لەسەرەڕۆییدا بەسەر بردووە، ژوانم لەگەڵ مەرگدا هەبووە باكم نەبووە، مردن ترسنۆكە بۆ كەسێك كە خۆی لێ ئاگادار بكاتەوە، هەشتا ساڵە لەسەر شوێنێكی خلیسكدام، كەچی ئەو مەرگەی هەوڵی بۆ دەدەم لێم هەڵدێت!

*دەرچووی چ زانكۆیەكی؟
خوالێخۆشبوو دكتۆر عادل عەوا مامۆستای فەلسەفە بوو لە زانكۆی دیمەشق، لەیەكێك لە بۆنەكاندا پێی وتم: «دكتۆر حەننا، دەرچووی چ زانكۆیەكی؟»بەشێوەیەكی نا جدی پێم وت «لە زانكۆ هەژاریی رەش» وتی «سەیرە هەرگیز ناوی ئەم زانكۆیەم نەبیستووە!»

دكتۆر ئەلعوا كەسێكی زۆرباش بوو، فەلسەفەی لەزانكۆی دیمەشق تەواوكرد، بەڵام پێدەچێت دوایی روویكردبێتە خوێندنەوەی فەلسەفە. هەندێك نووسینی لەبارەیەوە نووسیوە، لە نووسینە ناسراوەكانی (الكرامة) بوو، كاتی نەبوو بۆ خوێندنی ئەدەب، ئەوەش جێگەی داخە، بەڵام ئیتر ئەوە واقیعە، چونكە چینی لیبراڵ لە سوریا، بەڵكو لە نیشتمانی عەرەبیشدا ئەدەب ناخوێنن، بۆچی بیخوێنن، كە هەوڵی شتێك دەدات زیاتر سوودی لێوەربگرێت، خۆشی دنیا لە لووتبەرزیدایە، ئەوە زۆر سوودی هەیە، تەنانەت لەرێزگرتنیشدا، یاخود كۆكردنەوەی ئەو شتانەی كە جەخت لەو رێزگرتنە دەگرن و جێگیری دەكەن و بریقەكەی زەرد دەكەن، وەكو رووناكی خۆر لە رۆژانی هاویندا، بۆ دواجار خوێندنەوەی ئەدەب بۆ تێربوونە، ئەو كەسەی كە برسی رێزگرتن و سەروەرییە ئەدەب دەخوێنێت، یاخود ئارەزووی پێگەیەكی باڵا بكات لەنێو كۆمەڵگە، وەكو هەندێك لەرۆشنبیر و خوێندكارانی زانكۆ و ئەو چینانەی كە هەوڵ بۆ زانست دەدەن، بۆ ئەوەی لەدنیا تێبگەن لەجیهاندا چ دەگوزەرێت!

سەبارەت بەخۆشم، من دەرچووی زانكۆی هەژاری رەشم، هەژاری دووجۆرە، سپی وەكو ئەوەی ئێستا تێدا دەژیم و رەش وەكو ژیانی منداڵیم، ئەو كات برسی و پێی پەتی و رووت، دایكم هەوڵی لەگەڵمدا تاوەكو لە قوتابخانە بخوێنم بۆ ئەوەی پیتەكانم حونجە بكەم، لەدوای حونجەكردنی پیتەكانیشەوە ببمە قەشەیەك یاخود پۆلیسێك، تاوەكو كە گەورە بووم ببمە نێوانگیر، لەدژی داگیركەری فەرەنسی خۆمم فڕێدایە نێورەوتی خەستی بەرگریەوە، ئەو كات دایكم هیوای دەخواست كە هەرگیز نەمخوێندبایە، بەڵكو ببوایەم بەشوانێك لەبری ئەوەی خەبات لەپێناو سەربەخۆیی بكەم، مەینەتی زۆرم چەشت لەگرتوخانەكانی فەرەنسا و تەنانەت گرتوخانە نیشتمانییەكانیش، بەدرێژایی سەردەمی دەرەبەگەكان و دوای سەربەخۆیی، دایكم هەر ماندوبوو بەدەستمەوە.

ئاواتەكانی دایكم نەهاتە دی، نەبوومە قەشە و نە پۆلیس، قەدەریش نەیكردم بەشوان، هەرچەندە كاری زۆر لەوانە قورستر و ناشیرینترم كرد، كاری زۆرم كردووە، وەكو ئەوەی لەسەر ژیانم زانراوە، كرێكاری و كرێكاری و كرێكاری، لەدوای داگیركردنی سوریا لەلایەن فەرەنساوە لەجەنگی جیهانی دووەمدا، بەخۆبەخش چومە هێزی دەریاوانیەوە، بەختی ئەوەم نەبوو بەشداری لەشەری (عەلەمەین) بكەم لەدژی سوپای رۆمل كە بەگورگی بیابان ناسراوە، دەستم لە كاری هێزی دەریاوانی بەردا و بۆ ماوەیەكی كورت لەنێوان بەندەرەكانی دەریای ناوەڕواست لەسەر بەلەمێك كارم كرد، لەكاتی زریاندا لەسەر ئەو بەلەمە، بە نیگایەكی ساردەوە مردنم تاقیكردەوە، وەكو هاواری مارێك، لەوێوە سۆزم بۆ دەریا پەیدا كرد.

كاتێك پیشەیەكی خەمناك و پیس و بەچیژم گرتە دەست لەسەر دەریا نووسیم، هاوشێوەی گوزارشتی ئەرنست هیمنگوای بۆ دەریا، كە مردن نەبێت هەرگیز لێی نابمەوە.

بەشێوەیەكی راستگۆیانە وتم، من بەهەڵە لەدایكبووم، بەهەڵەش پێگەیشتم، بەهەڵەش نووسیم، چونكە ژیانی منداڵی نەخۆش وەكو گڕی مۆمێك وایە كە شنەبایەك لێبدات و نەیكوژێنێتەوە تەنیا دەیلەرێنێتەوە، لەدوای كاركردنم وەكو دەریاوان لەسەر ئەو بەلەمە، نان بوو بەخەیاڵ، دەبوایە نانیشم پەیدا بكردبایە، تاكو برسێتی خێزانەكەم تێر بكردبایە، چیتر شەرەفی ئەوەم نەما ببمە پاڵەوان، ناچاربووم وەكو بارهەڵگرێك لەنێو بەندەرەكان كار بكەم، دواتر بووم بە سەرتاش لەشاری لازقیە، لەسەرتاشیەوە بۆ رۆژنامەگەری و بۆ نووسینی زنجیرەی تەلەفزیۆنی و دواتر فەرمانبەر لە وەزارەتی رۆشنبیری، پێش ئەوانەش لەبەر چەند هۆكارێكی سەختەوە دوورخراوبوومەوە، لە ئەوروپا بێ لانە بووم، لەژێر پردەكانی سویسرا دەخەوتم، لە (چین) داوای كارم دەكرد، نەك زانست، هەموو ئەمانە و زیاتریش، پێویستە بەخوێنەران ئەوە بڵێم كە تەنیا بۆ سوپاسگوزاری باسی ئەمانە دەكەم، نەك بۆ باسكردنی دۆخەكەم، چونكە ژیانم پڕە لەئەزموونی قورس، سوودی زۆریشی بۆم هەبوو، چونكە وەكو ئەو ئاسنە بووم كە بەئاگر بوو بە پۆڵا، كاتێك بەشێوەیەكی راستەقینە دەستم بە نووسین كرد تەمەنم 40 ساڵ بوو.

كاركردن لە دەریادا، سوودی زۆری هەبوو لە نووسین لەبارەی چادر و زریان و بەندەر، بەهۆیەوە، رۆمانی (نهایە رجل شجاع)م نووسی، هەر وەك رۆژانی خۆحشاردان لە فەرنسییەكان لەنێو جەنگەڵدا بووە هۆی ئەوەی كەرەستەم دەست بكەوێت (الیاطر)م نووسی، كە مانای، لەنگەری پاپۆڕە، كە یەكێكە لە رۆمانە بەناوبانگەكانم، هەرچەندە بەشی دوهەمیم نەنووسی، ئەو كەسەی كارەكانم بڵاو دەكاتەوە هەمیشە دوام كەوتووە و داوام لێدەكات ئەو بەشەی دیكەشی بنووسم، بەڵام ئیتر لەتۆی هەورە سپیەكان، كە لەكاتی رۆژئاوادا رەنگیان دەچێتە سەر رەنگی شەراب ماوەی 30 ساڵە بەڵێن جێی بەڵێن دەگرێتەوە، تا تەمەن بەسەرچوو، بەشی دووەمیش لەبیركرا، خوێنەر لێم وەڕس بوو، بەشێوەیەك پشوومدا كە هەرگیز پشووی وام نەداوە، ئەوانەی دەوروبەریشم تێگەیاند كە من نیمچە ژیر و نیمچە شێتێكم، هەروەها نیمچە شێت و نیمچە ژیرێكیشم!
كێشەكە لەوەدایە (هەركەسێك بەشتێكەوە گەنج بوو، پێوە پیر دەبێت) منیش لەخۆشەویستی سەركێشیەوە گەنج بووم، تا تێكەڵی خوێنم بوو هەمیشەش لە ژواندام لەگەڵی، لەهەركوێیەك بێت من لەوێم، چونكە ئەو لە گەرۆی (بەرەدە)یە، بەڵام ئەم فڕینە بۆ گەڕان بەدوای سەركێشی بەردەوام دەبێت، چونكە مرۆڤ كە نووسینی هەڵبژارد، دوو ئەگەری لەپێش دەبێت، یا دەبێتە باڵی چۆلەكە، یان باڵی داڵ، لە شیعردا دەبێت شاعیر باڵی داڵ هەڵبژێرێت، ئەگینا دەبێت بەشكست لەسەر زەلكاوی نووسین باڵەتەپێ بکات، بەبێ ئەوەی بفڕێت، فڕین لەداهێناندا مەرجی خۆی هەیە، دەبێت لە مردن نەترسێت، هەرچەندە ئەوە وابەستەیە بەكاری خوداوە، بەڵام بەڕای من ترسنۆكە، وەكو ئەوە وایە مردن لەجێ خۆی بانگ بكەن، زۆرترین ئەو كەسانەی كە لەمردن دەترسن و خۆیان لێی دەپارێزن لە خواردن و خورادنەوە دوور دەكەونەوە و سەركێشی ناكەن و هیچ هەوڵێك بۆ گۆڕینی ژیانیان نادەن، لە سیستمی ژیانی خۆیاندا دەمرن، پێشتریش هەر مردوون لە ترسی مردن مردوون، لە مردن زیاتر ئازار دەچێژن، رێك وەكو ئەو كەسانەی لە هەژاری دەترسن، وەكو هەژار دەژین و بەكۆڵ پارەیان هەیە و خەرجی ناكەن ئەوەشی لەدوای مردنی بۆی دەمێنێتەوە، كەسوكارەكەیەتی پارەكەی پەرشوبڵاودەكەنەوە، كەسوكارەكەشی وەكو تۆڵە سەندنەوەیەك لەو كەسەی كە ئەو هەموو پارەیەی هەبوو و بێ بەشیانی كردبوو، هەر بەهۆی ئەوەوە هەندێكیان ژیانیان بەختەوەر دەبێت و خۆشگوزەران دەبێت.

ئەگەر شیعر لە مامناوەندیدا شیعر نەبوو، ئەوا شاعیر لەفڕیندا بەبێ خەون دەكەوێتە عەدەمەوە، وەكو چیخۆف، یاخود یوسف ئدریس، بەهەمان شێوە هۆكاری هەیە و تەنانەت پێویستیشە ئاستی هونەرەكەی بەرزتربكاتەوە، هەمیشە بۆ بەرزتر، هەوری داهێنانی لەبەرزاییەكانە، هەندێك عەتر دەبارێنێتە سەر پەنجەرەی فەیروز، وەكو سەعید عەقڵ دەڵێت فەیرۆز باڵیۆزی ئێمەیە بۆ لای ئەستێرەكان، ئەوەی بەچیرۆكنووس دەوترێت لە رۆماننووس زۆرترە، كە بەبێ ئەزموون سەركێشی بكات، تەنانەت ئەگەر بكەوێتە مەترسیشەوە، بۆیە هەرگیز نابێتە رۆماننووس، تەنانەت ئەگەر بگات بەو ئاستەی كەسایەتی نێو رۆمانەكەی بە گۆشت و خوێن دروستی بكات، یان بگاتە كەسایەتی رۆمانەكە لە گۆشت و خوێن، بۆیە خوێنەر چێژی راكێشان لەدەست دەدات، یاخود فڕین لەگەڵ رۆمانەكە بۆ بۆشایی ئاسمان، كە لە واقیعەوە دەست پێدەكات، لەبوونی ئەم واقیعەش رووداوێكی هزری رەنگبداتەوە لە خودی داهێنەر و دەرچوون لێی بەداهێنەرانە چارەسەر بكات، پێویستی بە ئافراندن و خەیاڵ و بیركردنەوە و دۆزینەوەی رێگەی نوێیە لە باسكردن و دیالۆگدا.
بەڵێ من دەرچووی زانكۆی هەژاری رەشم، ئەوەش بەدەست خۆم نەبوو كە بچمە ئەو زانكۆیە یان زانكۆیەكی تر، تاوكو بتوانم لەسەر زانكۆ و قوتابخانەكان بنووسم!

* ئێوە پرسیاری ژیانم دەكەن و منیش وەڵام دەدەمەوە
لە 9/ئادار/2003دا تەمەنم گەیشتە هەشتا ساڵ، تاوكو ئەم بەروارە خۆمم هەڵدەخەڵەتاند، یاخود ناخم هەڵیدەخەڵاتاندم، بۆیە بە خەڵك و بەخوێنەرە ئازیزەكانم دەگوت، كە هۆكاری ناوبانگی من وەكو رۆماننووس و بڵاوبوونەوەی ناوەكەم لە نیشتمانی عەرەبی و جیهان بەگشتی، بۆ بەخت دەگەڕێتەوە، من زۆر بەختەوەرم، هەژار و دەوڵەمەند دەمخوێننەوە و هەمیشە ناوەكەم زیاتر بڵاودەبێتەوە، بەپێی ئاماری هۆڵەكانی ئەدەب و دەزگاكانی چاپی لوبنان خەریكە هێندەی نزار قەبانی بەناوبانگ دەبم.

مەلیحەخان كە خاوەن دكتۆرابوو لە پەروەردەكردنی منداڵ و سەرۆكی بەشی منداڵان بوو لە وەزارەتی رۆشنبیریی سوریا، پرسیاری لێكردم كە هۆكاری ناوبانگیم بەم شێوە فراوانە بۆچی دەگەڕێتەوە، لە وەڵامدا وتم:
ـ خانمەكەم هۆكارەكەی بۆ بەخت دەگەڕێتەوە
وتی

ـ لەدوای بەخت؟

ـ تەنیا بەختە و هیچی تر!

ـ نەخێر، شتێكی تر هەیە، بەراستگۆیی پێم بڵێ
بە لوت بەرزیەوە وتم:

ـ ئەوەی دەمەوێت ببێت دەبێت!
ئەو خانمە چیتر دەنگی نەكرد و زۆر سەرسام بوو لە وەڵامەكەم، بەڵام من كە تەمەنم گەیشتە هەشتا زستان، بۆم دەركەوت كە لە دوو شتدا درۆم كردووە، یەكەمیان ئەوەی باسی زیرەكی من دەكات، تۆمەتێكی ناڕاستە و رۆژێك لە رۆژان ئاشكرا دەبێت، كاری دووەمیشیان ئەوەیە كە من بەختەوەر نیم، چونكە من سێ نەوی خێزانەكەم تووشی دەردەسەری كردووە، كەچی هێشتا لەژێر رووناكی هەڵەكانمدام، كە هیچ هۆكارێكیان نەبوو بەهیچ شێوەیەك، من خۆم خەم دەخەمە رێی خۆم، بەهۆی سێ نەخۆشییەوە دەناڵێنم یەكەمیان گەدەمە، كە هیچ دەرمانێك چاكی ناكات، دووەمیان ئازاری ئێسكی پشتمە، كە بەهۆیەوە خەریكە هاوار دەكەم، سێهەمیشیان ئەژنۆی راستمە كە وشكی كردووە، دكتۆرەكان پێم دەڵێن رۆژانە یەك سەعات بنووسە و پشوو بدە، كەچی من بەچەندین كاتژمێر بەردەوام دەبم لە نووسین.

ناوی ئەم هەمووە بنێم چی؟ باسی رۆمانەكانم بكەم و ماندووتان بكەم؟ باشتر وایە بەشێوەیەكی كورت شتەكان بخەمە روو و باسی ژیانی ئەدەبی خۆم دەكەم كە چۆن دەستم پێكرد، من تا تەمەنی 40 ساڵی پێم وا نەبوو ببمە نووسەرێكی بەناوبانگ، وەكو زانراوە من بەهەڵە لەدایكبووم و بەهەڵە پێگەیشتم و بە هەڵەش نووسیم، ئەگەر باسی ژیانی منداڵیم بكەم كە ئێستا زۆر دوورم لێیوە، كۆچكردنی كارەساتاوی لە شوێنێكی خراپەوە بۆ شوێنێكی خراپتر، كۆچەكانم ئێستا تەمەنیان هەشتا ساڵە، بەڵام كۆچی من لەگەڵ زەمان لەوە دوورترە، تا من بمێنم ئەویش دەمێنێت، چونكە من بە قووڵی بیردەكەمەوە و ئاوەڕ دەدەمەوە و دەست دەخەمە سەر چاوم تاوكو بڕوانمە دوور، ئەمانە یەكەم هۆشیاریی بوونە، هەموو ئەم بیرەوەریانە كە دێتەوە بیرم و درێژەیان كێشا، من نەفرەتیان لێ دەكەم، چونكە بێ بەزیانە دەمكوژێت.

دایكم ناوی مەریانا میخائیل زكورە، سێ كچی بوو، بۆ ئەو زەمانە وەكو سێ كارەسات بوو، سەختی زۆری بەدەستیانەوە چەشت، چینی هەژار تاوكو ئەوپەری ناخۆشی سەخت بوو، خاوەن عەقڵێكی كۆنە پەرستبوون، ئەو چینە و كەسوكارەكانی، دایكی منیان زەلیل كرد، هەمیشە تۆمەتباریان دەكرد بەوەی كە تەنیا منداڵی كچی دەبێت، لانی كەم دەبوو ژن كوڕێكی ببوایە، یاخود دەبوایە ئەگەر منداڵی یەكەم كچ بێت گرنگ بوو دووەم كوڕ بێت، كەچی دایكی من سێ كچی لەسەر یەك هێنا، هەرسێ جارەكەش دەردەسەری بەسەر هات.

كە گەورە بووم دایكم وتی (حەننا گوێ بگرە، تۆ كوڕی كەسێكی زۆر داواتی كردووە، لەو رۆژەوەی زەماوەندم لەگەڵ باوكت كردوە و لەهەموو جارێكدا كە دووگیان دەبووم و كچێكم دەبوو باوكت سزای دەدام، بەڵام تۆ لە جاری چوارەمدا و دوای چاوەڕوانییەكی زۆر هاتی، ئەو كات لە خۆشیدا گریام، كەچی پێشتر بەهۆی خەمەوە دەگریام، تۆم لەدوای چاوەڕوانییەكی زۆر بەدەستمهێنای، دەردەسەریەكی زۆرم كێشا، بەڵام ئەو بەخششە هەڕەشەلێكراو بوو بە نەخۆشی و ترس، لەخودا دەپاڕامەوە بۆ ئەوەی سەربەرزیەكەم بژێت، تاوكو جارێكی دی تووشی خەم نەبمەوە، بەراستی ئەوەش روویدا و بە نەخۆشی لەدایكبووی و بە نەخۆشی پێگەیشتی، لەو ماڵە هەژارەدا ژیان و مردن هەمیشە بەدەوروبەری جیغەوە حەسیرەكەتدا دەسوڕانەوە، ماڵێك بە مانای وشە پووچ بوو، وەكو گڕی مۆمێك بووی بای نەخۆشی دەتیلەراندەوە، هەمیشە دەستم بۆ خودا بەرز دەكردەوە و جۆرەها نزرم دەكرد و چەندین جار لەخودا پاراومەتەوە كە بایەك نەیەت مۆمەكەم بكوژێنێتەوە و تووشی ئازارێكم بكات و بەرەو گۆڕم ببات، كە چی ویستی خودا بەو شێوەیە بوو كە هەمیشە لەناوەڕاستی مەترسیدا ببی، ئەو مەترسیە تا تەمەنی گەنجێتیش هەر لەگەڵتدا بووە، دواتر لە مەترسی مردنەوە بوو بە مەترسی ونبوون لە گرتوخانەكان و دوورخراوەكان، ئەوەش وایكرد دوو هێندەی تر بگریم، لەترسی ئەوەی نەتوانم جارێكی دی بتبینمەوە، تۆش بەدەستی خۆت، خۆت فڕێ دەدەیتە دەست ئازارەوە، لەپێناو ئەو شتەی كە ناوت لێناوە داگیركەری فەرەنسی و بەدەستهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی.

لەنێو دڵی مەترسیدا لەدایكبووم، لە هەناویشیدا بەخێوكرام، بێهودە خەباتم لەدژی ئەو مەترسیە كرد، لەسەر ئەو پرەنسیپە گەورە بووم، كارلێكی بنەڕەتی هەبوو بۆ چارەسەربوونی جەستیی و دەروونیم، بۆیە رۆژێك كە ببووم بەنووسەر وتم «من نووسەری خەبات و بەختەوەری مرۆیم» خەباتكردن بەختەوەری هەیە و شادمانی هەیە، بۆیە چێژێكی زۆر بەهێزی هەیە، كاتێك هەست دەكەیت ژیانی خۆت لەپیناو كەسانی تردا دەبەخشیت، كەسانێكن هەرگیز رووبەروو نەتناسیون، بەڵام لە قووڵایی ناخی خۆتدا بڕوات وایە كە لەژێر دەستی ترس و برسێتی و زەلیلی رزگاریان دەكەیت، شایەنی ئەوەیە قوربانی لەپێناویدا بدەیت، نەك خۆتیش بەختەوەربی لەگەڵیان بەڵكو بشمریت لەگەڵیدا.

هۆشیاربوونی من، بەشێوەیەك بوو، لە ئەزموونەوە گواسترایەوە بۆ هوشیاری، یەكەم ئەزموونی من لەگەڕەكی موستەنقەع بوو لە ئەسكەندەرۆنە، كۆتا ئەزموونیشم لەو كاتەدا دەبێت كە لەم دنیایەدا كۆچ دەكەم، هەروەها ئەزموونی خەبات و پێدانی پێشبینی بەخەڵك لەپێناو هاوكاریكردنی لەپەتای جەهالەت و رێكردن لەگەڵیان بەرەو زانست، ئەوەش یەكەم هەنگاوی رێبازە گەورەكەیە بەرە رۆژێكی باشتر دەڕوات.

تەمەن بە چەند زنجیرەیەكی یەك لەدوای یەكدا تێپەڕی، بە ئامانجێكی جەوهەری ئەوەش بەدەستهێنانی مرۆیی خۆم لە رێگەی بەدەستهێنانی مرۆیی خەڵك، منداڵیی خۆم بەسەختی سەرف كرد، بەڵام ئەو سەختیە لەلایەن كۆمەڵگەوە بەسەرمدا سەپێندرا، بەپێی پەتی و بەرووتی و برسێتی ژیام، بێ بەش لە هەموو بەهاكانی بەرائەت، چونكە سیاسەت بە نەقاشی ئازار وێنەكانی خۆی لەسەر نینۆكم نەخشاند، بەخێرایی فێربووم كە چۆن بەسەر ئازاری تایبەت سەركەوم بەرەو ئازاری گشتی بڕۆم، فێر بووم چۆن نكۆڵی لەخۆدی خۆم بكەم و بەسەر لەخۆبایی بوون سەركەوم، لەناخی مندا مرۆڤێك هەیە، ئارەزووی هەر شتێكی هەبێت بەدەستی دێنێت، نەك شتێك كە نەیەوێت.

ئەو نێوەندە كۆمەڵایەتییەی تێدا پێگەیشتم، بە مانای وشە، نەخوێندەوار و دواكەوتوو بوون، بە رێژەیەكی هێندە زۆر كە بڕوای پێناكرێت، لە هەموو گەڕەكی موستەنقەعدا كەسێك نەبوو بزانێت بنوسێت و بخوێنێتەوە، خەڵكی ئەو گەڕەكە و گەڕەكانی دەوروبەری لە ئازاردراوەكانی زەوی بوون، لەوانەبوون بەبێ هیچ ئەنجامێك دەگەڕان بەدوای رزگاربون و دادپەروەری كۆمەڵایەتی كە تەنانەت نەشیان دەزانی ناوی چییە!.
لەگەڵ ئەوەشدا رۆژێك دێت فێردەبن، بەڵام بەشێوەیەكی پلەبەندی، بۆیان دەردەكەوێت كە هەژاری لە خوداوە نییە، بۆیە وتەیەكی عومەری كوڕی خەتاب دەهێنمەوە وەكو نموونە (هیچ دەوڵەمەندێك دەوڵەمەند نییە بەبێ بوونی هەژار)، ئەوانەی لەسەرەوەن هەموویان خراپ نیین و ئەوانەی لەخوارەوەن هەموویان باش نین.
.

سەرچاوە / سایتی (القصة السوریة)

 

print

 275 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*