سەرەکی » دۆسێ » راپۆرتێك:ئه‌مریكاییه‌كان له‌ عیراق له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاراندا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن

باس له‌ دزینی‌ 300 ملیار دۆلار ده‌كات

راپۆرتێك:ئه‌مریكاییه‌كان له‌ عیراق له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاراندا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن

گه‌نده‌ڵی‌ له‌ عیراق له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2003، بووه‌ ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی‌ كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ تیرۆردا خه‌ونی‌ عیراقی‌ دوای‌ دیكتاتۆری‌ و بنیاتنانی‌ عیراقێكی‌ دیموكراتی‌ و خۆشگوزه‌رانیان شێواند.

عیراق له‌ئێستادا له‌ ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵترین وڵاته‌كانی‌ جیهانه‌ و ساڵانه‌ش له‌ راپۆرتی‌ رێكخراوی‌ شه‌فافیه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ڕووی‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ له‌ ریزی‌ پێشوه‌ی‌ هه‌ره‌ گه‌نده‌ڵترینه‌كانی‌ جیهانه‌.

ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ كه‌ 17 ساڵه‌ له‌ عیراقدا بڵاوبۆته‌وه‌، به‌ بۆچوونی‌ زۆرێك له‌ چاودێران، چینی‌ سیاسی‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ به‌غدا و ئه‌و لایه‌نانه‌ن كه‌ له‌ دوای‌ ڕوخانی‌ دیكتاتۆری‌ جڵه‌وی‌ ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته‌ده‌ست.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز)ی ئه‌مریكایی پێیوایه‌، چینی سیاسی له‌ عیراق و به‌ چاودێری و به‌رپرسیارێتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ گه‌نده‌ڵیدا ڕۆچووه‌، له‌ڕێی ده‌ستگرتنی به‌سه‌ر چه‌ندان ملیار دۆلار له‌ داهاتی نه‌وت له‌ڕێی سندوقی یه‌ده‌گی فیدراڵی.

ڕاپۆرته‌كه‌ كه‌ له‌ 30ی‌ ته‌مموزی‌ رابردوو بڵاوكرایه‌وه‌، ده‌ڵێت، ئامانجی چینی سیاسی گه‌نده‌ڵ له‌ عیراق، ته‌نیا خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنه‌، چونكه‌ ئه‌و بانده‌ كه‌ تایه‌فه‌گه‌رییان تێپه‌ڕاندووه‌، به‌ باشی له‌ هونه‌ری دزی و فێڵبازی فێربوون له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان: كاریی به‌لاڕێدابردنی ڕۆتینی له‌ خاڵه‌كانی پشكنین، فێڵی بانكی، دزیكردن له‌ مووچه‌ی حكومی و گرێبه‌ست پڕ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان.
به‌ بۆچوونی نوسه‌ری ڕاپۆرته‌كه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئیقلیمی، ئابورییان ته‌وپاندووه‌ و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌نده‌ڵكارانه‌ كردووه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی ته‌قلیدی خۆیانن.

ڕاپۆته‌ركه‌ باس له‌ پێدانی لانی كه‌م 10 ملیار دۆلاری ساڵانه‌ ده‌كات له‌لایه‌ن بانكی یه‌ده‌گی فیدراڵی كه‌ داهاتی فرۆشتنی نه‌وتی وڵاته‌كه‌یه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی زۆرێك له‌ كاره‌كان، زۆرێك له‌وانه‌ش ڕاده‌ستی بانكه‌ بازرگانییه‌كان كراون كه‌ به‌ سود و قازانجی ئه‌وانه‌ ده‌شكێته‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خه‌ریكی شۆردنه‌وه‌ی پاره‌ن له‌ عیراق.

ڕاپۆرته‌كه‌ی (نیویۆرك تایمز) به‌قورسی ده‌زانێت خه‌مڵاندنی ته‌واوه‌تی بۆ ئه‌و پاره‌یه‌ بكرێت كه‌ له‌ عیراقدا دزراوه‌، چونكه‌ گرێبه‌سته‌كان به‌ نه‌ختینه‌ ده‌كرێن، بۆیه‌ قورسه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌سته‌به‌ربكرێن و زۆرجاریش ئاماره‌كانی حكومه‌ت باوه‌ڕپێكراونیین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زانیارییه‌كان ده‌ستبه‌ركراوه‌كان ئاماژه‌ به‌ ته‌واوكردنی سه‌روه‌رتی نیشتمانی عیراقی ده‌كه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ و پێیوایه‌، ئه‌مه‌ی له‌ عیراق كراوه‌ له‌ كه‌مێك له‌ وڵاتانی جیهاندا ڕویداوه‌.

ڕاپۆرته‌كه‌ باس له‌ پیاوێكی ده‌وڵه‌تی عیراق ده‌كات كه‌ ئه‌زمونێكی دوورودرێژی هه‌یه‌ له‌ بواری ته‌مویل، و هه‌ڵسه‌نگاندنی نهێنی بۆ ئه‌نجومه‌نی ئه‌تڵه‌نتی (سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكاییه‌) كۆكردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ڕێی گفتووگۆ له‌گه‌ڵ بانكه‌كان و لێكۆڵه‌ره‌كان و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گروپی جیاجیا له‌ وڵاتانی بیانی. ئه‌و پیاوه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاكامه‌ی كه‌ 125 بۆ 150 ملیار دۆلار له‌لایه‌ن عیراقییه‌كانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ بانكه‌كاندا دانراون، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و پارانه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌سته‌به‌ركراون.
هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی تر ئاماژه‌ به‌و پاره‌یه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ده‌گاته‌ 300 ملیار دۆلار و نزیكه‌ی 10 ملیار دۆلاری پاره‌ دزراوه‌كه‌ش ته‌نیا له‌ وه‌به‌رهێنانی خانوبه‌ره‌ له‌ له‌نده‌ن به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌ژمار زیانه‌كان زۆر له‌وه‌ زیاترن كه‌ ته‌نیا له‌ باجی داراییدا بوه‌ستن، به‌ڵكو گه‌یشتوونه‌ته‌ كلتور و كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی كه‌ به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ دووچاری داڕمان هاتوون.

هه‌روه‌ها له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌”یه‌كێك له‌ وه‌زیره‌كانی پێشوو كه‌ ته‌كنیكییه‌ و چه‌ندن ساڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه‌، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به‌ پۆسته‌كه‌ی بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ڤاكسینه‌كانی به‌ گرێبه‌ستێكی 92 ملیۆن دۆلاری كڕیوه‌، بۆیه‌ هه‌ر خۆی شێوازێكی دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌مان ئه‌و ڤاكسینانه‌ی به‌ كه‌متر له‌ 15 ملیۆن دۆلار كڕیوه‌”.

وه‌زیره‌كه‌ وه‌ك (نیویۆرك) تایمز باسی ده‌كات ده‌ڵێت”له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌م هه‌ڵنا، ڕووبه‌ڕووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوومه‌وه‌، هه‌ڵمه‌تێكی دڕندانه‌ له‌دژم به‌رپاكرا، بۆیه‌ ناچاربووم ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌م، دوای ئه‌وه‌ی خۆم و خێزانه‌كه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنمان لێكرا”.

ڕۆژنامه‌ ئه‌مریكاییه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌و سه‌ركرده‌ سیاسییانه‌ی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م كاسبیه‌ نه‌شیاوه‌ ده‌كه‌ن زۆر به‌باشی ناسراون و هه‌ندێكیشیان هاوپه‌یمانی دڵسۆزی ئه‌مریكان.

print

 229 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*